ئێران هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی ڕەئیسی ئاشکراکرد

جیهان

20/05/2024‌ 3183 جار خوێندراوه‌ته‌وه



 ئاژانسی هەواڵی ئێران ڕۆژی دووشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە هۆکاری کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران و ئەوانەی لەگەڵی بوون، بەهۆی درووستبوونی کێشەیەکی تەکنیکی کتوپڕ بووە.

 ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەکردووە: "سەرۆکی ئێران ڕۆژی یەکشەممە (19ی ئایاری 2024) بەهۆی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکەوە بەهۆی کەموکوڕییەکی تەکنیکیەوە گیانی لەدەستداوە".

 جگە لە ڕەئیسی، هەلیکۆپتەرەکە حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەو  گوتاربێژی نوێژی هەینی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات محەمەد عەلی ئەلهاشم و پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، مالیک ڕەحمەتی و چەند کەسێکی دیکەی هەڵگرتبوو.

 ئۆپەراسیۆنی گەڕان بۆ گەیشتن بە هەلیکۆپتەرەکەی سەرۆک کۆمار نزیکەی ١٦ کاتژمێری خایاند، بە بەشداری تیمەکانی فریاگوزاری و سوپای پاسداران و پۆلیس.

 سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند کە ڕەئیسی و عەبدوڵڵاهیان و بەرپرسانی دیکە لە کاتی گەڕانەوەیان لە ناوچەی “خودا ئافەرین” لەسەر سنووری هاوبەش لەگەڵ ئازەربایجان بەرەو شاری تەورێز گیانیان لەدەستداوە.

بەپەلە