بارانی ئاگرین لەبەردەم پوتندا؛ ڕوسیا چەکێکی نوێ‌و سوتێنه‌ر تاقیده‌كاته‌وه‌

جیهان

40 خولەک پێش ئێستا‌ 2123 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڤلۆدۆمێر پوتن سەرۆکی ڕوسیا، تەماشای نمایشێکی سەربازیی کرد کە تێیدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) بۆ هاویشتنی مادەی سوتێنەر بۆ سەر ئامانجە زەوییەکان بەکارهێنرا، ئەمەش وەک نوێترین نیشاندانی پێشکەوتنی مۆسکۆ لەبەکارهێنانی درۆنەکاندا لەناو جەنگەکاندا.


ئەو دیمانەیەی لەلایەن سەکۆ فەرمییەکانی ڕوسیاوە بڵاوکراونەتەوە، چەند درۆنێک نیشاندەدەن کە بەسەر پێگە دیاریکراوەکاندا دەفڕن پێشئەوەی بڕێکی زۆر لەمادەیەکی داگیرساو بەربدەنەوە کە لەدیمەنەکاندا وەک لافاوێکی ڕژاو لەئاگر بەرەو زەوی دەردەکەوێت.

تائێستاش لەلایەن سەرچاوە سەربەخۆکانەوە سروشتی ئەو مادەیەی بەکارهاتووە یان تایبەتمەندییەکانی ئەو سیستمەی لەنمایشەکەدا دەرکەوتوە، بەڕونی ئاشكرانەکراوە.

درۆنەکان لەئاسمانەوە ئاگر دەبارێنن
به‌گوێره‌ى سەرچاوەکانی ڕوسیا، پوتن چاودێریی ئەو مانۆڕە سەربازییانەی کردوە کە لەناوچەی چیاکانی ئۆراڵ بەپشکداریی هەزاران سەرباز بەڕێوەچوو، چەندین نمایشی بۆ چەک‌و تەکنەلۆژیا سەربازییە نوێیەکان لەخۆگرتبوو.

هێزەکانی چینیش لەم ڕاهێنانە سەربازییانەدا به‌شداربون، لەکاتێکدا سەرۆکی ڕوسیا چاودێریی بەشێک لەکارەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان‌و بەکارهێنانیانی کرد لەپێکان‌و بەئامانجگرتنی پێگە زەوییەکاندا.

دیمەنەکان بەردەوامیی فراوانبون لەڕۆڵە جەنگییەکانی درۆنەکاندا نیشاندەدەن کە چیتر تەنها لەبواری دۆزینەوە، هەواڵگریی یان هەڵگرتنی بۆمب‌و موشەکدا کورت نابنەوە، بەڵکو تاقیکردنەوەی ڕێگەی جیاواز لەدژی پێگە، قەڵاو هێزە زەمینییەکان لەخۆدەگرن.

فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بونەتە پێکهاتەیەکی سەرەکی لەجەنگی نێوان ڕوسیاو ئۆکرانیادا، بەجۆرێک هەردولا چەندینجۆری جیاوازیان گەشەپێداوە کە لەبواری هەواڵگریی، هێرشی دورمەوداو ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆ لەگۆڕەپانەکانی جەنگدا بەکاردێن.

هەروەها ئەم جەنگە پێشتریش بەکارهێنانی درۆنەکانی بەخۆیەوە بینیوە بۆ فڕێدانی مادەو تەقەمەنی سوتێنەر بۆسەر پێگە سەربازییەکان، بۆیە ناتوانرێت خودی بیرۆکەکە وەک پێشینەیەکی تەواو بێپێشینە سەیربکرێت.

ئەم نمایشەش لەکاتێکدادێت کە ڕوسیا بەردەوامە لەگەشەپێدانی تواناکانی لەبواری درۆنەکانداو فراوانکردنی بەرهەمهێنان‌و بەکارهێنانیان، دوای ئەوەی ئەم سیستمانە بونە یەکێک لەدیارترین ئەو ئامرازانەی کە سروشتی جەنگەکانیان لەساڵانی ڕابردودا بەتەواوی گۆڕیوە.