كەسایەتی خمبابا و كەسایەتی ئەنكیندۆ

توێژینەوە و شیکاریی

45 خولەک پێش ئێستا‌ 44 جار خوێندراوه‌ته‌وه

كەسایەتی خمبابا و كەسایەتی ئەنكیندۆ لەناو دەقی لاوژەكانی سۆمەریدا، بەر دوو جۆر لە كەسایەتی دەكەوین. هەردووكیان زاگرۆسین، یەكیان(خمبابا)یە، كە پاسەوانی دارستانەكانی زاگرۆسە. ئەم كەسایەتییە ڕام ناكرێت، پتەو جێگیرە، سیستەمی سیاسیی سۆمەری وەك ترسێك و ڕێگرییەك لەبەردەم هەڵمەتی داگیركارییەكەیدا دەیبینێت و دەیەوێت بیسڕێتەوە، چونكە وەك پاسەوانێكی دارستانەكانی زاگرۆس، یانەوێت بێگانە بێتە سەرخاكەكەی و لە بەرگریدایە و هوشیارە بە ئەویتری دوژمن. لە پاڵ ئەودا، كەسایەیەتییەكی ترمان هەیە (ئەنكیدۆ)یە. ئەم كەسایەتییە خاڵی لاوازی هەیە، غەریزە پەرستە، سیستەم خاڵە لاوازەكەی دەدۆزێتەوە و ڕامی دەكات، پاشان دەیكات بە كەسایەتییەكی نۆكەر، وەك نۆكەرێك پێش داگیركەری سۆمەری دەكەوێـت، بۆ هەڵكوتانە سەر خاك و گەلەكەی خۆی. ئەم دوو كەسایەتییە كە لە ئەدەبیاتی سۆمەریدا بایەخێكی زۆریان پێدراوە، دەبن بە سەرچاوەی بنەڕەتی بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین، لە ڕێگەی ئەو دوو تایپە لە كەسایەتی، جارێكی تر هەڵسەنگاندن بۆ كەسایەتی زاگرۆس نشین و كەسایەتی كورد بكەین.

كاتێك لە مێژووی قوڵ دوردەكەوینەوە و تەماشای مێژووی نوێی ئەم سەدساڵەی ڕابردوو دەكەین، هەمیشە ئەم دوو جۆر كەسایەتییە ئامادەییەكی باشیان هەیە و ڕووبەڕێكی زۆری مێژووی كورد داگیردەكەن. _كەسایەتی خمبابا... كەسایەتییەكی پتەوە، پاسەوانی مێژووە، پاسەوانی جوانییە، پاسەوانی خاك و كولتوورە. خاڵی لاوزای نییە. سیستەم ناتوانێت بێتە ناو كەسایەتییەكەیەوە، بۆیە هەمیشە سیستەم خەون بەوەوە دەبینێت هێرشی بكاتە سەرەو تێكی بشكێنیت. كاتێك لە دەقە سۆمەریەكاندا ئەم كەسایەتییە وەك پاسەوانی دارستانەكان ناوی دێت، ڕاستەوخۆ بیرمان بۆ ئەوە دەچێت، دارستانەكانی زاگرۆس تەنها شوێن نین، دیوە جوانەكەی سروشتن، ئەو پانتاییەن مرۆڤ و سروشت تێیدا یەكانگیردەبن و جۆرێك لە كولتوور و ژیار بەرهەم دەهێنێت، جیاوازە لە كولتوور و ژیاری دیكە. ئەم كەسایەتییە لەبەردەم دارستانەكاندا وەستاوە، بەرگری لە ڕووبەرێك دەكات ئازادی تیاییە، تایپێك لە ژیانی تێدایە چاوی لە ئەویتر نییە، نایەوێت ببێتە ئەویتر و بۆی گرنگ نییە، ئەویتر چیدەكات و چ جۆرە شارستانییەتێك دروست دەكات، بەڵكو لە شوێنی خۆیدا وەستاوە بەبێ‌ هزری داگیركردن بەرگری لە مێژووێك دەكات كە خۆی دروستیكردووە. ئەم كەسایەتییە ئەگەر بیگوازینەوە بۆ شۆڕشەكانی سەدساڵی ڕابردووی كورد، لە زۆر وێستگەدا لە سەركردەی شۆڕشەكانی كورد دەچێت. سەركردەكانی كورد بە درێژایی مێژووی نوێ، هزری داگیركردنی ئەویتریان نەبووە، هەمیشە لەناو سەرزەمینی خۆیاندا ماونەتەوە و بەرگریان لە پرسێك كردووە، كە پرسی گەلەكەیانە. خمبابا هەمان فۆڕمی تێگەیشتنی هەیە بۆ خۆی و دەرەوەی خۆی. بۆ نمونە: شارستانییەتێكی مەزنی وەك سۆمەری لە خوارییەوە گەشە دەكات، بێباكە بەرامبەری، نایەوێت تایپی ئەو دووبارە بكاتەوە، بەڵكو سەرقاڵە بەو دونیایەی خۆیەوە، كە ڕیشەی هەیە.

