كۆمیتەی نوێنەرایەتیكردنی كورد لە نەتەوە یەكگرتووەكان پێكهێندرا

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 128 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

لەبرۆكسلی پایتەختی بەلجیكا كۆنفرانسێك بۆ نوێنەرایەتیكردنی كورد لە نەتەوە یەكگرتووەكان بەسترا.

لە كۆنفڕانسەكەدا بڕیاردرا بە دەستپێكردنی خەباتی درێژخایەن لە نەتەوە یەكگرتووەكان، ناساندنی كورد وەك نەتەوە، پێدانی پێگەی چاودێر و پێشكەشكردنی ملیۆنان واژۆ بە نەتەوە یەكگرتووەكان.
 
لەئەنجامنامەی ئەو كۆنفرانسەدا هاتووە "داوا كرا كە كورد وەك نەتەوە لە نەتەوە یەكگرتووەكاندا بناسرێت و لە دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكاندا نوێنەرایەتییان وەك چاودێر بێت. دووپاتكرایەوە كە بۆ نوێنەرایەتیی كورد لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەبێت خەباتێكی درێژخایەن بە ڕێوە ببرێت".

هەروەها بڕیاری پێكهێنانی كۆمیتەی نوێنەرایەتیی نەتەوەی كورد لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان درا كە كۆمیتەیەكی سەربەخۆیە و لە نوێنەرانی حیزب، ڕێكخراو و دەزگا كورستانییەكان و كەسایەتییە سەربەخۆكان پێكدێت و لەگەڵ هەموو حیزب، ڕێكخراو و دەزگا كورستانییەكاندا لە ناو هەماهەنگیدا كار دەبێت.

كۆنفرانسەكە لەسەر بانگهێشتی كەنەكە سازكرا، دەڵێن، ئێمە لە چوار بەشی كوردستان و لە دەرەوەی وڵات نوێنەرانی پارت، ڕێكخراو و دامەزراوە كورستانییەكان و كەسایەتییە سەربەخۆكان، لەگەڵ هەندێك لە دۆستەكانی كورد، لە  ٣ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦دا لە وڵاتی بەلجیكا لە شاری برۆكسل كۆبووینەوە و لە ژێر ناوی "كۆنفرانسی نوێنەرایەتیی نەتەوەی كورد لە نەتەوە یەكگرتووەكان" كۆنفرانسێكمان پێكهێنا.