نەشتەرگەریی نەختی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی؛ دابەزاندنی بەهای دینار تێچوەکانی حکومەت دادەپۆشێت‌و چاکسازیی بنەڕەتی پشتگوێدەخات

عیراق

60 خولەک پێش ئێستا‌ 2657 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەنگاوی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بەدینار، بەشێک لەو تەنگژە قورسە دەردەخات کە بەرۆکی بەڕێوەبردنی ئابوریی عێراقی گرتوە؛ چونکە حکومەت لەبەردەم پابەندیی دارایی ڕوو لەزیادبون‌و داهاتی نەوتیی ناجێگیردایە، بەجۆرێک چارەسەرەکان تەنها بەرەو دابینکردنی پارەی نەختی‌و داپۆشینی تێچوەکان دەچن لەجیاتی چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبوەکان، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبونەوەی خەمڵاندنە سەرەتاییەکانی بودجەی 2027 کە تێیدا خەرجییەکان گەیشتونەتە 217 ترلیۆن دینار، ئەمەش ترسی لای بازاڕو هاوڵاتیان دروستکردوە کە باجی پڕکردنەوەی کورتهێنانەکە تەنها بکەوێتە ئەستۆی ئەوان.


پرسی گۆڕینی بەهای دراوی نیشتمانی لەلایەن حکومەتەوە، پەرچەکردنی توندی شارەزایانی لێکەوتوەتەوە کە پێیانوایە، ئەمجۆرە بڕیارانە زیانی درێژخایەن بەبازاڕەکان دەگەیەنن.

شۆکی بازاڕو درەنگکەوتنی بڕیارەکەی بانکی ناوەندیی
سەیف حەلفی شارەزای ئابوریی لەلێدوانێکدا ڕایگەیاند، بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار شۆکێکی قورسی بۆ بازاڕەکانی عێراق دروستکردوەو دەرفەتی بەبازرگانانی دراو داوە تا ترسی هاوڵاتیان بقۆزنەوەو قازانجی خێرا بەدەستبهێنن، بەڵام بازاڕەکان هێدی هێدی خۆیان لەگەڵ نرخە نوێیەکەدا دەگونجێنن.

حەلفی ڕەخنەی گرت‌و وتی، "بانکی ناوەندیی عێراق زۆر درەنگ کەوت لەگرتنەبەری ڕێکارەکانی پێوەست بەنرخی گۆڕینەوەی دراو"؛ چونکە دەبوو زۆر پێشتر بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دۆخە جیۆپۆلەتیکییەکەی دەوروبەری عێراق‌و کۆسپەکانی هەناردەی نەوت هەنگاوی بنایایە، بەتایبەت کە ئابوریی وڵاتەکە بەتەواوی پشت بەداهاتی نەوت دەبەستێت پاش شکستی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق لەهەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات".

دابەزاندنی بەهای دینار دەبێتە هۆی زیادبونی داهاتی نەوت بەدراوی ناوخۆیی بەبێئەوەی بڕی نەوتی هەناردەکراو زیادبکات، ئەمەش کات بەخەزێنەی دەوڵەت دەدات بۆ داپۆشینی خەرجییەکان، بەڵام بە چ کلۆجێک چارەسەری لاوازیی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی ناکات‌و تەنها تێچوی کاڵاکان بەرزدەکاتەوەو هێزی کڕینی خەڵکی خاوەن موچەی جێگیر کەمدەکاتەوە.

ئەم ڕێڕەوە مەترسیدارە لە کاتی ئامادەکردنی بودجەی 2027دا قورستر دەبێت، چونکە حکومەت پابەندە بەدابینکردنی موچەی فەرمانبەران، خانەنشینان، خەرجییەکانی بەگەڕخستن‌و شایستەی دارایی جوتیاران‌و بەڵیندەران.

جێی وەبیرهێنانەوەیە، لەحەوتی تشرینی یەکەمدا (7ی تشرینی یەکەمی 2026)، بانکی ناوەندیی عێراق بەفەرمی گۆڕانکاریی لەنرخی دراوەکاندا کرد؛ بەجۆرێک نرخی کڕینی دۆلار لەوەزارەتی دارایی بوە، هه‌زارو 500 دینار، نرخی فرۆشتنی بەبانکەکان هه‌زارو 510  دینارو بۆ هاوڵاتیانیش کرا بەهه‌زارو 520 دینار، لەکاتێکدا نرخی پێشوو هه‌زارو 320 دینار بوو، ئەم بڕیارە پاش ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران‌و هاوڕێک لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پێشەکیی وەگرتنی ڕسوماتی گومرگی هات.