كەچی ئەویتری داگیركەری سۆمەری بەردەوام بە كێشەی دەزانێـت، گرێی هەیە لەگەڵی، پێیوایە گەر ئەو كەسایەتییە تێكبشكێنێت دەتوانێت دارستانەكان و خاكەكە داگیربكات. ئەم فۆڕمەی كەسایەتی خمبابا، نوێنەرایەتی ڕۆحە سەركەشەكەی زاگرۆس دەكات. لە بەرگرییەكی سەختدایە بۆ ناسنامەكەی و خاكەكەی و بوونەكەی، هیچ درزێك لە كەسایەتییەكەیدا نییە، بۆیە بە هەڕەشە تەماشا دەكرێت، كۆی ئەو شۆڕشگێڕانەی نوێنەرایەتی ڕۆحە سەركەشەكەی كورد دەكەن، وێناكردنەوەی كەسایەتی خمباباین، ئەو كەسایەتییەن لە قوڵایی مێژوودا پێگەی خۆی دیاری كردووە و لەژێر ناوی تر و فۆڕمی تردا، لە قۆناغە جیاوازەكانی گەلانی زاگرۆسدا دەردەكەوێتەوە.

ڕۆحی بەرگریكردن لە شوناس و بوون، ڕۆحێكە گەل دەیكات بە چیرۆكی خۆی. ئێمەی كوردی زاگرۆس نیشن بۆ ئەوەی ئەو ڕۆحە بناسین، دەبێت قوڵبینەوە بۆناو مێژوو، لە دەقی ئەویتری داگیركەردا بیدۆزینەوە و بزانین، خمبابا كێیە؟ پاسەوانی چی دەكات؟ دارستانەكان تەنها شوناسی زاگرۆسن یان مێژووەكەین؟ ئەگەر دایگركەر بتوانێت بێتە ناو دارستانەكان، واتە تاكوێی كولتوور و بوونی كورد هاتووە؟ بۆچی دەبێت لەسەر كەسایەتییە پتەوەكەی كورد، خمبابا بكەینە وێستگەی یەكەمی تێگەیشتنمان؟ لەبەرامبەر ئەودا كەسایەتی دەستەمۆ و نۆكەر كێیە؟ نۆكەر بۆچی ترسناكترە لە داگیركەر و دوژمنەكە؟ دەقە سۆمەرییەكان یامەرتیمان دەدەن بنەوانی هەردوو كەسایەتییەكە كنە بكەین. لە پاڵ خمبابای بەهێز و بەرگیركار و خاوەن مێژوودا، كەسایەتی تێكشكاو و لاوازی وەك ئەنكیدۆمان هەیە. ئەنیكیدۆ سەرەتا سەركەشە، سروست پارێزە، بەرگری لە كولتوورەكە دێرینەكەی زاگرۆس دەكات، بەڵام خاڵی لاوازی هەیە. سیستەم ڕاوچییەك دەنێرێت وەك چاوی سیستەم چاودێری ئەم كەسایەتییە بكات. خاڵە لاوازەكەی دەدۆزێتەوە كە غەرەیزە و خۆش ژیانە. خاتوونێكی بۆ دەنێرن، ڕامی دەكات و دەیباتە ناو سیستەمەوە. پاشان دەبێت بە نۆكەری سیستەم، پێش سوپای داگیركەر دەكەوێت بۆ ئەوەی بهێنێت بۆناو خاكی گەلی خۆی. ئەگەر خمبابا یەكەمین كەسایەتی زاگرۆس بێت بۆ بەرگریكردن لە شوناس و مێژوو و كولتوور، ئەوا ئەنكیدۆ یەكەمین كەسایەتی نۆكەرە داگیركەر دەنهێنێتە سەر گەلی خۆی. مێژووی نۆكەر بوون لە زاگرۆسدا، مێژوویەكی دێرینە، لە ئەنكیدۆوە دوەست پێدەكات بۆ هاپارك، پاشان بۆ مێژووی نوێ، كە سەدان نۆكەری لێدروست دەبێت. لە هەمان كاتدا مێژووی بەرگیركار و دژە سیستەم لەو چركەساتەوە دەست پێدەكات، كە سیستەم بیر لە ڕامكردن دەكاتەوە. كەسایەتییەكی وەك خمبابا یەكەمین كەسایەتی شۆڕشگێڕ و كولتوور پارێزی ناو مێژووی زاگرۆسە، كە هەمیشە سۆمەرییەكان بیرلەوە دەكەنەوە چۆن سەركەون بەسەریدا. _كەسایەتی ئەنكیدۆ... ڕەنگە زۆر لەسەری نەوەستم، چونكە لە كتێبی(كەسایەتی نۆكەردا) بەوردی كەسایەتییەكەیم هەڵەسەنگاندوە. ترسناكی ئەم كەسایەتییە ئەوەیە، كۆی سەرزەمیینەكەی خۆی شارەزایە، كولتوورەكەی دەناسێت، مێژووەكەی خۆی دەناسێت، كەلێنە تاریكەكەكانی دەبینێت. هەموو ئەو نەبینراوانەی سیستەم و داگیركەر نایان بینێت، ئەم وەك كەسێكی ناو گەل و مێژووەكە شارەزانیانە.

