10 ساڵه‌ 148 عێراقى كه‌ ئه‌فسه‌ریشیان تێدایه‌ له‌لایه‌ن سعودیه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراون

عیراق

45 خولەک پێش ئێستا‌ 2098 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێكى په‌رله‌مانى عێراق زانیاریی هەستیار ئاشکرادەکات‌و ڕایدەگەیەنێت، داواکاریی بەپەلەی پەرلەمانی هەیە بۆ دەستوەردانی سەرۆک وەزیران بەمەبەستی یەکلاکردنەوەی دۆسیەی 148 هاوڵاتی‌و ئەفسەری عێراقی کە ماوەی 10 ساڵە بەتۆمەتی هەڵبەستراو لەزیندانەکانی سعودیەدا دەستبەسەرکراون؛ زانیاریش لەسەر هەوڵێکی لایەنی سعودی ده‌خاته‌ڕوو کە دەیەوێت ئەو عێراقییە بێتاوانانە لەگەڵ تیرۆریستانی تێوەگلاو لەڕشتنی خوێنی عێراقییەکاندا ئاڵوگۆڕ پێبکات.


مقداد خەفاجی، ئەندامی په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێكى ڕۆژنامه‌وانیدا وردەکاریی دۆسیەکەو ئەو پێشێلکارییانەی ڕوبەڕوی هاوڵاتیانی عێراقی بونەتەوە لەناوخاکی سعودیەدا ڕونکردەوەو ده‌ڵێت، 148 دەستبەسەرکراوی عێراقی هەن کە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج یان عومرە چوبون‌و دەستگیرکراون‌و خراونەتە زیندانەکانی سعودیەوە، ئەفسەرێکی عێراقیش لەنێو ئەو دەستبەسەرکراوانەدایە.

ڕونیشیکردەوە، سەرجەم ئەو دەستبەسەرکراوانە بەتۆمەتی هەڵبەستراو دەستگیرکراون، هۆکارەکانی دەستگیرکردنەکەش بریتیبون لەبونی وێنە لەناو مۆبایلەکانیاندا، یان بەهۆی په‌یوه‌ندییان به‌دەستەی حەشدی شەعبی، یاخود لەئەنجامی ئه‌ندامبونیان له‌هێزە ئەمنییەکان.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکردوه‌، ئەم دەستبەسەرکراوانە ساڵانێکی درێژە لەدەستبەسەریدان، ته‌نانه‌ت هەندێکیان زیاتر لە10 ساڵە لەناو زیندانەکانی سعودیەدان بەبێئەوەی کێشەکانیان یەکلابکرێتەوە.

خەفاجی زانیاریی زیاتری خستەڕوو کە داواکاریی بەردەوام هەیە ئاڕاستەی سەرۆک وەزیران کراوە بۆ دەستوەردانی ڕاستەوخۆ لەم بابەتەو یەکلاکردنەوەی، جەختیشیکردەوە، حکومەتی سعودیە هەوڵدەدات ئەم زیندانیانە بگۆڕێتەوە بەو زیندانیانە تیرۆریستەی کە لەساڵی 2003وە تەقینەوەیان ئەنجامداوەو سەدان هەزار عێراقییان کوشتوە.