زیادبونی بارگرانیی‌و جیاوازیی نێوان دارایی‌و ئابوریی
لەلایەکی دیکەوە، ڕەمەزان بەدران توێژەرو پیاوی کار  ڕایگەیاند، کێشەی سەرەکیی عێراق "ئابورییە پێشئەوەی دارایی بێت"، بەڵام چارەسەرەکانی حکومەت هەمیشە تەنها سەرنجدەخەنەسەر لایەنی دارایی‌و گەڕان بەدوای پارەی نەختی‌و دانەوەی قەرزەکاندا، لەجیاتی چارەسەرکردنی ئەو هۆکارانەی کە ئابوریی وڵاتەکەیان پەکخستوە.

بەدران جەختیکردەوە، "جیاوازییەکی گەورە لەنێوان بەڕێوەبردنی پارەو بەڕێوەبردنی ئابوریدا هەیە"؛ چونکە حکومەت تەنها خەریکی حسابکردنی داهات‌و خەرجییە، لەکاتێکدا دەبوو لەپێشینەی کارەکانی بژاردنی بەرهەمهێنان، وەبەرهێنانی ناوخۆیی‌و ڕەخساندنی هەلی کار بێت، چونکە چارەسەرە داراییە کاتییەکان تەنها قەیرانەکان دوبارەدەکەنەوە،.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، بەرزکردنەوەی گومرگ، باج‌و تێچوی وزە لەکاتی سستیی ئابوریدا، بارگرانیی سەر کەرتی بازرگانی‌و پیشەسازیی قورس دەکات لەکاتێکدا پێویستبوو تێچوی بەرهەمهێنان کەمبکرێتەوە.

ژمارەکانی بودجەی 2027و دژایەتیی سیاسیی لایەنەکان
ئامارە سەرەتاییەکانی بودجەی 2027 لایەنێکی دیكه‌ى کێشەکە پیشاندەدەن؛ ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمان باسیان لەخەرجییەک کردوە کە دەگاتە 217 ترلیۆن دینارو کورتهێنانیش بە50 ترلیۆن دینار دەخەمڵێنرێت، ئەمەش لەسەر بنەمای دیاریکردنی نرخی 58 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت‌و هەناردەکردنی ڕۆژانەی چوار ملیۆن بەرمیل، ئەمجۆرە خەمڵاندنە مەترسیدارە، چونکە ئەگەر کۆسپەکانی هەناردەکردن بەردەوامبن، درزی نێوان داهاتی پلان بۆ داڕێژراوو داهاتی ڕاستەقینە زۆر فراوانتر دەبێت.

هاوکات لەگەڵ ئەم مشتومڕە، دژایەتییەکی سیاسیی سەیر لەنێوان ئەو هێزانەی بەشدارن لەحکومەتداو نوێنەرەکانیان لەناو پەرلەماندا سەریهەڵداوە؛ بەجۆرێک پەرلەمانتاران لەمیدیاکاندا دژایەتیی خۆیان بۆ بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار نیشاندەدەن‌و خەریکی کۆکردنەوەی واژۆن بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەو بانگهێشتکردنی بەرپرسان، لەکاتێکدا بڕیارەکە لەئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچوە کە پارتە سیاسییەکانی ئەوان خۆیان پێکیانهێناوە.

گوشاری بەردەوام لەسەر چینە کەمدەرامەتەکان
عادل دلفی شارەزای ئابوریی ڕایگەیاند، بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار لەمکاتەدا گوشاری زیاتر دەخاتەسەر بازاڕەکان، بەتایبەت کە ئابوریی عێراق بەتەواوی پشت بەکاڵا هاوردەکراوەکان دەبەستێت‌و هەر گرانییەک لەنرخی دۆلاردا ڕاستەوخۆ کاردەکاتەسەر گرانیی کەرەستە خۆراکییە بنچینەیییەکان‌و چینە کەمداهات‌و خاوەن موچە جێگیرەکان دەبنە یەکەمین قوربانیی.

دلفی لەکۆتاییدا جەختیکردەوە، چارەسەرکردنی کورتهێنان لەڕێگەی دەستکاریکردنی نرخی دراوەوە تەنها دەرفەتێکی کاتی‌و کورتخایەن بەحکومەت دەبەخشێت، بەڵام هەرگیز نابێتە جێگرەوەی پێداچونەوەی خەرجییە گشتییەکان، بەهێزکردنی داهاتە نانەوتییەکان‌و چاککردنی ژینگەی بەرهەمهێنان؛ چونکە بەردەوامبون لەتەسلیمکردنی کێشە داراییەکان بەسیاسەتی نەختی، وادەکات لەساڵانی داهاتودا هەمان قەیران دوبارەبێتەوە.