بڕیارێكى به‌په‌له‌ له‌باره‌ى ژماره‌ى كورسیه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ ده‌درێت

کوردستان

21/05/2024‌ 4669 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنی عێراق بڕیاریدا پێنج کورسیی پەرلەمانی کوردستان بۆ پێکهاتەکان تەرخان بکرێت، به‌گوێره‌ى بڕیاره‌كه‌ش كورسیه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ 100 كورسیه‌وه‌ ده‌بێته‌ 95 كورسى‌و پێنجه‌كه‌ى دیكه‌ش بۆ پێكهاته‌كان ده‌بێت.


لەچوارچێوەی 100 کورسیی پەرلەمانی کوردستان، پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان تەرخاندەکرێن، بەمشێوەیە: لەهەولێر دوو، سلێمانی دوو و لەدهۆکیش یەک کورسی.

دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان کە سەر بەئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراقە؛ لەوەڵامی ژمارەیەک سکاڵای پێشکەشکراو لەلایەن پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بڕیاریدا لەچوارچێوەی 100 کورسیی پەرلەمانی کوردستان، پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان تەرخانبکرێن، واتا 95 کورسی گشتیی دەبن، پێنج کورسییەکەی دیکەش تایبەتدەبن بەپێکهاتەکان.

بەگوێرەی دەقی بڕیارەکە کە دوێنێ دوشەممە، 20-05-2024 دەرچوە؛ پێنج کورسییەکەی پێکهاتەکان بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا دابەشدەکرێن:

1.  هەولێر: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان‌و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان).

2.  سلێمانی: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان‌و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان).

3.  دهۆک: یەک کورسی بۆ ئەرمەنەکان

پێشتریش دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدابوو ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ 100 کورسی کەمبکاتەوە، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیش، بەبشتبەستن بەو بڕیارە کورسییەکانی بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کورستاندا دابەشکردبوو: هەولێر، 34 کورسی، سلێمانی 38، دهۆک 25 و هەڵەبجەش سێ کورسی.

ئەمڕۆ سێشەممە جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، دوای بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان، جارێکی دیکە ئەنجومەنی کۆمیسیاران کۆدەبێتەوە بەمەبەستی ڕێکخستنەوەی دابەشکردنی 95 کورسییەکەی دیکەی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکانی هەرێمدا، دوای ئەوەی پێنج کورسی لەچوارچێوەی 100 کورسییەکە بۆ پێکهاتەکان تەرخانکران.

لەلایەکی دیکەوە بڕیاروایه‌ ئەمڕۆ سێشەممە یەکەم دانیشتنی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ تاووتوێکردنی سکاڵایەکی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەبارەی دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان‌و نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان بەڕێوەدەچێت.