شارپرێس:
مەدحەت سانجار، ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی دوایین زانیاریی لەسەر دیدارەکەیان لە ١٣ـی ئەیلوول لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان خستەڕوو.
سانجار بەئاژانسی وڵاتی وت، لە مانگی تشرینی یەکەم قۆناغێکی ئێجگار هەستیارە بۆ داهاتووی پرۆسەی سیاسی و یاسایی، چونکە ئۆجالان ڕوانگەی خۆی لەسەر هەنگاوە کردارییەکان و شێوازی کارکردنی لیژنەکان بە ڕوونی دیاری کردووە و داوای کردووە پرۆسەکە بەرەو پێش ببرێت و گەرەنتی یاسایی هەبێت.
سانجار دەشڵێت، لەو دیدارەدا کە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولدا ئەنجامدرا، ئۆجالان هەڵسەنگاندنی وردی بۆ قۆناغی دوای پەسندکردنی یاسای چوارچێوە لە پەرلەماندا کردووە، دەرچوونی یاساکەی وەک هەنگاوێکی سەرەتایی و گرنگ سەیر کردووە کە ڕێگا لەبەردەم پرۆسەی ئاشتیدا دەکاتەوە.
ئۆجالان لەدیدارەکەیدا باسی لەوەکردووە، بەرپرسیارێتی سەرەک لە دوای یاساکەوە دەست پێدەکات و پێویستە هەنگاوی کرداریی هاوبەش بۆ چالاککردنی دەستەکان بنرێت.
هەروەها ئۆجالان ئاماژەی بەوەشکردووە، پێداگری لەسەر ئەوە دەکات، کە نابێت ئەم دەستانە تەنیا وەک پێکهاتەیەکی فۆرمالیستە و ڕوواڵەتی بمێننەوە، بەڵکو دەبێت ببێە خاوەن میکانیزمێکی کاریگەر و بەرهەمهێن کە بتوانێت گۆڕانکاریی ڕاستەقینە دروست بکات. هەروەها وەڵامی ئاشتی لە دانانی چەکدایە و وەڵامی بەسیاسیبوونیش پێویستی بە سیاسەت و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی هەیە کە بەندە لەسەر گەرەنتی یاسایی."