وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ یەکەمجار ئامارێك لەسەر گەندەڵی‌و بیرۆکراسیی کەرتی نەوتی عێراق بڵاودەکاتەوە

کوردستان

53 خولەک پێش ئێستا‌ 2140 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەحمەد موفتی بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم لەلێدوانێکی گرنگ‌و پڕ لەزانیاریی ناوازەدا، هێرشێکی توند دەکاتەسەر سیستەمی بەڕێوەبردنی کەرتی وزە لەبەغداو ڕایدەگەیەنێت، "عێراق بەدەست بونی بیرۆکراسییەتی کوژرەرو کادیری کلاسیکی کەرتی نەوتەوە دەناڵێنێت کە بونەتە گەورەترین ڕێگر لەبەردەم پێشکەوتن، پەرەپێدان‌و تێگەیشتنی هاوچەرخ بۆ کەرتی وزە لەوڵاتدا".


موفتی بەپشتپەستن بەژمارەو داتای ورد، پاشەکشێی کەرتی نەوتی عێراقی لەچەند تەوەرێکی سەرەکیدا ڕونکردەوەو وتى، "لەساڵی 2003و دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق، وەزارەتی نەوتی عێراق تەنها 30 هەزار فەرمانبەری هەبوو و بڕی بەرهەمهێنانی نەوتیش سێ ملیۆن بەرمیل بوو لەڕۆژێکدا، بەڵام ئێستا کە لەساڵی 2026داین، ژمارەی فەرمانبەرانی ئەو وەزارەتە بەشێوەیەکی نالۆژیکی بەرزبوەتەوە بۆ 200 هەزار فەرمانبەر، لەکاتێکدا بەرهەمهێنانی نەوت تەنها یەک ملیۆن بەرمیل زیادبوەو گەیشتوەتە چوار ملیۆن بەرمیل، ئەمەش کێشەیەکی گەورەی هەڵاوسانی کارگێڕیی پیشاندەدات".

ئەحمەد موفتی پێگەی ستراتیژیی هەرێمی کوردستانی لەکەرتی غازدا بەفەرمی ڕاگەیاندو ئاماژەی بەوەکرد، ڕێک 37٪ی هەموو غازی عێراق لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بەرهەمدەهێنرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەغدا لەڕوی دارایی‌و یاساییەوە بەردەوام کێشە بۆ کەرتی وزەی هەرێم دروستدەکات".

بەرپرسەکەی حکومەتی هەرێم پەردەی لەسەر شکستی کارگێڕیی بەغدا لادا لەمەلەفی غازداو ڕایگەیاند، عێراق خاوەنی چوار کێڵگەی زۆر گەورەی غازە، بەڵام بەهۆی عەقڵییەتی کلاسیکی بەڕێوەبردنەوە، تائێستا نەیتوانیوە هیچ سودێکیان لێ ببینێت یان پڕۆسەی بەرهەمهێنانی بازرگانیی تێدا ئەنجامبدات.\

وەک پێشنیازێکی ڕیشەیی بۆ هاوتەریببون لەگەڵ پێشکەوتنەکانی جیهان، موفتی داوایکرد، دەبێت ناوی وەزارەتی نەوتی عێراق بەفەرمی بگۆڕێت بۆ وەزارەتی نەوت‌و گاز؛ بۆ ئەوەی گرنگیی تەواو بەمەلەفی خاوێنی غاز بدرێت نەک تەنها غاز وەک پاشکۆی نەوت تەماشا بکرێت.

ئەم ئاشکراکردنە دارایی‌و کارگێڕییە نوێیە لایەنە شاردراوەکانی ململانێی نەوت‌و غازی نێوان هەولێرو بەغدا دەخاتە قۆناغێکی نوێوە، کە تێیدا هەرێم وەک جەمسەرێکی بەهێزی غاز لەناوچەکەدا دەردەکەوێت.