سەرۆکی پارتێکی ئیسرائیلی کوشتنی خامنەیی بەهەڵەیەکی ستراتیژیی وەسفدەکات

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1210 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

یائیر گۆلان سەرۆکی حزبی "دیموکراتەکان"و جێگری پێشوی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندوە، کوشتنی عەلی خامنەیی ڕێبەری پێشوی ئێران، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە "هەڵە" بوەو بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلی دابین نەکردوە.


گۆلان لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ یۆسی یەهوشوع لەناوەندی کولتوریی شاری ڕیشۆن لێتسیۆن، وتویەتی، ئۆپەراسیۆنەکە خزمەتی بەبەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل نەکردوە، بەڵکو ڕۆڵی هەبوە لەلابردنی سەرکردایەتییەکی دێرینی ئێران‌و بەهێزکردنی کاریگەریی کەسایەتییە توندڕەوو توندوتیژترەکان.

ئاماژەی بەوەکردوە، بونی ڕێبەرێکی بەتەمەن‌و ئەزموندار دەتوانێت سودبەخش بێت، باسی لەوەشکردوە، خامنەیی کاتی کوشتنی تەمەنی 86 ساڵ بوو.

هەروەک گۆلان ڕه‌خنه‌ى توندى له‌ناتانیاهۆ سەرۆکی حکومەتی ئیسرائیلی گرتوه‌و تۆمەتی ئەوەی خستە پاڵ کە خەیاڵی ڕوخاندنی دەسەڵاتی ئێرانی بەئەمریکا فرۆشتوە، بەبێئەوەی ستراتیژییەکی دیپلۆماسی هەبێت.

بەوتەی گۆلان، ناتانیاهۆ دەیتوانی پێشەنگایەتی هەوڵێکی دیپلۆماسیی هەرێمایەتی بکات بۆ دابینکردنی ئاسایشی ئیسرائیل.

خامنەیی لە 28ی شوباتی 2026، لەهێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆسەر پێگەی حەوانەوەی لەتاران کوژرا. هێرشەکە هاوکاتبوو لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئیسرائیل بەناوی "نەڕەی شێر".