پوتن پێشنیازێك بۆ چارەسەری قەیرانی ئێران دەخاتە بەردەم ترەمپ

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 382 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فلادیمیر پوتن، سەرۆكی ڕوسیا، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، پێشنیاری گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێرانی بۆ ڕوسیا، وەك چارەسەرێك بۆ كێشەی ئەمریكا لەگەڵ تاران، دووبارە خستەڕوو.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی "تاس"ی ڕوسیا، پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە نزیكەی یەك كاتژمێر و نیوی خایاندووە. یۆری ئۆشاكۆڤ، یاریدەدەری سەرۆكی ڕوسیا، ڕایگەیاند كە پوتن جەختی لەوە كردۆتەوە هەڵبژاردە دیپلۆماسییەكان بۆ چارەسەركردنی دۆسییەی ئێران هێشتا تەواو نەبوون، بەڵكو پێویستە، لە ڕێگەی گفتوگۆوە ڕێككەوتنێك لەگەڵ تاران بكرێت.

مۆسكۆ پێشتر پێشنیاری گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی بۆ ڕوسیا كردبوو؛ پێشنیارێك كە دەتوانێت هەوڵە دیپلۆماسییەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی ململانێكەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە زیاتر لە 7 مانگە بەردەوامە، بجوڵێنێت.

ئۆشاكۆڤ ئاشكرای كرد كە هەردوو سەرۆك گفتوگۆیەكی "پڕ لە ناوەڕۆك و زۆر دۆستانە"یان كردووە. ترەمپ لە سەرەتای پەیوەندییەكەدا پیرۆزبایی لە پوتین كردووە، بە بۆنەی ڕۆژی لەدایكبوونی و تەندرووستیی و سەركەوتنی بۆ خواستووە. هەروەك سڵاوی هاوسەرەكەی، مێلانیای پێگەیاندووە.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی "تاس"، چاوەڕوان دەكرێت ترەمپ و پوتن لە كۆبوونەوەی سەرانی "ئەپێك" لە چین ئامادە بن، كە ئەمەش دەتوانێت دەرفەتی دیدارێكی ڕاستەوخۆیان بڕەخسێنێت.

ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی