شارپرێس:
بڕیاری کتوپڕی گواستنەوەی پەیکەری سەرکردەی
مێژویی، سەڵاحەدینی ئەیوبی لەبەردەم قەڵای دیمەشقەوە بۆ دەوروبەری پۆستەری جەنگی
تشرین لەسەر شاڕێی عەدەوی، بەبێ دەرکردنی هیچ ڕونکردنەوەی پێشوەختە، مشتومڕێکی زۆر
توندو بەرفراوانی لەناو شەقامو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سوریادا دروستکردوه؛ بەشێوهیهك
کە نادیاریی هۆکارەکان دەرگای بۆ دەیان لێکدانەوەی هونەری، مێژوییو سیاسیی قورس
کردوەتەوە، لەکاتێکدا توانجو کۆمێنتە تەنزئامێزەکانی خەڵک، بڕبڕەی سەرەکیی دیمەنەکە
بون.
بهگوێرهى بەدواداچونەكان کێشمەکێشی ئەم مەلەفە
کولتورییو سیاسییە لەچەند لایەنێکی بنچینەییدا کورتکراوەتەوە، بۆ نمونه زانیارییەكان
باس لهوهدهكهن، فەرمانگەی گەڕەکی دیمەشقی کۆن، پڕۆسەی لادانو گواستنەوەی پەیکەرەکەی
دەستپێکردوە؛ ئەمەش پاڵپشت بەڕاپۆرتێکی هونەریی فەرمانگەی شوێنەواری دیمەشق بەمەبەستی
چاکسازییو نۆژەنکردنەوەی ئەو زیانانەی بەهۆی دۆخی کەشوهەواوه بەریکەوتون.
لای خۆیشیانەوە، بەرپرسانی پارێزگاریی دیمەشق
تەنها ئاماژەیان بەوەداوە، خەریکی ئامادەکردنی شوێنێکی نوێن بۆ نمایشکردنەوەی پەیکەرەکە
بەجۆرێک کە سیمای تەلارسازییو کولتوریی ناوچەکە بپارێزێت.
سەرڕای بونی پاساوی هونەریش، بەڵام غیابی تەواوەتیی
ڕونکردنەوەیەکی فەرمیی فرە لایەن لەلایەن پارێزگاریی دیمەشقەوە سەبارەت بەوردەکاریی
گواستنەوەکەو هۆکاری هەڵبژاردنی شوێنە نوێیەکە، گومانی قورسی لای هاوڵاتیان
دروستکردوە، ئەم ناڕونییە وایکردوە کە سورییەکان لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بابەتەکە
ببەستنەوە بەهاوکێشە نێودەوڵەتییەکانەوە؛ بەجۆرێک بەشێک بەگاڵتەجاڕی یان بەگومانەوە
پرسیار دەکەن کە ئایا ئەمە "ڕێنماییو داواکاریی ئیسرائیلە بۆ سڕینەوەی ڕەمزەکانی
جەنگی حەتین"، یان بڕیاری لادانی پەیکەرەکە بەفەرمانی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ
دەرچوە!.
جەنگی حەتین: یەکێکە لەناودارترین نەبەردییە
مێژوییەکانی ئیسلامو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەمێژوی کوردیشدا پێگەیەکی بەرزی هەیە،
چونکە لەلایەن سەرکردەی مەزنی کورد سەڵاحەدینی ئەیووبیەوە سەرکردایەتی کراوە، ئهم
جهنگه لە 4ی تەمموزی 1187ی زایینی لەنێوان سوپای ئەیووبیەکانو سوپای خاچپەرستەکان
(شانشینی ئۆرشەلیم) لەناوچەیەک بەناوی "قۆچەکانی حەتین" لەنێوان ناسریەو
دەریاچەی تەبەریا (لەفەڵەستین) ڕویداوه، سهرهنجامیش سەڵاحەدینی ئەیوبی توانیی بەپلانێکی
سەربازیی هێزەکانی خاچپەرستەکان گەمارۆ بداتو بەتەواوی تێکیانبشکێنێت؛ بەجۆرێک
پادشای ئۆرشەلیم (گای دی لوزینیان)و زۆربەی فەرماندە باڵاکانیان بەدیلگیران، ئەم جەنگە
بوە وەرچەرخانێکی مێژویی گەورە؛ چونکە ڕێگهی بەتەواوی خۆشکرد تا سەڵاحەدین هەر لەهەمان
ساڵدا بچێتە ناوشاری قودس (ئۆرشەلیم)و شارەکە ڕزگاربکات.
ڕەهەندە فیکریو تەنزئامێزەکانی ناو کۆمەڵگەی
سوریا بەتوندی لەم ڕوداوەدا ڕەنگیانداوەتەوە؛ لەکاتێکدا لەڕوانگەیەکی ئایینیی توندڕەوەوە
هەندێک کۆمێنتیان نوسیوە کە "ئەمە بتەو باشترە لابرێت"، لەبەرامبەردا زۆربەی
هاوڵاتیان پەنایان بردوەتەبەر تەنزی ڕەش بۆ وەسفکردنی عەقڵییەتی دەسەڵاتی ئێستاو دەڵێن:
پێدەچێت لەلێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتبێت کە پەیکەری سەڵاحەدین «یان سەر بەپاشماوەکانی
ڕژێمی کۆنە یان ناسیۆنالیستێکی جوداخوازه، بۆیە خێرا لەناوەڕاستى پایتەخت دورخراوەتەوە!.
ئەم پێشێلکارییە میدیاییەو بێدەنگیی دەسەڵاتداران،
جارێکی دیكه سەلماندی کە لەغیابی شەفافییەتدا، تەنانەت پەیکەرە مێژوییەکانیش دەبنە
کەرهستەی ململانێی فیکرییو سیاسیی لەسەر شەقامەکاندا لهسوریاى نوێدا بهسهرۆكایهتى
ئهحمهد شهرع.
