شارپرێس:
مەسعود بارزانی دیداری ئەمساڵی مێری بە
هۆکاری دروستبونی دوبەرەکی لەنێوان لایەنەکانی کوردستان تۆمەتبار دەکات و رەخنە
لەشێوازی بەڕێوەبردنی دیدارەکە لەئەمساڵدا دەگرێت.
بارەگای بارزانی لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی
بەوەکرد،" لەبارەی بەڕێوەچونی دیداری میری 2026 لە شاری
هەولێر، جێگەی داخە کە ئەم کۆڕبەندە ئەمساڵ نەیتوانیوە بە شایستەیی لە بانگهێشتکردنی
میوانان و پەنێڵەکانیدا ڕەچاوی فرەلایەنیی سیاسی و بەشداریی لایەنە سیاسییەکانی بەشەکانی
تری کوردستان بکات ".
بارەگای بارزانی دەشڵێت،" لە دیدارێکی ئاوا گرنگدا، پێویست بوو نوێنەرایەتیی
دۆزی گەلی کورد لە بەشەکانی تری کوردستان بە بەشداریی سەرجەم لایەنەکان ڕەنگ بداتەوە
".
بارەگای بارزانی باسی لەوەشکرد،" ئەم جۆرە مامەڵەکردنە نیگەرانیی خەڵکی
تێکۆشەر و ڕەسەنی بەشەکانی تری کوردستانی لێکەوتووەتەوە و دەبێتە هۆی قووڵكردنی پەرتەوازەیی
و دووبەرەکیی نێوان ڕۆڵەکانی گەلی کوردستان. هەموو لایەکیش ئاگادار دەکەینەوە کە (میری)
هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە ".