شارپرێس:
لەکاتێکدا گۆڕانکارییە سیاسییو سەربازییەکانی سوریا هێشتا لەلوتکەی گرژیدان، كوژرانى كهسێكى باڵاى سهربازیى كه كورده لەناوجەرگەی ئیدلیب، پەردەی لەسەر پاکتاوکردنی ناوخۆیی هێزە جیهادییەکانو گۆڕانی ستراتیژیی ئەحمەد شەرع لادا، بهگوێرهى سەرچاوە هەواڵییەکان، (ئەبو محەمەد ئێرانی)، فەرماندەی باڵای پێشوی دەستەی تەحریری شام (ههتهشه) کە کوردێکی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، لەماڵەکەی خۆیدا لەشارۆچکەی (کەفەر تەخاریم) لەباکوری ئیدلیب بەشێوازێکی تەمومژاوی کوژرا، ئێرانی زیاتر لە 10 ساڵه وەک فەرماندەیەکی کاریگەرو خاوەن پێگەی ئایینی لەڕیزەکانی جۆلانیدا چهكى ههڵگرتوه.
ئەبو محەمەد ئێرانی لەماڵەکەی خۆی لەشارۆچکەی (کەفەر تەخاریم) لەباکوری ئیدلیب کوژرا
گۆڕانی جۆلانی؛ لەجیهادەوە بۆ کورسیی دیمەشق
دوای ڕوخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لەکۆتایی ساڵی 2024، ئەحمەد شەرع خۆی وەک سەرۆکی گواستنەوەی دەسەڵات لەسوریا ڕاگەیاندو بەتەواوی ئاڕاستەی گروپەکەی لەجیهادییەوە بەرەو دامەزراوەییو دیپلۆماسی گۆڕیی، تەنانەت ناوی گروپەکەش لەدامەزراوەکانی دەوڵەتدا توایەوە، ئەم هەنگاوە، ناڕەزایەتییەکی توندی لەناو بەشێک لەجیهادییە ڕادیکاڵو کۆنەکاندا دروستکرد کە دژی هەر جۆرە سازشێک بون لەگەڵ سیستمی نوێی نێودەوڵەتیدا.
ئەبو محەمەد ئێرانی، سەرهڕای ئەوەی کەسایەتییەکی خۆشەویست بوه لەناو چەکدارەکانو دهوروبهریدا، بەڵام بڕیاریدابوو سەربەخۆبێتو نەچێتە ناو ئەو سوپایە نوێیەی کە شهرع لەدیمەشق سازیدەکرد، چاودێرانیش پێیانوایە، كوژرانى ناوبراو لەچوارچێوەی (پاکتاوکردنی بێدەنگ)ی ئەو فەرماندە کۆنانەدایە کە دەکرێت لەداهاتودا ببنە سەرئێشە یان بەربەست لەبەردەم پڕۆژەی نوێی شهرع بۆ ڕازیبونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
کوردە جیهادییەکانی ناو تەحریری شامو بۆشایی گەورە
دوای گەیشتنی بەکورسیی دەسەڵات لەدیمەشق، ئەحمەد شەرع پڕۆسەی پاکتاوکردنو کوشتنی بێدەنگی دژی فەرماندە کوردەکانی دەوروبەری خۆی دەستپێکردوە؛ كوشتنى (ئەبو محەمەد ئێرانی) لەئیدلیب، پەردە لەسەر قۆناغێکی نوێی خوێناوی لادەدات کە تێیدا کوردە جیهادییەکان دەکرێنە قوربانیی ڕێککەوتنە سیاسییەکانی داهاتوی دیمەشقو تاران.
سەرچاوە ئەمنییەکانو ئاژانسەکانی هەواڵ وەک ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەیان پێداوە، ناوبراو پێشتر پۆستی گرنگی لەناو ئەنجومەنی شورای تەحریری شامو دەزگا ئەمنییەکاندا هەبوە، بەڵام لەمساڵانەی دواییدا لەهێزی مەیدانی دورخرابوەوەو وەک (سەرکردەیەکی پێشوو) لەماڵەکەی خۆیدا لەکەنارگیریدا دەژیا.
باس لهوهشدهكرێت، ئەحمەد شەرع بهر لهچونە پێشەوەی بەرەو دیمەشق، سەرجەم ئەو کەتائیبە سەربەخۆ یان بیانییانەی کە پێشتر لەژێر ناوی جیاوازدا شەڕیان دەکرد هەڵوەشاندەوە یان خستنیە ژێر کۆنترۆڵی ڕەهای خۆیەوە، تاوەکو هیچ هێزێکی چەکدار لەدەرەوەی فەرمانی ڕاستەوخۆی خۆیدا، بونیان نەمێنێت.