 

كاتێك پێش داگیركەر دەكەوێت دەزانێت بە چ گۆشە وڕێگایەكدا بیانبات ئەركە ناكۆرانەكەی بەباشی جێبەجێ‌ دبكات و گەلەكەی توشی شكست بكات لەبەردەم داگیركەردا. ئەم فۆڕمەی نۆكەر كە مێووژوویەكی قوڵی هەیە، هەمیشە لەناو كوردا جێگەی هەبووە. بۆ داگیركەر بایەخی زۆری هەبووە، چونكە بووە بە زمان و چاوی داگیركەر. توانیویەتی داگیركەر بباتە شوێنە نەگیر و نەبینراوەكان. ترسناكی كەسایەتی نۆكەر هەر ئەمەیە، كە هەنگاوێك پێش داگیركەر و دەزانێت گەلەكەی خۆی لەكوێدا ئازاری پێدەگات، داگیركەر دەباتە ئەو شوێنە. ئەم كەسایەتییە هەرگیز نوێنەرایەتی گەلی نەكردووە، هەمیشە بە ڕۆحە لاوازەكەی گەل و مێژوو ناسراوە.

كاتێكیش داگیركەر چووەتە دەرەوە، یان وەدەر نراوە، ئیتر ئەم كەسایەتییە تێشكاوە بووەتە جێگای پەراوێزخستن و لاواز سەیركردنی. لە مێژووی نوێدا، هەموو ئەوانەی بوونە نۆكەری سیستەمە سیاسییەكانی عەرەب و تورك و فارس، لەناو چوارچێوەی ئەنكیدۆیدا خوێندنەوەیان بۆ دەكرێت و وەك دیوە لاوازەكەی گەل تەماشا دەكرێن. لە بەرامبەر ئەم كەسایەتییەدا، ڕۆحە جوامێرەكەی گەل لەناو پاڵەوانە شۆڕشگێڕەكان و بەرگریكارەكاندا خوێندنەوەی بۆ دەكرێت. بۆیە هەمیشە میللەت یان گەل، چیرۆكی شۆڕشگێڕ و بەرگریكارەكان دەكەن بە چیرۆكی خۆی و نۆكەرەكە دەكەنە دەرەوەی چیرۆكەوە. هیچ گەلێك چیرۆكی نۆكەر ناكات بە چیرۆك و خوانی پێكەوەبوونی لەسەردروست بكات بۆ مێژوو. بەڵام چەندن گرنگە كەسایەتییە پتەوەكە بناسین، ئەوەندەش گرنگە كەسایەتییە تێكشكاو و نۆكەرەكە بناسین.

ئێمە دەزانین دارستانەكانی زاگرۆس، تەنها هێمانین بۆ جوانییەك، یان سروشتێكی پاك، بەڵكو هێمان بۆ مێژووی گەلێك، خاك و سەرزەمینی گەلێك، هێمان بۆ كولتوورێكی جیاواز، كە لە گەلەكانی تر جیایدەكاتەوە. هەر هێرشێك بۆ سەر ئەو سەرزەمیینە، هێرشە بۆ شوناسی گەلەكە. خمبابا بۆیە پێگەیەكی سەنگینی هەیە لای دوژمن و داگیركەرەكان، لای گەلی زاگرۆس نشین، چونكە پاسەوانی ئەو كولتوور و مێژووەیە لەناو دارستانەكانی زاگرۆسدا هەیە.

هەر هێرشێك بۆسەر خاك و دارستانەكان، هێرشە بۆسەر گەل و كولتوورێك. هەمیشە پێش هێرشەكان، كەسایەتییەكی نۆكەری ئەنیكیدۆیی هەیە پێش داگیركەر دەكەوێت تاكو بهێنێتە سەر بەها گەورەكانی گەلەكەی، لە پاڵ ئەودا خمبابایەكیش هەیە بەرگری دەكات و نایەوێت داگیركەر دەستی بگاتە قوڵایی كولتوور و سەرزەمینەكەی. ئیتر كێ دەبێت بە خمبابا، ئەوە مێژوو دیاری دەكات و كێ‌ دەبێـت بە ئەنكیدۆ، هەر مێژووی دیاری دەكات، چونكە مێژووی هێزی ئەوەی هەیە چركەساتی یەكلاكەرەوە دروست بكات و دوو بەرە بخولقێنێت، بۆ ئەوەی كەسایەتییەكانیش دابەشی ئەو دوو بەرەیە بكات. هەموو قۆناغێكی مێژوو ئەو لێكترازانەی بۆ كورد و زاگرۆس نیشنیەكان تێدابووە و هەمیشە هەردوو كەسایەتییەكە لە جێبەندە مێژوویەكەدا ئامادەییان هەیە. ئەوەی دەبێت بە پاسەوانی دارستانەكانی زاگرۆس، ئەوە دەبێت بە پاڵەوانی گەل. نەبەز گۆران