شارپرێس:
لەپێشهاتێکی دیپلۆماسیو ئەمنیی زۆر قورسدا،
29 دەوڵەت لەنێویاندا (ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنساو ئەڵمانیا)، لەبەیاننامەیەکی
هاوبەشدا بەتوندی ئیدانەی چالاکییە دوژمنکارییەکانی ئێرانیان کردوه؛ پاشئەوەی
حکومەتی لەندەن بەفەرمی تێوەگلانی تارانی لەڕوداوە ئەمنییەکەی بنکەی ئاسمانیی (فەیرفۆرد
ـ Fairford)ی بەریتانیا ڕاگەیاندو بەڵێنیاندا بەدواداچون
بۆ سزادانی بەرپرسانی ئەوکارە بکەن.
ئەو 29 دەوڵەتە لەبەیاننامە هاوبەشەکەیاندا
بەتوندی سەرکۆنەی پەنابردنی ئێرانیان کرد بۆ ئەنجامدانی هێرشی توندوتیژانە کە
پلانگێڕیی بۆ کردەوەی کوشندە، بەئەنقەست ئاگرکەوتنەوە، تێکدەرانیو هێرشی ئەلیکترۆنی
(سیبرانی) دەگرێتەوە، لەندەن جەختیکردوەتەوە، ڕوداوەکەی 27ی ئەیلولی ڕابردوو لەبنکەی
هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیا لەفەیرفۆرد (کە هێزەکانی ئەمریکاش بەکاریدههێنن)،
پیشانیدەدات، سوپای پاسدارانی ئێران بەتەواوی ئامادەیە چالاکییە دوژمنکارییەکانی لەڕێگەی
تۆڕی نهێنیو گروپە بەکرێگیراوەکانیەوە بۆ دەرەوەی سنورەکانی بگوازێتەوە.
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم هێرشە
پاش شەپۆلێک لەکردەوەی هاوشێوە دێت لەسەرتاسەری ئەوروپادا کە کەنیسەو ناوەندەکانی
جولەکە، ڕۆژنامەنوسانی ئۆپۆزسیۆنى ئێرانییو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایان کردبوە
ئامانج، بەرپرسیارێتیی ئەم هێرشانەش لەلایەن جوڵانەوەیەکی ئیسلامییەوە بەناوی
(بزوتنەوەی ئیسلامیی ئەسحابولیهمین ـ HAYI)
ڕاگەیەندراوە.
ئهو وڵاتانهى واژۆیان كردوه جەختیانکردوهتهوه،
هەر هەڕەشە، ترساندن، یان ئازاردانی کەسایەتییەکان لەناو خاکەکانیاندا لەڕێگەی بریکارەکانی
ئێرانەوە بەهیچ شێوەیەک قبوڵکراونییە.
ئاندی بێرنهام سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەبەردەم
ئەنجومەنی گشتیدا (پەرلەمان) ڕایگەیاند، ڕوداوە ئەمنییەکەی بنکەی فەیرفۆرد "بەشێوازێکی
نیمچە دڵنیا" لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە ئاڕاستەکراوە، وتیشى، "هەڵسەنگاندنەکانمان
پیشانیدەدەن کە ئەمکارە لەناو ئێرانەوە ڕێکخراوە؛ ئێمە هەرگیز ڕێگە بەم هەڕەشانە
نادەین لەسەر خاکەکەماندا".
حکومەتی بەریتانیا بهزویى باڵیۆزی ئێرانى لەلەندەنی
بانگهێشتکرد تاوەکو ناڕەزایەتیو توڕەیی توندی وڵاتەکەی پێڕابگەیەنێت بەرامبەر هەوڵە
بەردەوامەکانی تاران بۆ تێکدانی ئاسایشی بەریتانیاو هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی لەڕێگەی
تۆڕە تاوانکارییەکانی کەرتی دەوڵەتەوە.
ئەم 29 وڵاته بەڵێنیاندا ههماههنگیهكانیان
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سەروەریی خاکەکانیان توندتر بکەنو سەرجەم ئەوکەسانەش
ڕادەستی دادگا بکەن کە بەناوی ئێرانەوە ئەوکارە تێکدەرانەیان ئەنجامداوە.
لەبنکەی هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیا لەفەیرفۆرد
كه لەلایەن سوپای ئەمریکا-شهوە بەکاردێت، ڕوداوێکی ئەمنیی مەترسیدار لە27ی ئەیلولی
ڕابردودا ڕویدا، تێیدا لەڕێگەی هێرشێکی تێکدەرانەوە هەوڵدرابوو زیان بەژێرخانی بنکەکە
بگەیەندرێت، حکومەتی بەریتانیا پاش لێکۆڵینەوەکان ڕایگەیاند، هێرشەکە بەشێوازێکی
"نیمچە دڵنیا" لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە ڕێکخراوەو لەڕێگەی تۆڕی
گروپە بریکارەکانو بەتایبەت جوڵانەوەیەکی ناسراو بە«ئەسحابولیهمین ـ HAYI) پەرەی پێدراوە؛ ئەمەش وەک بەشێک لەشەپۆلی هێرشە
سیبرانی، ئاگرکەوتنەوەو تێکدەرانەکانی تاران لەسەرتاسەری ئەوروپادا دژ بەبەرژەوەندییەکانی
ڕۆژئاوا تۆمارکرا.
