شارپرێس:
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی ڕەوتی فوڕاتەینو هاوپەیمانێتیی ئاوەدانکردنەوەو
گەشەپێدانو هاوكات سەرۆک وەزیرانی پێشوى عێراق، لەوتارێکی گشتگیرو ستراتیژیدا بەبۆنەی
"ڕۆژی سەربەخۆیی نیشتمانی" لەبەغدا، هاوکێشەیەکی نوێی بۆ پاراستنی قەوارەی
دەوڵەت ڕاگەیاند؛ سودانی جەختیکردەوە، هیچ سەربەخۆییو دەسەڵاتێکی باڵا بۆ عێراق جێگیرنابێت
ئەگەر نەخرێتەسەر بنەمای ئابورییەکی بەهێز، دامەزراوەی بەرهەمهێنو دورکەوتنەوە لەناکۆکییە
سیاسییو پێکهاتەیییەکان.
نوسینگەی سوودانی کرۆکی نەخشەڕێگه ئابورییو سیاسییەی لەچەند تەوەرێکی
سەرەکیدا کورتکردوەتەوەو ڕایگهیاندوه، "ئەو دەوڵەتەی خاوەنی ژێرخانێکی پێشکەوتوو،
کەرتی کشتوکاڵو پیشەسازیی ناوخۆییو توانای وەبەرهێنان نەبێت، هەمیشە لەبەردەم مەترسیی
پاشکۆیەتیو گوشاری دەرەکیدا دەمێنێتەوە؛ تەنانەت ئەگەر لەڕوی سەربازییو سیاسییەوە
هێزێکی تەواویشی هەبێت".
دهشڵێت، "شەڕی هێزە فەرمییەکان دژ بەگەندەڵی، بەهەدەردانی
سامانی گشتییو بێکاریی، تەنها کارێکی خزمەتگوزاری نییە، بەڵکو شەڕێکی سەرەکییە بۆ
پاراستنی سەروەرییو پێگەی دەوڵەت لەناوچەکەدا".
سودانی ئاماژەی بەوەداوه، عێراق لەڕابردودا بەهۆی جەنگە یەک لەدوای یەکەکانو
دەستوەردانە دەرەکییەکانەوە، باجی مرۆییو مادیی یەکجار قورسیداوە، کاتێک خاکەکەی
کرابوە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی کێشە هەرێمیو نێودەوڵەتییەکان.
سەرۆک وەزیرانی پێشوى عێراق ڕاشیگەیاند، پێویستە عێراق لەم قۆناغەدا
ببێتە هێزێکی کاریگەر لەدەوروبەری خۆیداو پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرجەم لایەنەکاندا
هاوسەنگ بکات، بەو مەرجەی تەنها خزمەت بەبەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی گەلی عێراق
بگەیەنێت.
ئاماژهى بهمەرجی سەقامگیریی نیشتمانی كردوهو هۆشداریدا، دەوڵەت
ناتوانێت ئەرکە ڕاستەقینەکانی خۆی جێبەجێبکات کاتێک لێکترازانو دابەشبونی تائیفیو
نەتەوەیی لەناوخۆدا هەبێت؛ دهشڵێت، "عێراق تەنها بەیەکگرتویی سەرجەم ڕۆڵەکانییەوە
بەهێز دەبێتو ئەگەر هەر چینو پێکهاتەیەک هەست بەپەراوێزخستن یان پشتگوێخستن
بکات، ئاسایشی وڵاتەکە جێگیرنابێت".
