ئیمارات ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لە ڕوداوەکەی فلای دوبەی ڕاگەیاند

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 395 جار خوێندراوه‌ته‌وه



شارپرێس:

حەمەد سەیف ئەلشەمسی، داواکاری گشتی ئیمارات ڕۆژی هەینی پێشهاتە نوێیەکانی لێکۆڵینەوە لە گەشتی فلای دوبەی FZ1073ی ڕاگەیاند کە لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ لە دوبەیەوە بەرەو تەلئەبیب لە ڕێگادا بوو‌، کاتێک یاریدەدەری فرۆکەوان هێرشی سەر فرۆکەوانی کرد.

داواکاری گشتی ئیمارات ڕونیکردەوە کە لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە یاریدەدەری فڕۆکەوانەکە خەڵکی عومانە، هەوڵیداوە پیلانێکی تیرۆریستی پێشوەختە پلان بۆ داڕێژراو بۆ دەستبەسەرداگرتنی کۆنترۆڵی فڕۆکەکە و بەکارهێنانی بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی خۆکوژی بۆ بە ئامانجگرتنی تێرمیناڵی سەرنشینەکان لە فڕۆکەخانەی بن گوریۆن لە تەلئەبیب، بە مەبەستی ئەوەی زۆرترین زیانی گیانی لێبکەوێتەوە جێبەجێبکات.

داواکاری گشتی ڕایگەیاند کە "لێکۆڵینەوەکان شوێنپێی ڕێڕەوی فیکری و پیشەیی ئەو تۆمەتبارە تەمەن ٢٩ ساڵەیان گرتووە، ئاشکرای دەکات کە مەیلی بەرەو توندڕەوی و تیرۆر لە ساڵی ٢٠١٧ لە کاتی خوێندنی لە ئوسترالیا دەستیپێکردووە. ئەو لە ژێر کاریگەری ئایدۆلۆژیای تەکفیری بووە لە ڕێگەی خوێندنەوەی ئەدەبیاتی توندڕەوەوە". ئەم کاریگەرییە پەرەی سەند بۆ وەرگرتنی بیرۆکەکانی هاندانی توندوتیژی و تیرۆر، ئیلهامبەخشی ئەو لە هێرشەکانی 11ی ئەیلوولی 2001 و ئەو قەناعەتەبووە کە دەتوانێت ئۆپەراسیۆنێکی هاوشێوە ئەنجام بدات بە بەکارهێنانی فڕۆکە بەپێی دانپێدانانەکانی.

ئاماژەی بەوەشکرد، "تۆمەتبارەکە بەدرێژایی ژیانی کارکردنی لەنێوان چەند کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی بووە. لە ساڵی ٢٠٢٠ تا ٢٠٢٤ لە کۆمپانیای عومان ئەیر کاری کردووە، دواتر لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ پەیوەندی بە هێڵی مەغریبەوە  کردووە، چەند مانگێک لەوێ کاردەکات پێش ئەوەی لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٦دا بچێتە فلای دوبەی".

ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆمەتبارەکە "دانی بەوەدا ناوە کە لە ماوەی خوێندنیدا لە شاری مێلبۆرن لە ئوسترالیا زۆر سەردانی مزگەوتێکی کردووە و لەڕێگەی ئەم سەردانانەشەوە لەگەڵ کارگێڕانی ناوەندەکە ئاشنا بووە، کە لەلایەن پیاوێکی لوبنانی بە ناوی 'ئەبو حەمزە' بەڕێوەدەبرێت، بە وتەی خۆی لەلایەن کۆمەڵەیەکی پەیوەندیدار بە ئیخوان موسلیمینەوە پشتگیری دەکرێت.

لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە تۆمەتبارەکە، دوای ئەوەی پەیوەندی بە فلای دوبەیەوە کرد، داوای کارکردنی لە گەشتەکانی تەلئەبیبدا کردووە. دوو گەشتی پێشووی بەکارهێناوە بۆ گەڕان بەدوای ڕێگاکە و فڕۆکەخانە و ئامادەکاری بۆ پلانەکەی پێش ئەوەی لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ ئەنجامی بدات، هەروەها لێکۆڵینەوەکان بریتی بوون لە پشکنینی ڕێکارەکانی دامەزراندنی تۆمەتبار لەگەڵ فلای دوبەی، و دەرکەوت کە هەموو مەرجەکانی دامەزراندنی پیشەیی و ئەمنی بەدیهێناوە، لەوانە مۆڵەتی فڕۆکەوان، بڕوانامەی هەڵسوکەوتی باش، و پشکنینی پزیشکی پێویست. ئەو بەڵگەنامە و ڕێکارانەی کە پشکنینیان بۆ کراوە، هیچ ئاماژەیەکیان بۆ مەیلی توندڕەوی یان پیلانی تیرۆریستی ئاشکرا نەکردووە.

داواکاری گشتی ڕونیشیکردەوە، "لە ڕۆژی ڕووداوەکەدا تۆمەتبار فڕۆکەوانەکەی لەناو کابینەی فریاکەوتنەکەدا توشی سەرسوڕمان کرد و بە ئامێری فریاگوزاری هێرشی کردە سەری. بەڵام فڕۆکەوانەکە بەرەنگاری هێرشەکە بووەوە و هەوڵیدا داوای هاوکاری بکات".

ئاماژەی بەوەشکرد، "تۆمەتبارەکە، بە ئامادەبوونی پارێزەرەکەی، دانپێدانانێکی وردی خستووەتەڕوو کە پاڵنەرەکانی و قۆناغەکانی پلاندانان و جێبەجێکردنی خستۆتە ڕوو، دووپاتیکردووەتەوە کە بە تەنیا مامەڵەی کردووە بەبێ بەشداریکردنی کەسانی دیکە، پرسێک کە تا ئێستا لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت. هەروەها داواکاری گشتی گوێی لە لێدوانەکانی فڕۆکەوانەکە، فڕۆکەوانی یەدەگەکە، یاریدەدەری فڕۆکەوانەکە و ئەندامانی تیمی فڕۆکەوانەکە گرتووە".

داواکاری گشتی بەردەوامە لە پشکنینی بەڵگەکان و پشتڕاستکردنەوەی بوونی هاوبەش یان پەیوەندییەکانی تر، هەروەها بۆ تەواوکردنی تۆمارکردن و ڕاپۆرتە تەکنیکییەکان، هەروەها هەر ئەنجامێکی نوێ بەپێی پێویستی بەرژەوەندی لێکۆڵینەوەکە ڕادەگەیەنرێت.