شارپرێس:
یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یهپهژه) بەتوندی ئیدانەی ئەو دەستدرێژییە
قورسەی کرد کە هەینی ڕابردوو لەشاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان کرایەسەر تابلۆیەکی
ڕیکلامی کە وێنەی "کەزییەکی قژ"ی لەسەر کێشرابوو؛ وتهبێژى یهپهژه-ش
هۆشداریدهدات، "ئەو ڕوداوە تەنها هێرشکردن نەبوە بۆسەر تابلۆکە، بەڵکو بەئامانجگرتنی
کەرامەت، بەهاو بونی ئافرەتانو سەرجەم خەڵکی ناوچەکە بوو".
ڕۆکسەن محەمەد وتەبێژی فەرمیی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یهپهژه)
لەبەیاننامەیەکی فەرمیدا دهڵێت، "ئەم کارە تێکدەرانەیە بەهیچ شێوەیەک سەرپێیو
ڕێکەوت نەبوو، بەڵکو گوزارشتە لەعەقڵییەتێکی دوژمنکارانە کە ئامانجی سەرەکیی شێواندنی
ئارامیو تێکدانی تەواوەتیی سەقامگیریی ئەم پارێزگایەیە".
وتەبێژی یەپهژه پەردەی لەسەر لایەنە شاردراوەو مەترسیدارەکانی پشت
ئەو ئاژاوەگێڕییە لاداو ئاشکرایکرد، "لەناو ڕوداوەکانی ههینیدا، دروشمی ڕەگەزپەرستانەی
نەتەوەیی بەرزکراوەتەوەو هاوشان لەگەڵ ئەمەشدا، دروشمو نیشانەکانی گروپى تیرۆریستیی
داعش هێنراونەتە ناو شەقامەکانەوە؛ ئەمەش پیشانیدەدات کە ئەو لایەنانەی لەپشت تێکدانی
بارودۆخی حەسەکەوە وەستاون، تەنها دژ بەبەهاکانی گەلەکەمان نین، بەڵکو بەتەواوی دژ
بەیاساکانیش کاردەکەن".
لەکۆتایی پەیامەکەیدا، وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی ژنان هۆشداریدایە
لایەنە بەرپرسەکانو داوای لەدەسەڵاتدارانی ناوچەکە کرد، هەڵوێستێکی تەواو ڕونو یەکلاکەرەوە
بگرنەبەرو خێرا ئەو کەسو تاقمە ئاژاوەگێڕانە دەستگیربکەنو ڕادەستی دادگایان بکەن
تا سزای یاساییی خۆیان وەربگرن پێشئەوەی دۆخەکە پەرە بستێنێت.
ئەم لێدوانە توندە پیشانیدەدات، چۆن هێرشکردنەسەر هێما کولتورییو مەدەنییەکان،
مەترسیی سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی فیکری توندڕەوی لەناوچەکەدا زیندوو دەکاتەوە.