ئهوهش ئاشكراكراوه، گرنگیی ئەبو محەمەد ئێرانی لەوەدانەبوه کە سوپایەکی لەپشت بێت، بەڵکو مەترسییەکەی بۆسەر دەسەڵاتی نوێی دیمەشق ئەوەبوو کە خاوەنی کاریگەرییەکی فیکرییو ئایینیو پەیوەندیی بەهێز بوو لەنێوان چەکدارە کوردەکانی ڕۆژهەڵاتو گروپە کۆنەکانی دیكهى ئیدلیبدا.
ژمارەی چەکدارو فەرماندە کوردەکان لەناو ڕیزەکانی تەحریری شامدا بەسەدان کەس دەخەمڵێندرێت کە زۆربەیان کوردانی ڕۆژهەڵاتو باشوری کوردستاننو لەساڵانی ڕابردودا بەهۆکاری ئایینی یان دژایەتیکردنی ئێرانو نەیارانی سوریا ڕویان لەئیدلیب کردبوو، ئەبو محەمەد ئێرانی، ئەڵقەیەکی گرنگی پەیوەندیی بوو لەنێوان لایەنە جیهادییەکانی ناوخۆی ئێران، ڕۆژهەڵاتو بەرەی باکوری سوریا.
کوژرانی ئەوكهسه سهربازییه کوردە، پەیامێکی ڕونو توندە بۆ سەرجەم هێزە جیهادییە کوردەکانی ناو سوریا؛ كه لەقۆناغی نوێی دەسەڵاتی دیمەشقدا، چیتر جێگەیەک بۆ بیرکردنەوەی جیهادیی یان بونى سهرئێشه بۆ ئهحمهد شهرع نامێنێتەوە.
ڕێککەوتنی داهاتوو؛ ئێران، سوریاو چارەنوسی کوردە جیهادیهكان
بهگوێرهى وتهى چاودێران، یەکێک لەگرنگترین پاڵنەرەکانی ئەمجۆرە لهناوبردنانه، هەوڵەکانی دەسەڵاتی نوێی سوریایە بۆ ئاساییکردنەوەو باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هێزە ناوچەییەکان، بەتایبەت تاران.
ئهوان دهڵێن، لێکنزیکبونەوەی داهاتوی دیمەشقو تاران، دەبێتە هۆی ئەوەی کە کوردە جیهادییەکانی نەیاری ئێران لەسوریادا ببنە قوربانیی یەکەمی ڕێککەوتنە سیاسییەکان، لەم هاوکێشە نوێیەدا، شهرع ناچارە بۆ سەلماندنی نیازپاکی خۆی، ئەو فەرماندەو چەکدارانە ڕادەستبکات یان لەڕێگەی کوشتنی بێدەنگەوە کۆتایی بەبونیان بهێنێت کە ئەمەش وادەکات کوردە جیهادییەکانی سوریا هیچ دەربازبونو چارەیەکی دیكهیان لەبەردەمدا نەمێنێت.
چاودێران بۆچونیان وایه، كوژرانى ئەبو محەمەد ئێرانی لەئیدلیب، نیشانەی دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێیه کە تێیدا هاوپەیمانە کۆنەکانی شەڕ، دەبنە قوربانیی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی دەسەڵاتی نوێی ئهحمهد شهرعو دیمەشق.
گۆڕانی دەسەڵاتی سوریاو پڕۆسەی پاکتاوکردنی چەکدارە کوردەکان
لەلایەکی دیکەوە، گۆڕانکارییە خێراکانی سوریاو چونە پێشەوەی ئەحمەد شەرع بەرەو دەسەڵاتی دیمەشق، قۆناغێکی خوێناوی دژ بەهاوپەیمانە دێرینەکانی خۆی هێناوەتە ئاراوە. شهرع بۆ ڕازیکردنی هێزە ناوچەییەکان (بەتایبەت تاران)و چەسپاندنی پێگەی دیپلۆماسیی خۆی، پڕۆسەی کوشتنو پاکتاوکردنی بێدەنگی دژ بەسەدان چەکدارو فەرماندەی کوردی نێو ڕیزەکانی (وەک کەتائیبی بازەکانی کوردو گروپی ئەنسارولئیسلام) دەستپێکردوە؛ کە دوایین نمونەیان كوژرانى (ئەبو محەمەد ئێرانی) بوو لەئیدلیب، ئەم هەنگاوانە نیشانیدەدەن چەکدارە کوردەکانی ڕۆژهەڵاتو باشور لەناو هاوکێشە ڕامیارییە نوێیەکانی سوریادا هیچ چارەنوسێکی دیكهیان لەبەردەمدا نەماوەو دهبنه قوربانیی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتی نوێ.
