فڕۆكەخانەی ڕیاز چۆڵ دەكرێت

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 262 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

ئەمڕۆ شەممە سێ شایەتحاڵ بە ئاژانسی فرانس پرێسیان ڕاگەیاندووە، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی مەلیك خالید لە ڕیاز، چۆڵ دەكرێت، ئەمەش دوای ماوەیەكی كەم لەوەی ئیدارەی فڕۆكەخانەكە ئامۆژگاری ئەو كەسانەی كرد كە تێكتی گەشتیان كڕیوە، كە پەیوەندی بە هێڵە ئاسمانییەكانی خۆیانەوە بكەن پێش ئەوەی بەرەو فڕۆكەخانە بڕۆن، دۆخی گەشتەكانیان بزانن.

شایەتحاڵێك ڕایگەیاندووە كە گوێی لە تەقینەوەیەك بووە لە دەوروبەری كاتژمێر ٣:٠٠ی پاشنیوەڕۆ بە كاتی ڕیاز لەكاتی چاوەڕوانی گەشتەكەیدا.

دوو شایەتحاڵەكەی دیكە هۆكاری چۆڵكردنەكەیان پشتڕاست نەكردۆتەوە.

دواتر شایەتحاڵەكان باسیان لەوە كردووە كە زیاتر لە ١٠ ئەمبولانسیان بینیوە كە بەرەو فڕۆكەخانە دەڕۆن.

تا ئێستا دەسەڵاتدارانی سعودییە بە فەرمی چۆڵكردنی فڕۆكەخانەكەیان پشتڕاست نەكردۆتەوە.

پلاتفۆرمی فەرمی فڕۆكەخانەكە لەئێكس ڕۆژی شەممە ئاگادارییەكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە: "پێمان باشە ئەوانەی گەشتیان هەیە، ئاگادار بكەینەوە لە پێویستی پەیوەندیكردن بە هێڵە ئاسمانییەكانیانەوە ڕاستەوخۆ بۆ زانینی دۆخی گەشتەكانیان پێش ئەوەی بەرەو فڕۆكەخانەكە بڕۆن".