شارپرێس:
ژەنهراڵ مەزڵوم عەبدی ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری سوریا لەلێدوانێکی
گرنگی میدیاییدا پەردەی لەسەر پەککەوتنی پڕۆسەی یەکگرتنی دەزگاکانی بەڕێوەبەرایەتیی
خۆسەر لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتی سوریادا لاداو ڕایگەیاند، لەماوەی دوو
هەفتەی ڕابردودا، ئەم پڕۆسەیە بەهۆی دروستبونی کێشە لەمەلەفی دادوەریدا بەتەواوی ڕاوەستاوە؛
ئاماژەی بەوەشکرد، نەبونی میکانیزمێکی ڕون بۆ تێکەڵکردنی دادوەرەکان، هۆکاری سەرەکیی
ئەم لەمپەرە بوە.
مهزڵوم عەبدی جەختیکردەوە، کاردانەوەی (هەڵوێستی) دادوەرەکان بەرامبەر
بەم کێشەیە تەواو لەجێی خۆیدا بوەو ئەوان بەتوندی نادادپەروەرییو هەر جۆرە هەوڵێکی
دورخستنەوەو پەراوێزخستنیان ڕەتکردوەتەوە؛ ناوبراو دوپاتیکردەوە، پڕۆسەی یەکگرتنەوەی
دەزگاکان دەبێت لەسەر بنەمای ڕێککەوتنو لێکتێگەیشتن بێت نەک جیاکارییو وەلانانی
لایەنێک.
عەبدی ئاشکرایکرد، زنجیرەیەک کۆبونەوەی گرنگی لەشاری دیمەشقو ناوچەکە
ئەنجامداوە بەمەبەستی ڕێگریکردن لەوەی دۆسیەی دادوەرەکان ببێتە بەربەست لە بەردەم
پڕۆسەی گشتیی یەکگرتنەوەکەدا؛ ڕاشیگەیاند، دواجار گەیشتونەتە لێکتێگەیشتنێک کە تێکەڵکردنی
دادوەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەبێ دورخستنەوەی هیچ کەسێک مسۆگەردەکات.
ڕاوێژكارى سهرۆكى سوریا ڕونیکردەوە، ڕێککەوتنەکە بەردەوامیی کاری بەشێک
لەدادوەرە کۆنەکان دەگرێتەوە تا پڕۆسەی بەڕێکردنی مەلەفو کاروبارەکانی هاوڵاتیان
پەکنەکەوێت، هێزەکانیش سەرجەم لیستی ناوی دادوەرەکانیان ڕادەستکردوە تا بەفەرمی لەدادگاکاندا
جێگیربکرێن.
عەبدی پێیوایە، چارەسەرکردنی دۆسیەی "کۆشکی دادوەریی" دەبێتە
دەروازەیەکی سەرەکی بۆ یەکلاکردنەوەی مەلەفە هەڵپەسێردراوەکانی دیكهى وەک هەڵبژاردنەکان،
دەرکردنی پاسپۆرت (جەوازات)و فەرمانگەی تۆماری خانوبەرە (سجلی عەقاری).
سەبارەت بەسڕینەوەی زمانی کوردی لەسەر تابلۆی فەرمیی دەزگاکان، عەبدی
ئاشکرایکرد، حکومەتی سوریا پاساوی ئەوەی هێناوەتەوە کە کۆشکی دادوەری دامەزراوەیەکی
سەروەریی (سیادی) دەوڵەتە؛ ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، ئەوان تەنها بۆ ماوەیەکی دیاریکراوو
کاتیی، قبوڵی ئەو تابلۆ نوێیەیان کردوە کە ئێستا لەشاری حەسەکەدا هەڵواسراوە.
