بەهۆی نەبوونی رێگاوە بازرگانی لەنێوان هەولێر و سلێمانی خەریكە پەكیدەكەوێت

کوردستان

15/05/2024‌ 646 جار خوێندراوه‌ته‌وه




 بەهۆی نەبوونی رێگای هاتووچۆ و رێوشوێنی بازگەكانەوە بازرگانی لەنێوان هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی پەكیكەوتووە و دەسەڵاتی دوو زۆنەكە هاتووچۆیان نزیككردووەتەوە لە وەرگرتنی ڤیزا.

شۆفێرانی بارهەڵگر دەڵێن تەنها رێگای كەركوك ماوە بۆ گەیشتن بە هەولێر و ئەویش 50 هەزار دیناریان لە دوو شوێن لێ وەردەگرن.

شۆفێران دەڵێن بازگەی نێوان كەركوك و هەولێر لە كاتژمێر دوازدەی شەو تا حەوتی بەیانی دادەخرێت، پێویستە سێ بۆ چوار كاتژمێر چاوەڕێ بكەن، سەرەڕای پشكنین و دواخستنی زۆر و لێسەندنی سەرانە لێیان، كە پسوڵەكان هیچی فەڕمییان پێوە نییە و بەناوی كۆمپانیا وەك سەرانە لێیان وەردەگیرێت.

شۆفێرانی بارهەڵگر دەڵێن رێگاكانی نێوان هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی لەلایەن گوندنشین و خەڵكی سنوورەكانەوە داخراون بەهۆی خراپی رێگاوبانەكان و زۆربوونی رووداوەكانی هاتوچۆوە، كە خۆی لە راستیدا ئەو رێگایانە بەهۆی خراپبوونیانەوە كەڵكی هاتووچۆیان نەماوە بۆیە دادەخرێن.

 ئەمڕۆ چوارشەممە رێگای سكتان بەرووی هاتووچۆی بارهەڵگرەكاندا داخرا، ئەمە دواین رێگای هاتووچۆ بوو بەڕووی شۆفێرانی بارهەڵگردا لەنێوان هەولێر و سلێمانیدا.

 هاوكات ئەمڕۆ شۆفێران رێگای تاسڵوجەیان لە سلێمانی داخست، داوایان لە یەكێتی و پارتی كرد كە دەڵێن یەك حكومەت هەیە ئەم رێوشوێنانە لەبەرامبەر هاتووچۆی بازرگانی دوو شارەكەدا رابگرن، چونكە وەك دوو حكومەت مامەڵە دەكەن و هەرلایە و پارەی خۆی لە شۆفێران دەستێنێت.

لە هەرێمی كوردستان نەتوانراوە رێگایەكی هاوشێوەی رێگا نێودەوڵەتییەكان لەنێوان شارە گەورەكاندا بەتایبەت لەنێوان هەولێر و سلێمانیدا دروستبكرێت، ئەوەش گرفتی هاتووچۆ و رووداوی زۆری دروستكردووە كە وەك رێگا لاوەكییەكان بوونە رێگای مەرگ.

زۆری ژمارەی بازگەكان لەنێوان شارو شارۆچكە و ناوچەكانی كوردستان بەتەواوی هاووڵاتیان و شۆفێرانی هەراسانكردووە، دەگوترێت لەوڵاتە گەورەكان تەنها دەروازەی سنوری و ئاسمانی و دەریایی هەن، بەڵام سەدان بازگە لە كوردستان ئاستەنگی هاتوچۆ دروستدەكەن.