شارپرێس:
ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا لەگەڵ سەدام حەفتەر جێگری فەرماندەی سوپای لیبیا پڕۆسەی بەهێزکردنی هاوکاریی دولایەنە، کردنەوەی کونسوڵخانەی سوریا لەشاری بهنغازیو بەدواداچونی دۆخی هاوڵاتییانی بێسەروشوێنی سوری لەلیبیا تاووتوێکرد؛ هاوكات لەگەڵ پێداچونەوە بەچارەنوسی ئەو چەکدارە بەکرێگیراوە سوریانەی کە پێشتر لەلایەن تورکیاوە بۆ شەڕکردن لەلیبیا ڕەوانەکرابون.
ئهسعهد شهیبانى بەیاوەریی عەبدولقادر تەحان سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی وڵاتهكهى گەیشتە لیبیاو لەشاری بەنغازی لەگەڵ فەریقى یهكهمى ڕوكن سەدام خەلیفە حەفتەر کۆبوەوە.
لەسەرەتای دیدارەکەدا، هەردولا باسیان لەڕێگەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەو دۆسییانەی جێی بایەخی هاوبەشن کرد، بەتایبەتی تەواوکردنی ڕێکارە فەرمییەکان بۆ کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتیی سوریا لەشاری بەنغازی.
ههر لەکۆبونەوەکەدا قسه لهبارهى دۆخی ئەو هاوڵاتییە سوریانە كراوه کە لەخاکی لیبیادا بێسەروشوێنبونو بەشێکی زۆری دۆسیەکانیان پەیوەندیی بەقۆناغەکانی شەڕ، پشێوییو کۆچی نایاسایییەوە هەیە؛ هەردولاش لەسەر پەرەپێدانی هاوئاهەنگیی ئەمنی لە نێوان دیمەشقو بەنغازی ڕێککەوتن بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆسییە مرۆییە.
بەشێکی دیكهى كۆبونهوهكه تەرخانکراوه بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی ئەو چەکدارە بەکرێگیراوە سورییانەی کە لەلایەن ئەنكەرەوە بۆ شەڕی ناوخۆیی لیبیا براونهته ئهو وڵاتهو لە کاتی گرتنی شارەکاندا، وەک دیل کەوتونهته دەست هێزەکانی سوپای لیبیا.
ئەسعەد شەیبانی پێش ئەم گەشتە، سەردانی شاری تەرابلوسی کردبوو و لەوێ لەگەڵ عهبدولحهمید دەبیبە سەرۆک وەزیرانی حکومەتی یەکێتیی نیشتمانیو وەزیری دەرەوەی حکومەتەکەی کۆبونهوهى ئهنجامدابوو بەمەبەستی ڕێکخستنی پەیوەندییەکانیان.
بهگوێرهى ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی چاودێریی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ (SOHR)، لەقۆناغە جیاوازەکانی شەڕی لیبیادا، تورکیا زیاتر لە18 هەزار چەکداری بەکرێگیراوی سوریی (سەر بەگروپەکانی وەک سوپای نیشتمانیی سوریا) گواستوەتەوە بۆ لیبیا کە دواتر بەشێکی زۆریان گەڕێندراونەتەوە یان جێگۆڕکێیان پێکراوە.
لەکاتی هێرشو پاشەکشێی هێزەکان لەسەر هێڵی تەڕابلوسو سێرت، چەندین تاقم لەو چەکدارانە بەدیلگیران یان لەناوچە بیابانییەکاندا بێسەروشوێن بون، ژمارەی ڕاستەقینەی ئەوانەی ئێستا لەبەندیخانەکانی فەرماندەیی گشتیی سوپای لیبیادان یان بەتەواوی دۆسیەی مرۆییان لێ دابڕاوە، بەفەرمی بەچەند سەد کەسێک دەخەمڵێنرێت، بەڵام لیستی ناوی فەرمییان لەم کۆبونەوە نوێیەدا ڕادەستی لایەنی سوریی کراوە تا پشکنینی دی ئێن ئەی (DNA)و ڕێکارە یاساییەکانیان بۆ بکرێت.
