شارپرێس:
مانیفێستۆی کۆمەڵگەی کۆمیناڵی دیموکراتیک کە لەچوارچێوەی بیرکردنەوەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)و مێژوی دوای دەستپێشخەریی ئاشتیی 27ی شوباتی 2025دا نوسراوە، گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لەتێڕوانینی سیاسیی ناوچەکەدا دروستدەکات، ئەم مانیفێستۆیە پرسیارە کلاسیکییەکانی وەک "چۆن کورد دەوڵەت دروستبکات؟" دەگۆڕێت بۆ "چۆن کۆمەڵگە خۆی بەڕێوەبەرێت؟"و دەوڵەت نەک وەک هێمای ئازادی، بەڵکو وەک ناوەندی نوێی کۆکردنەوەی دەسەڵات دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
پڕۆژە فیکرییەکەی ئۆجەلان کە وەک دەقێکی کراوە بۆ ڕەخنەو تاقیکردنەوە پێشکەشکراوە، لەچەند بەشێکی سەرەکیدا کورتکراوەتەوە، بۆ نمونه باسى کۆمین وەک یەکەی بنەڕەتیی دیموکراسی كراوه، لهو ڕوهشهوه مانیفێستۆکە "کۆمین" وەک بنەمای بەشداریی ڕاستەوخۆی هاوڵاتیان دەبینێت، بەڵام شیکارییەکە پرسیارە تەکنیکییەکان دەوروژێنێت؛ لەوانە چۆن دەکرێت تۆڕە ئاڵۆزەکانی مۆدێرنیتە وەک (ژێریی دەستکرد، سیستمی بانکی، هێڵەکانی وزەو دادگاکان) لەنێوان ئاستی کۆمینو ئاستی گشتیی دەوڵەتدا بەشێوازێکی کارا ڕێکبخرێن.
ئاماژه بهخوێندنەوەی مێژوو و ڕەخنە لەسەرمایەداریی-ش كراوه، بۆ ئهوهش، مانیفێستۆکە مێژوی مرۆڤایەتی لەکۆمەڵگەی دایکانەوە تا پیاوسالارییو مۆدێرنێتەی سەرمایەداریی شیکار دەکاتو سەرنجدەخاتەسەر بەکاڵاکردنی مرۆڤو وێرانکردنی ژینگە، لێکۆڵینەوەکە جەختدەکاتەوە، بۆ بەهێزکردنی ئەم مۆدێلە، پێویستە جیاکاریی لەنێوان جۆرەکانی سەرمایەداریدا (وەک سۆسیالدیموکراسیو سەرمایەداریی دەوڵەتی) بکرێت تا مۆدێلە جێگرەوەکە بەوردی دیاریی بکرێت.
باسى چەمکی جەنگی سێیەمی جیهانیش كراوه، لهو ڕوهشهوه ئۆجەلان جەنگ تەنها بەپێکدادانی سوپاکان نابەستێتەوە، بەڵکو بەکێبڕکێی هێزە سەرمایەدارەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەو ناوچە ستراتیژییەکان پێناسەی دەکات؛ ئەمەش وادەکات پرسی کورد لەکێشەیەکی نەتەوەیی تەسکەوە ببێتە بەشێک لەپڕۆژەی ڕزگاریی گشتگیری گەلان.
