شارپرێس:
سەردار عەزیز نوسەرو چاودێری سیاسیی، هاوشان
لەگەڵ ڕاپۆرتێکی شیکاریی ئاژانسی ڕۆیتەرز، پەردەیان لەسەر جۆرێکی نوێ لە"دیپلۆماسیی
کاسبیکردن" لادا کە تێیدا تۆم باراک نێردراوی تایبەتی ئەمریکا، پێگەو دەسەڵاتی
فەرمیی خۆی لەئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا بۆ بەرژەوەندیی بازرگانی بەکاردێنێت، زانیارییەکان
پیشانیدەدەن کە باراک لەپڕۆژەی ستراتیژیی کاراکردنەوەی بۆریی نەوتی (کەرکوک ـ بانیاس)
هاوبەشەو لەپشت پەردەشەوە فشاری قورسی خستوەتە سەر بەرپرسانی عێراقو سوریا.
دۆسیەی دوبارە کاراکردنەوەی بۆریی نەوتی (کەرکوک
ـ بانیاس)، لەدوای توندبونی ئابڵۆقە دەریاییەکان لەسەر گەروی هورمز لەلایەن ئێرانەوە،
گرنگییەکی یەکجار گەورەی بۆ عێراق پەیداکردوە؛ بەڵام تێوەگلانی بەرپرسانی ئەمریکی
لەم پڕۆژە 15 ملیار دۆلارییەدا، بوەتە جێی گومانی توندی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان.
هۆتێلی ئەلییەی ئەستەمبوڵو مەلەفی بۆریی نەوتی
کەرکوک ـ بانیاس
سەردار عەزیز ئاشکرایدەکات، تۆم باراک دیپلۆماسی
وەک کەرهستەیەکی بازرگانیی دەبینێت؛ وێنەیەکی بڵاوبوەوەی ناوبراو لەگەڵ فوئاد حسێن
وەزیری دەرەوەی عێراق لەهۆتێلێکی زۆر ناوازه لەشاری ئەستەمبوڵ بەناوی (ئەلییە - Aliye) گیراوە، خاوەنی ئەم هۆتێلە بازرگانی ناسراو
(فەتاح تامینجی)یەو میدیای فەرمیی تورکیاش جەختدەکاتەوە، تۆم باراک خۆی تێیدا شەریکەو
ئەو شوێنە بەکاردههێنێت بۆ بینینی کەسایەتییە سیاسییەکان، بەتایبەت لایەنە سورییەکان
بۆ ڕێکخستنی گرێبەستەکان.
یاداشتنامەی تەمموزو فشارەکانی باراک لەگەرمەی
جەنگی ئێراندا
حکومەتی عێراقو سوریا لەتەمموزی ڕابردودا یاداشتنامەیەکی
لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ هاوپەیمانێتییەک واژۆکرد کە کۆمپانیاکانی (تی ئای کەپیتاڵ ـ TI Capital)، کۆمپانیای ئەمریکی (شێڤرۆن)و کۆمپانیای قەتەری
(یو سی سی هۆڵدینگ) لەخۆدەگرێت بەمەبەستی ئەنجامدانی توێژینەوەی تەکنیکی بۆ نۆژەنکردنەوەی
بۆرییەکە.
دوو سەرچاوەی ئاگادار بەڕۆیتەرزیان وتوه،
"تۆم باراک، ڕێک دوای دەستپێکردنی جەنگ لەئێراندا، لەکۆبونەوەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی
باڵای عێراقو سوریا، گوشاری توندی خستوەتەسەر هەردوو دەوڵەت تاوەکو (کۆمپانیای غەندور)
بەزۆر بخەنە ناو پڕۆژەکەوە، دواتر لە16ی حوزەیراندا، باراکو سەرۆک وەزیرانی عێراق
لەڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا پشتیوانیی خۆیان بۆ بەشداریی (تی ئای کەپیتاڵ) دوپاتکردەوە،
بەبێئەوەی ناوی شێڤرۆن یان کۆمپانیا قەتەرییەکە بهێنن.
ئاشکراکردنی داراییو پشکی 20٪ لەقازانجەکان
بهگوێرهى بەڵگەنامە فەرمییەکانی
ئاشکراکردنی دارایی باراک لەئاداری 2025دا، ناوبراو خاوەنی بەشێکی کۆمپانیای گەورەی
وەبەرهێنانی نیشتەجێبونە لەنزیک سانفرانسیسکۆ کە لەلایەن (تی ئای کەپیتاڵ) خۆیەوە
بەڕێوەدەبرێت، باراک بهگوێرهى یاسا مافی هەیە تا 20٪ی تەواوی قازانجی کۆمپانیاکە
بۆ خۆی ببات کاتێک داهاتەکە دەگاتە ئاستێکی دیاریکراو، ئەمەش بونی بەرژەوەندیی ڕاستەوخۆی
لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە دەسەلمێنێت کە گرێبەستی کەرکوکیان پێدراوە.
ڕەخنەی بەرپرسانی کۆشکی سپیو هەڵوێستی وەزارەتی
دەرەوە
ڕیچارد پەینتەر بەرپرسی پێشوی ئاکاری پیشەیی
لەکۆشکی سپی بۆ ڕۆیتەرز وتویهتى، "پەیوەندیی بازرگانیی کتوپڕی باراک بەکۆمپانیای
غەندورەوە کێشەیەکی ئەخلاقیی یەکجار قورس دروستدەکات، تەنانەت ئەگەر قازانجی ڕاستەوخۆش
لەبۆرییەکە وەرنەگرێت".
هاوكات دۆن فۆکس بەرپرسی پێشوی نوسینگەی
ئاکاری پیشەیی حکومەتی ئەمریکا جەختیکردوهتهوه، پشتیوانیی توندی باراک لەکۆمپانیایەکی
تایبەت، پرسیاری یاسایی دروستدەکات لەسەر بەکارهێنانی پۆستی فەرمی بۆ قازانجی کەسانی
نزیکی.
ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژە بەوەدەکات، هیچ بەڵگەیەکی
فەرمی یان نوسراوێكى نەدۆزیوەتەوە کە بیسەلمێنێت باراک پارەی لەبۆرییەکە وەرگرتوە،
و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش جەختیکردوەتەوە، باراک هیچ پەیوەندییەکی دارایی بەپڕۆژەکەوە
نییەو پابەندی ڕێساکانی ئەخلاقی بوە.
بۆریی (کەرکوک ـ بانیاس) کە لەساڵی 2003وە بەتەواوی
پەکخراوە، بهگوێرهى ڕاپۆرتەکانی پێشوی ڕۆیتەرز، جێبەجێکردنی نۆژەنکردنەوەکەی لانیکەم
پێویستی بەچوارساڵ کارکردنو دابینکردنی بودجەی 15 ملیار دۆلار هەیە تا وەک ڕێڕهوێكى
جێگرەوەی هورمز بەکاربهێنرێت.