دوای دەنگۆی ناردنی هێزی سەربازیی سوریا بۆ یەمەن؛ سەرۆک ئەرکانی تورکیا په‌یوه‌ندیى به‌هاوتا سوریه‌كه‌وه‌ ده‌كات

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4366 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەپێشهاتێکی ئەمنیی کتوپڕو زۆر گرنگدا لەسەر ئاستی ناوچەکە، سەلجوق بەیرەقدار ئۆغڵو سەرۆکی دەستەی ئەرکانی گشتیی تورکیا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ عەلی نورەدین نەعسان هاوتاکەی لەدەسەڵاتی سوریا دیمەشق ئەنجامدا؛ ئەم پەیوەندییەش ڕاستەوخۆ دوای بڵاوبونەوەی چەندین دەنگۆ دێت سەبارەت بەناردنی هێزێکی سەربازیی لەلایەن دەسەڵاتی شه‌رعه‌وه‌ بۆ یەمەن بەمەبەستی پاڵپشتیکردنی سعودییەکان لەشەڕی دژ بەگروپی حوسییەکان.


دەستەی ئەرکانی گشتیی تورکیا لەبڵاوکراوەیەکدا لەڕێگەی هەژماری فەرمیی خۆیەوە، پشتڕاستیکردەوە، ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە لەنێوان بەیرەقدار ئۆغڵوو نەعساندا ئەنجامدراوەو تێیدا تاووتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات‌و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە کراوە، بەبێئەوەی وردەکاریی زیاتر لەوبارەیەوە بخاتەڕوو.

دوابەدوای بڵاوبونەوەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانی لەئاژانسە نێودەوڵەتییەکانەوە کە باسیان لەوەدەکرد، دەسەڵاتی دیمەشق تاووتوێی ناردنی هێزێکی سەربازیی بۆ یەمەن دەکات بۆ پاڵپشتیی سعودیە دژ بەحوسییەکان، دەسەڵاتی گواستنەوەی دیمەشق بەفەرمی ئەو زانیارییانەی ڕەتکردەوە؛ بەڵام پێگەیەکی ئەلیکترۆنیی تورکی جەختیکردەوە، سوریا لەژێر گوشاردا هێز دەنێرێت.

هاوكات پێگەی ئەلیکترۆنیی تورکیا ئه‌لیه‌وم ئاشکرایکردوە، دەسەڵاتی دیمەشق هێزێکی سەربازیی کە بە"سیمبولی" وەسفیکردوە، ڕەوانەی عەرەبستانی سعودی دەکات؛ ئەمەش تەنها بەمەبەستی ڕزگاربون‌و کەمکردنەوەی ئەو گوشارە ئەمریکییەی کە لەسەریەتی‌و پێگەکە بانگەشەی ئەوەشیکردوە، ئەم هێزە بەهیچ شێوەیەک بەشداریی ڕاستەوخۆ لەشەڕەکانی ناو یەمەندا ناکات.