شارپرێس:
دادگای تاوانی نێودەوڵەتی داوای لە وڵاتانی ئەندامی كردووە توانای بەردەوامبوونی كارەكانی بپارێزن، دوای ئەوەی ئەمریكا سزای نوێی بەسەردا سەپاند، هۆشداریشی لە كاریگەرییەكانی ئەو هەنگاوە لەسەر دادپەروەریی نێودەوڵەتیی و حوكمڕانیی یاسا دا.
دادگا لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند سزاكان هەوڵێكن بۆ بەربەست دانان لەبەردەم ڕەوتی دادپەروەریی و ڕێگریكردن لە ئەنجامدانی ئەركەكانی، بەڵام جەختی كردەوە كە بەردەوام دەبێت لە جێبەجێكردنی ئەركە یاساییەكانی، لەوانە بەدواداچوون بۆ تۆمەتبارانی تاوانی جەنگ، تاوان دژی مرۆڤایەتیی، كۆمەڵكوژیی و تاوانی دوژمنكاریی.
دادگا هەروەك داوای كردووە وڵاتانی ئەندام پشتیوانیی دارایی و كارگێڕیی پێویست دابین بكەن، چونكە ناتوانێت بە تەنیا كارەكانی بەردەوام بكات.
لە لایەكی دیكەوە، یەكێتیی ئەوروپا هەوڵی واشنتۆنی بە "زۆر جێی داخ" وەسف كرد و پشتگیریی خۆی بۆ سەربەخۆیی دادگا دووپاتە كردەوە. یەكێتییەكە ئاماژەی بەوە داوە كە سزاكان تا 6 مانگ جێبەجێ ناكرێن، بۆیە هێشتا دەرفەتی گفتوگۆ لەگەڵ واشنتۆن هەیە.
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، دوێنی هەینی سزای سەر بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتییدا سەپاند، لە هەنگاوێكدا كە لە ڕێكارەكانی پێشووتر فراوانترە و دەكرێت كۆمپانیا خزمەتگوزارییەكانیش بگرێتەوە كە خزمەت بە دادگاكە دەكەن.
لە لایەكی دیكەوە، ماركۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، وتی واشنتۆن ڕێگە بە دادگاكە نادات هاووڵاتییانی ئەمریكا بخاتە ژێر لێپرسینەوە و دادگاكەی بە"سەرپێچیكار" ناساند، هەروەك ڕونی كردەوە كە ئامانجی سزاكان بڕینی سەرچاوە داراییەكانی دادگاكە و سنورداركردنی توانای كاركردنییەتی.
ئەمریكا پێشتر دژایەتیی هەنگاوەكانی دادگاكەی سەبارەت بە بەرپرسانی ئیسرائیل، لەوانە ناتانیاهۆ، كردووە. هەروەك دژایەتیی لێكۆڵینەوەكانی دادگاكەی سەبارەت بە كردەوەكانی سەربازانی ئەمریكا لە ئەفغانستانی كردبوو؛ لێكۆڵینەوەكە دواتر دۆسیەكەی داخرا.
لە مانگی ئەیلولدا، دادگای نێودەوڵەتیی پشتڕاستی كردەوە كە ڕێكارگەلێكی بۆ پاراستنی كارەكانی لە كاریگەریی سزاكانی ئەمریكا گرتووەتەبەر، بەشێوەیەك نەزهەت شەمیم خان، جێگری داواكاری گشتیی دادگاكەیش ڕایگەیاندبوو كۆمەڵێك ڕێكاری بۆ پاراستنی كار و چالاكییەكانی دادگا لە كاریگەریی هەر سزایەكی نوێی ئەمریكا گرتۆتەبەر كە دەكرێت دامەزراوەكە بە تەواوی بەئامانج بگرێت.
