تەڤدەم لەبارەی ڕەوشی حەسەكە هۆشداری دەدات

کوردستان

33 خولەک پێش ئێستا‌ 228 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

تەڤگەری جڤاكی دیموكراتیك تەڤدەم لە ڕاگەیەندراوێك لەبارەی ڕەوشی حەسەكە و خۆپیشاندانەكان ڕایگەیاند، "خۆپیشاندانەكە تەنها بە كۆمەڵەیەكی دیاریكراوەوە سنووردار بوو كە ئەم كۆمەڵەیە ڕەگەزپەرستی لە دژی گەلی كورد و پێكهاتەكانی دیكە بەهێز دەكات. لە خۆپیشاندانەكەدا دروشم و هەڵوێستگەلێك هەبوون كە هێرشیان دەكردە سەر هێما و ئاڵا نەتەوەییەكانی كورد، و وتارێك بوو كە خزمەتی بە دوژمنانی سوریا دەكرد و فیتنەی دەوروژاند".

تەڤدەم لە ڕاگەیەندراوەكەیدا هۆشداری لەبارەی ڕەوشی حەسەكە دەدات و دەڵێت، "ئەوەی ڕوویدا نابێت وەك دەربڕینی داواكارییەكانی گەلی عەرەب بخرێتەڕوو، بەڵكو لە هەندێك ڕووەوە وتارێكی تێدابوو كە لە دژی مافە نەتەوەیی و سیاسییە ڕەواكانی گەلی كورد بوو".

 هەروەها داواشی لە بەرپرسان كرد لێكۆڵینەوەی ورد و بەرپرسانە بكەن ‌و لێپرسینەوە لەو كەسانە بكەن كە ڕق و كینە دەوروژێنن و ڕێگری لەوە بكەن پارێزگای حەسەكە ببێتە گۆڕەپانی پێكدادان.

تەڤدەم بانگەوازی ئاڕاستەی كورد، عەرەب، سریانی، ئاشوری و هەموو پێكهاتەكانی دیكەی ناوچەكە كرد نەكەونە ژێر كاریگەریی وتارەكانی ڕق و كینە و پابەندی گفتوگۆ و ژیانی هاوبەش بن.