زەنگی سور لەئاسمانی عێراق؛ کشانەوەی هاوپەیمانان سەکۆی فڕۆکەکانی F-16 دەخاتە بەردەم مەترسیی پەککەوتنی گشتیی

عیراق

48 خولەک پێش ئێستا‌ 2188 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەدوای کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەعێراق، وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکە بەفەرمی ڕایگەیاند، کۆمەڵە فڕۆکەی جەنگیی F-16 بەتەواوی کەوتونەتە ژێر سەرپەرشتی، چاککردنەوەو خستنەگەڕی کارمەندانی پسپۆڕی ناوخۆیی، ئەم هەنگاوە لەکاتێکدایە کە کۆمەڵێک گرێبەستی ملیۆن دۆلاریی ئەمریکی بۆ دابینکردنی پارچەی یەدەگ‌و پشتیوانیی تەکنیکی هێشتا بەردەوامییان هەیە، ئەمەش پرسیاری قورس لەسەر ئاستی سەربەخۆیی ڕاستەقینەی هێزی ئاسمانیی عێراق لەقۆناغی داهاتودا دروستدەکات.


عێراق لەئێستادا خاوەنی 34 فڕۆکەی جەنگیی جۆری F-16IQ پەرەپێدراوە لەکۆی 36 فڕۆکە کە پێشتر گرێبەستی لەسەر واژۆکردبوو لەگەڵ ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکادا، لەبنکەی ئاسمانیی (شەهید عەمید عەلی فەلیح) له‌بەلەد لەپارێزگای سەڵاحەدین جێگیرکراون.

لیوا یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ڕایگەیاند، ستافە پسپۆڕەکانی عێراق لەساڵی 2025وە تەواوی پڕۆسەکانی چاککردنەوە، دابینکردنی سوتەمەنی‌و ڕاهێنانی فڕۆکەوانەکانیان بەشێوازێکی سەربەخۆ گرتوەتە ئەستۆو لەدوای کشانەوەی هاوپەیمانانیش، هیچ کارمەندێکی بیانی لەناو بنکەکەدا کۆنترۆڵی فڕۆکەکان ناکات.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌، لیوا تەحسین خەفاجی جێگری سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی دوپاتیکردەوە، ئەندازیاران‌و فڕۆکەوانانی عێراقی خولی پێشکەوتویان لەناوخۆو دەرەوەی وڵات بینیوەو ئێستا خۆیان بونەتە مامۆستاو ڕاهێنەر بۆ پێگەیاندنی نەوەی نوێی فڕۆکەوانان.

سەرمەد بەیاتی شارەزای ئەمنی ئاماژە بەوەدەکات، کێشەی سەرەکی لەتوانای فۆڕمی تەکنیککارە عێراقییەکاندا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە پارچەو کەرەستە سەرەکییەکانی فڕۆکەکە تەنها لەلایەن کۆمپانیای دایکی بەرهەمهێنەر "لۆکهید مارتن" دابیندەکرێن‌و بەبێ بەردەوامیی په‌یوەندیی بەکۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە، ئۆپەراسیۆنەکان پەکدەکەون.

واشنتۆن‌و بەغدا چەندین گرێبەستی قورسیان واژۆکردوە؛ لەوانەش گرێبەستێکی 118 ملیۆن دۆلاری بۆ پشتیوانی فڕۆکەکان کە تا کۆتایی تشرینی دوەمی 2026 بەردەوامدەبێت، لەپاڵ گرێبەستێکی 252 ملیۆن دۆلاری لەگەڵ کۆمپانیای ڤێکتڕەس بۆ بەڕێوەبردنی بنکەی بەلەد.

لەساڵی 2020دا دوای توندبونی هێرشە موشەکییەکانی گروپە چەکدارەکان بۆسەر بنکەی بەلەد، تەکنیککارە ئەمریکییەکان بەتەواوی کشانەوە کە ئەمەش به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتی گۆڤاری "فۆربس" بوە هۆی پەککەوتنی گەورەو سڕبونی بەشێکی زۆری فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق بەهۆی نەبونی چاککردنەوەی پێویست.

هاوكات ئەحمەد شەریفی شارەزای ستراتیژی پێیوایە، ئەم بەرنامەیە نەخراوەتە ژێر نەخشەسازییەکی هەمەلایەنەوە کە بخرێتە خزمەت بەرگریی نیشتمانی‌و جەختدەکاتەوە کە سروشتی په‌یوەندیی سیاسیى‌و ئەمنیی نێوان بەغداو واشنتۆن لەداهاتودا، ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر توانای فڕینی ئەم فڕۆکانە لەئاسمانی وڵاتدا دەبێت.