ئه‌و بڕنه‌وه‌ى تاڵه‌بانى له‌پارتى داواده‌كات چییه‌؟ دیارییەکەی بارزانی ده‌بێته‌ کلیلی پێکهێنانی حکومەت؟

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4420 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی له‌دیدارى مێری له‌شارى هه‌ولێر، وەرچەرخانێکی کتوپڕی لەگوتاری سیاسیی حزبەکەیدا نیشانداو دەستی برایەتی‌و هاوئاهەنگیی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاکێشا، تاڵەبانی هۆشداریی توندیدایە پارتی سەبارەت بەگۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکەو جەختیکردەوە، ئەم بارودۆخە تا سەر وەک خۆی نامێنێتەوە، بۆیە پێویستە هەرچی زوە بەرەو ڕێککەوتن بێنە پێشەوە تا پێکەوە هێزێکی کاریگەرتر لەبەغداو ناوچەکەدا دروستبکەن.

 

وتارە نوێیەکەی بافڵ تاڵەبانی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بوو لەو پەیامە توندانەی کە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا دەبیستران‌و هاوکات بەتەواوی پێچەوانەی گوتاری سیاسیی هاوپەیمانەکەی (جوڵانەوەی نەوەی نوێ) بوو؛ چونکە نەوەی نوێ بەردەوام ڕایدەگەیەنێت کە دەتوانن بەبێ بەشداریی پارتی کتوپڕ حکومەت پێکبهێنن، بەڵام تاڵەبانی بەئاشکرا وتى، "ئێمە بەبێ پارتی نە دەتوانین و نە دەمانەوێت حکومەتی هەرێم پێکبهێنین".

تاڵەبانی لەناو دیدارەکەدا بەشێوازێکی جیاواز ڕوی دەربڕینی کردە بەشێک لەسەرکردەکانی پارتی‌و بەهاوڕێ، دۆست‌و کەسی نزیکی خۆیی‌و سەرکردەکانی یەکێتیی ناوی بردن، چاودێرانی سیاسیش ئاماژە بەوەدەکەن، ئەم دەستەواژانە نیشانەیەکی ڕونن بۆ ئەوەی کە یەکێتیی‌و خودی بافڵ تاڵەبانی لەبەشێک لەسەرکردەو بڕیاربەدەستەکانی نێو پارتی بێهیوابون لەسەر ئاستی لیژنەکان، بۆیە دەیەوێت پرۆسەی گفتوگۆکان ڕاستەوخۆ بەرەو لوتکەی دەسەڵات ببات.

سەرڕای ئەوەی ماوەی دوو ساڵی تەواوە پڕۆسەی هەڵبژاردن ئەنجامدراوەو تائێستا نە پەرلەمان کاراکراوەتەوەو نە کابینەی نوێی حکومەتیش پێکهاتوە، بەڵام دانی پێدانانەکەی تاڵەبانی بەوەی بەبێ پارتی حکومەت دروستنابێت، نیشانەی پرسیارێکی گەورەی لای هاوڵاتیان دروستکردوە؛ کە ئەگەر هەردوو جەمسەرە سەرەکەییەکە لەم ڕاستییە تێدەگەن، بۆچی ماوەی دوو ساڵی تەواوە ئەم چەقبەستویی‌و قەیرانە قورسە سیاسیی‌و کارگێڕییەیان بەهۆی کێشمەکێشی پۆست، کورسی‌و وەزارەتەکانەوە بەسەر هێزی دارایی‌و بژێویی هەرێمی کوردستاندا سەپاندوە؟.

لەکۆتایی قسەکانیدا، وتەیەکی تاڵەبانی سەرنجی تەواوی ئامادەبوان‌و بینەرانی ڕاکێشا کاتێک بەکۆدێک ڕایگەیاند، "بڕنەوەکەشم دەوێت!"، باسکردنی چەکی بڕنەو لەگەرمەی پرسی ڕێککەوتنی سیاسیدا، واتایەکی تایبەتی لەپشتەوەیە؛ به‌گوێره‌ى ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس کەوتون، پێشتر مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی‌و بافڵ تاڵه‌بانى سه‌رۆكى یه‌كێتیى‌و نێچیرڤان بارزانى جێگرى سه‌رۆكى پارتى له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا بونه‌و بارزانى باوك، پرسیارى چه‌كى له‌بافڵ تاڵه‌بانى كردوه‌ ئاخۆ نێوانى له‌گه‌ڵ چه‌كدا هه‌روه‌ك خۆى ماوه‌و له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ بەڵێنیدابوو، وەک دیارییەک چەکێکی بڕنەو پێشکەش بەتاڵەبانی بکات.

تاڵەبانی بەهێنانەوەی ناوی ئەم دیارییە لەسەر ستەیجی مێری، وەک دەستپێشخەرییەک بۆ پاکی‌و خاوێنیی دڵیان بەرامبەر پارتی هێنایە زمان‌و وتی، "دڵی ئێمە پاکەو هیچی تێدانییە"، ئەم په‌یامه‌ ڕونیدەکاتەوە کە سەرۆکی یەکێتیی دەخوازێت بەتێپەڕاندنی لیژنە کۆنەکان‌و شاندە دانوستانکارە ئاساییەکان، ڕاستەوخۆ لەسەر ئاستی باڵاو لوتکەی بڕیار لەگەڵ مەسعود بارزانیدا بچێتە ناو گفتوگۆی یەکلاکەرەوەی پێکهێنانی حکومەتەوە.