شارپرێس:
موراد قهرهیلان سەرکردەی باڵاو فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل (ههپهگه ـ باڵى سهربازیى پهكهكه) لەناو یەکێک لەئەشکەوتەکانی چیای قەندیلدا، لەدوای 12 ساڵ دابڕان لەمیدیا دەرەکییەکان، دیمانەیەکی بڵاوكرایهوهو تێیدا قهرهیلان نەخشەڕێگهیەکی نوێی بۆ داهاتوی ناوچەکە خستەڕوو، ڕایگەیاند، "گهریلا ئامادەیه کۆتایی بەڕاپەڕینی چەکداریی بهێنێت ئەگەر ئەنكەرە کۆتایی بەسیاسەتی نکۆڵیکردنی مافەکانی کورد بهێنێت؛ هاوکات هاوکێشەی شەڕەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە"جەنگی سێیەمی جیهانی" پێناسە کرد".
قهرهیلان لهدیدارێكدا لهگهڵ ئامارگى، ڕونیکردەوە، جەنگی سێیەمی جیهانی جیاوازە لەجەنگەکانی پێشوو؛ چونکە بەشێوازی پلەبەندیو لەسەرتاسەری جیهاندا بڵاوبوەتەوە، ئامانجی سەرەکیی ئەم جەنگە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، گرتنی سەرچاوەکانی وزە (نەوت، گاز، یۆڕانیۆمو کانزا دەگمەنەکانی دروستکردنی چیپ)و کۆنترۆڵکردنی ڕێڕەوەکانی وزەیە.
ئاماژهى بهترسی واشنتۆن لەپەکین كردو وتى، "هێزە سەرمایەدارەکانی ڕۆژئاوا بەسەرکردایەتیی ئەمریکا، ترسی گەورەیان لەپێشکەوتنی تەکنەلۆژیاو ژیریی دەستکردی (AI) چین هەیە، ئەوان پێیانوایە چین لە 10 ساڵی داهاتودا دەگاتە ئاستی ئەمریکاو دەستبەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگرێت؛ بۆیە ئەم جەنگە بۆ بلۆککردنی چینە لەڕێگەی لاوازکردنی ڕوسیاو شکستپێدانی ئێران، تا هێڵێکی ستراتیژیی لەمیسرەوە بۆ کازاخستان بکێشرێت بۆ ڕاگرتنی پەکین".
فەرماندەی ههپهگه ئاماژەی بەوەدا، ناوچەکە لەئێستادا تەنها لەبەردەم جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیل دژ بەئێرانو حزبوڵڵادا نییە، بەڵکو شەڕەکە بەتەواوی تەشەنەیسەندوە؛ لەوانە قورسبونی جەنگی نێوان عەرەبستانی سعودیو حوسییەکان لەیەمەنو بەردەوامیی گۆڕانکارییە خێراکان لەسوریا پاش گۆڕینی ڕژێم، هاوکات تیشکیخستەسەر ئەوەی کە ئەمریکا لەهەکاتێکدا قۆناغ بەقۆناغ لەعێراقو هەرێمی کوردستان دەکشێتەوە، بەڵام هەژمونی خۆی دەپارێزێت.
قهرهیلان جەختیکردەوە، پەکەکە شەڕ بەچارەسەر نابینێتو بەتەواوی دژی ڕژێمە سەرمایەدارییەکانە.
ئەو ستراتیژیی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی وەک تەنها چارەسەر خستەڕوو کە لەسەر بنەمای «نەتەوەی دیموکراتیو کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی» داڕێژراوە، ئەم پڕۆژەیە بەستراوەتەوە بەشۆڕشی ئازادیی ژنانو دروستکردنی ژیانێکی هاوبەش لەنێوان کورد، عەرەب، تورک، فارس، ئەرمەنیو سوریان-ئاشورییەکاندا، دور لەچوارچێوەی تەسکی دەوڵەت-نەتەوەکان.
وهكو قهرهیلان ڕایگەیاند، هێزە هەرێمییەکان (ئیسرائیل، سعودیە، تورکیاو ئێران) یەکگرتونینو هەریەکەیان ستراتیژیی خۆی هەیە؛ تهنانەت ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی ناتۆش ناکۆکیی قووڵیان هەیە، وەک ئاماژەکەی مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە داوای هێورکردنەوەی کێشەکانی نێوان تورکیاو یۆنانی کردبوو.
لەبارەی پێگەی کوردیشەوە، قهرهیلان جهختیكردهوه، سەرهڕای نەبونی دەوڵەت، کوردو عەرەب لەسوریاو ناوچەکەدا بنەمایەکی زۆر بەهێزیان هەیە تا پێکەوە ببنە هێزێکی دیموکراتیی گەورە بۆ ڕاگرتنی شەڕو هێنانەدیی ئاشتیی ڕاستەقینە.
