ئەمریکا لەڕێگەی لوتکەی مەیامییەوە هەوڵدەدات پێش هاتنی زستان کۆتایی بەجەنگی ئۆکرانیا بهێنێت

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4492 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

گفتوگۆیەکی بونیادنەرانە لەئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بەجەنگی ئۆکرانیا پێش دەستپێکردنی زستان بەڕێوەدەچێت، لەکاتێکدا هێرشی سەربازیی کتوپڕی ڕوسیا بۆسەر خاکی ئۆکرانیا لە24ی شوباتی 2022 دەستیپێکردو تائێستا به‌گوێره‌ى خەمڵاندنە هەواڵگرییە نێودەوڵەتییەکان، ژمارەی گشتیی قوربانیان (کوژراوو بریندارانی هەردولا) پێکەوە زیاتر لەیەک ملیۆن کەسی تێپەڕاندوە.


ئەمریکا بونی وتوێژو دانوستانە دیپلۆماسییە پێشکەوتوەکانی ئاشکراکرد کە ئامانجیان کۆتاییهێنان‌و بڕانەوەی تەواوەتیی جەنگی ئۆکرانیایە پێش هاتنی وەرزی زستانی داهاتوو، ئەمەش لەچوارچێوەی هەوڵە سیاسییە بەرفراوانەکانی ئیدارەی نوێی واشنتۆندا.

ستیڤ ویتکۆف نێردراوی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەفەرمی ڕایگەیاند، نوێنەرانی ئەمریکا، سێ دەوڵەتە ئەوروپییەکە (ئەڵمانیا، فەرەنساو بەریتانیا)، کۆمسیۆنی ئەوروپا، ئۆکرانیاو هاوپەیمانێتیی ناتۆ لەشاری مەیامی کۆبونەتەوە؛ ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، گفتوگۆیەکی بونیادنەرانەیان ئەنجامداوە سەبارەت بەڕێڕەوەکانی کەمکردنەوەی گرژییەکان‌و کۆتاییهێنان بەجەنگ لەگەڵ ڕوسیا پێش دەستپێکردنی سەرمای زستان.

ویتکۆف لەبڵاوکراوەیەکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێكس ڕونیکردەوە، دانوستانەکان کۆمەڵێک پرسی بەرفراوانیان گرتوەتەوە؛ لەنێویاندا ڕێکارە کورتخایەنەکانی تایبەت بەئامادەکاریی بۆ وەرزی زستان، وەک بەهێزکردنی توانای کەرتی وزەی ئۆکرانیا بۆ بەرگەگرتنی هێرشەکان‌و مسۆگەرکردنی هەناردەکردنی بەردەوامی دانەوێڵە.

گفتوگۆکان هاوكاتبون لەگەڵ تاووتوێکردنی گرەنتییە ئەمنییەکان‌و ڕێکخستنی پلانە درێژخایەنەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی ئۆکرانیاو ئەوروپا بەمەبەستی ڕێگریی لەسەرهەڵدانی هەر جۆرە ململانێیەکی دیكه‌ى سەربازیی لەداهاتودا.

بەشێکی دیكه‌ى لوتکەکە تەرخانکرابوو بۆ پشتگیریی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ئۆکرانیای پاش جەنگ‌و گەشەپێدانی ئابورییەکەی، لەنێویاندا ئاسانکردنی ڕێکارەکانی چونە ناو یەکێتیی ئەوروپا.

نێردراوی تایبەتی ئەمریکا ئەم گۆڕینەوەی بیروڕایانەی بەبەرهەمدار ناوبردو ڕایگەیاند، ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر بوە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو بوارانەی پێویستیان بەلێکۆڵینەوەی زیاترە پێش دەستپێکردنی خولی داهاتوی گفتوگۆ فەرمییەکانی نێوان ئەمریکاو ڕوسیا، ناوبراو جەختیکردەوە، سەرجەم بەشداربوان پابەندیی هاوبەشی خۆیان بۆ بەردەوامیی هەوڵە دیپلۆماسییەکان دوپاتکردوەتەوە تا ئاشتییەکی بەردەوام بێتە کایەوە کە سەقامگیریی‌و گەشەسەندنی درێژخایەن بۆ ناوچەکە مسۆگەربکات.

هێرشی هەمەلایەنەو بەرفراوانی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا لەبەرەبەیانی 24ی شوباتی 2022 بەفەرمانی ڤلادیمیر پوتن دەستیپێکرد، به‌گوێره‌ى دواین ڕاپۆرتە شیکارییەکانی ڕۆژنامە جیهانییەکان‌و ئامارە هەواڵگرییەکانی ڕۆژئاوا، له‌لایەنی ڕوسیاوه‌، ژمارەی کوژراوو بریندارانی سوپا بەنزیکەی 600 هەزار تا 700 هەزار کەس دەخەمڵێنرێت، له‌لایەنی ئۆکرانیاشه‌وه‌ ژمارەی زیانە مرۆییەکانی سوپا بەنزیکەی 80 هەزار کوژراوو 400 هەزار بریندار هەژماردەکرێت، جیا لەگیانلەدەستدانی هەزاران هاوڵاتیی سڤیل لەکاتی بۆردومانکردنی شارەکاندا.