شارپرێس:
هاوكات لەگەڵ تەواوبونی کشانەوەی هێزەکانی
هاوپهیمانى نێودهوڵهتى بهسهرۆكایهتى ئەمریکا، وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا بەفەرمی
چونە دەرەوەی دوایین سەربازی خۆی لەهەرێمی کوردستان ڕاگەیاند؛ ڕۆژنامە فەرمییەکانی
ئەو وڵاتەش ئاشکرایدەکەن، پاشەکشەی هێزە نێودەوڵەتییەکان دوای ئەوە خێرابوو کە بنکە
سەربازییەکانی ڕۆژئاوا لەناوچەکە بونە ئامانجی گروپە چەکدارەکان، بەتایبەت دوای
کوژرانی سەربازێکی فەرەنسی لەهێرشێکی درۆنیدا بۆسەر سەربازگەیەکی نزیک هەولێر کە ئێستا
ترسی دروستبونی بۆشایی ئەمنیو سەرهەڵدانەوەی داعشی لێدەکەوێتەوە.
وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا پێنجشەممەى ڕابردوو،
کشانەوەی دوایین 28 سەربازی خۆی لەعێراق ڕاگەیاندو جەختیکردەوە، هێزەکانیان
"ئەرکەکانی خۆیان" لەهەرێمی کوردستان بەکۆتایی گەیاندوە، ڕونیشیکردەوە،
کشانەوەکە لەسەر داوای حکومەتی عێراق بوە بۆ چونە دەرەوەی تەواوی هێزە بیانییەکان.
ئەم هەنگاوەش دوای ئەوەهات، ئەمریکا کۆتاییهاتنی
ئەرکە سەربازییەکەی لەعێراق لەڕۆژی چوارشەممەى ڕابردوو ڕاگەیاند کە تێیدا بەغدا لەژێر
ناونیشانی "ڕۆژی سەروەریی" ئاهەنگی گێڕاو عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانیش
کشانەوەکەی وەک دەستپێکی "قۆناغێکی نوێ" بۆ وڵات وەسفکرد.
ئەرکێک کە لەساڵی 2015وە دەستیپێکرد
ئەڵمانیا لەساڵی 2015وە بهشداریكرد لەهاوپەیمانی
نێودەوڵەتی دژ بەداعش بەسەرکردایەتیی ئەمریکا، ژمارەی سەربازەکانیشى لەهەندێک قۆناغدا
گەیشتە نزیکەی 500 کەس کە بەسەر هێزەکانی بنکەی هەولێرو ناوەندی لۆجیستی لەئوردندا
دابەش ببون.
تەوەرە سەرەکییەکانی ئەرکی هێزەکانی ئەڵمانیا چڕ
ببوەوە لەسەر پێشکەشکردنی پاڵپشتیی هەواڵگریی لەڕێگەی فڕینە دۆزینەوەییەکانو تێکردنی
سوتەمەنی بۆ فڕۆکە جەنگییەکان لەئاسماندا، لەپاڵ ڕاهێنانو پڕچەککردنی هێزەکانی پێشمەرگە
کە لەشەڕەکانی دژ بەو گروپه تیرۆریستیهدا بەشداربون.
پەرلەمانی ئەڵمانیا لەکانونی دوەمی ڕابردودا ئەرکی
ئەو هێزانەی بۆ ساڵێکی دیكه درێژکردبوەوە کە ئەمە دوەم گەورەترین بڵاوەپێکردنی دەرەکیی
سوپای ئەڵمانیا بوو دوای بهشداریى لەئۆپەراسیۆنی (پارێزەری دەریا)ی سەر بەپەیمانی
باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) لەدەریای ناوەڕاستدا.
ترسی دروستبونی بۆشایی ئەمنی
کۆتاییهاتنی ئەم ئەرکە ترسی لەناو ناوەندە سیاسیىو
سەربازییەکانی ههرێمدا دروستکردوە لەئەگەری دروستبونی بۆشایی ئەمنی، بەتایبەت لەسایەی
بەردەوامبونی جموجۆڵی شانە نوستوهكانى گروپى تیرۆریستى داعشو ترسی ڕوبەڕوبونەوەی
هەرێمی کوردستان بۆ هێرشی نوێ.
لەبەرامبەردا، سیاسهتمهدارانى ئەڵمانیا پێیانوایە،
ئەم کشانەوەیە دواکەوتوەو دەبوو کۆتاییهێنان بەم ئەرکە ماوەیەکی زۆر پێش ئێستا ئەنجامبدرایە،
دوای ئەوەی پێویستیی بەبونی هێزەکانی ئەڵمانیا لەناو عێراقدا کەم ببوەوە.
ڕۆژنامەی (تاتس)ی ئەڵمانی ئاماژەی بەوەداوه، پێگەی
هێزە ڕۆژئاواییەکان لەناوچەکەدا، لەدوای شەڕی سەر ئێرانەوە، بونەتە ئامانجی سەرەکیی
ئەو هێزانەی لایەنگری تارانن، بەتایبەت دوای کوژرانی سەربازێکی فەرەنسی لەهێرشێکی
درۆنیدا کە سەربازگەیەکی نزیک هەولێری پێکا، ئەمەش پاڵنەربوو بۆ کەمکردنەوەی بەرچاوی
بونی هێزە نێودەوڵەتییەکان.
چەک لەدوای کشانەوە
چونە دەرەوەی هێزە بیانییەکان هاوکاتە لەگەڵ سەرلەنوێ
جهختكردنهوهى بەڵێنەکەی زەیدیی بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا، لەچوارچێوەی
پلانێکی حکومەت کە تا کۆتایی حوزەیرانی 2027 درێژدەبێتەوە، بەئامانجی کۆتاییهێنان
بەبونی چەکداریی لەدەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکانو تێکەڵکردنی چهكدارهكان لەناو
دەزگا ئەمنییەکاندا، لەلایەکی دیکەوە، ئەبو حسێن حەمیداوی ئەمینداری گشتیی کەتائیبی
حزبوڵڵا داوای لەچهكدارهكانى گروپهكهى کردوە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ڕابگرن،
تەنها لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو فڕۆکانەدا نەبێت کە وەک فڕۆکەی دوژمنکارو پێشێلکاری
ئاسمانی عێراق وەسفیکردنو کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای وەک سەرکەوتنێک بۆ بهرهى
موقاوهمهى ئیسلامی تەماشا کرد.
لەنێوان ئاهەنگگێڕانی بەغدا بەتەواوبونی کشانەوەکەو
هۆشدارییەکان لەلێکەوتە ئەمنییەکانی، هێزەکانی عێراقو پێشمەرگە دەچنە قۆناغێکی نوێوە
کە تێیدا بەرپرسیارێتی تەواوی ڕوبەڕوبونەوەی هەڕەشەکانو پاراستنی سنورو ئاسمان دەگرنە
ئەستۆ، دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
