بەڕەزامەندیی ئیسرائیل كۆمپانیایه‌كى ئه‌مریكى ده‌چێته‌ غه‌زه‌ بۆ لەناوبردنی چەکەکانی حەماس

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2170 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئیسرائیل ڕەزامەندیی نیشاندا لەسەر چونەناوه‌وه‌ی کۆمپانیایەکی ئەمریکی بۆ ناو کەرتی غەزە لەچەند ڕۆژی داهاتودا کە بەنوێنەرایەتیی "ئەنجومەنی ئاشتی" کاردەکات؛ ئەمەش بەمەبەستی دەستپێکردنی گەڕان‌و کێشانی نەخشەی ئەو شوێنانەی پێشنیازکراون بۆ ئەوەی بزوتنەوەی حەماس چەکەکانی تێدا ڕادەستبکات تا لەناوببرێن، وەک ئەوەی دەستەی پەخشی فەرمیی ئیسرائیل ڕایگەیاندوە.


ئەم هەنگاوە لەچوارچێوەی قۆناغە سەرەکییەکانی پلانی ئاشتیی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دێت کە بنچینەکەی لەسەر دەستبەرداربونی حەماس لەچەکەکانی‌و داماڵینی تەواوەتیی چەک لەکەرتی غەزە داڕێژراوە.

ئەندامانی تیمی ئەمریکی دەچنە باشوری کەرتی غەزە، بەتایبەت بۆ هەردوو ناوچەی ڕەفەح‌و خان یونس کە لەژێر کۆنترۆڵی سەربازیی ئیسرائیلدان، تا پشکنینی مەیدانی بکەن‌و ئەو کۆمەڵگانە دیاریبکەن کە چەکدارە فەڵەستینییەکان دەتوانن بچنە ئەوێ بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان.

ئامانجی ئەم پڕۆسەیە مسۆگەرکردنی گەیشتنی چەکدارەکانە بۆ ئەو بنکانە بەسەلامەتی، لەگەڵ دابینکردنی جۆرێک لەپاراستنی ئەمنی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە لەکاتی هاتوچۆیاندا، بەگوێره‌ى پلانی "ئەنجومەنی ئاشتی" کە ترەمپ دایمەزراندوە، ئیسرائیل پاشەکشێی قۆناغ بەقۆناغ لەو ناوچانەی چەکداریان تێدا نەماوە دەستپێناکات، مەگەر دوای ئەوەی حەماس چەکەکانی دابنێت؛ پاشان بەرپرسیارێتیی بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانە دەخرێتە ئەستۆی حکومەتێکی تەکنۆکرات (پسپۆڕی بێلایەن).

سەره‌ڕای ئەم پێشهاتانە، تائێستا میکانیزمێکی ڕون بۆ چۆنیەتیی ڕادەستکردنی چەکەکان دیارینەکراوەو هێشتا دیارنییە چەکدارەکان چۆن لەناو کەرتی غەزەدا هاتوچۆ دەکەن بەبێئەوەی ببنە مەترسی بۆسەر هێزەکانی ئیسرائیل. لەکاتێکدا نێوان ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی ڕاگرتنی شەڕی غەزە نزیکەی ساڵێکی تەواو تێپەڕیوە، ئیسرائیل هێشتا بەشێوازێکی ڕۆژانە هێرشە سەربازییەکانی ئەنجامدەدات‌و چەکەکانی حەماسیش به‌گوێره‌ى پلانی ترەمپ دانەماڵدراون.