نەریتێكی‌ كۆن زیندوو دەكەنەوە.. مەڕدارەكانی‌ گەرمیان روو لەكوێستانەكان دەكەن

کوردستان

25/08/2018‌ 2969 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
چەند ساڵێك پێش ئێستا ئەم دیمەنە كەم بەرچاو دەكەوت، شوانێك سەدان مەڕی‌ پێش خۆی‌ داوەو بەدەیان كیلۆمەتر دەبڕێت بۆ ئەوەی‌ لەوەڕێكی‌ باش بۆ ماڵاتەكەی‌ دەست بخات.

محەمەد عەبدوڵا، دوای‌ ئەوەی‌ نزیكەی‌ سەد كیلۆمەتری‌ بڕیبوو، مەڕەكانی‌ لەدەشتی‌ گەرمیانی‌ باشووری‌ خۆرهەڵاتی‌ سلێمانییەوە گەیاندبووە قەزای‌ پێنجوێنی‌ باكوری‌ خۆرهەڵاتی‌ سلێمانی‌، بەدیار ماڵاتەكەیەوە دانیشتبوو بیری‌ لەوە دەكردەوە كە چۆن دەیان ساڵ لەمەوبەر بارووباپیرانی‌ ئەو ماوە زۆرەیان بڕیوە بۆ لەوەڕاندنی‌ مەڕوماڵاتەكەیان.

كەمی‌ رێژەی‌ باران بارین لەوەرزی‌ زستانی‌ ئەمساڵدا لەناوچەی‌ گەرمیان، بەروبومێكی‌ كشتوكاڵی‌ ئەوتۆی‌ نەدا بەدەستەوەو لەگەڵ ئەوەشدا لەوەڕگاكانی‌ ناوچەكە توانای‌ بەخێوكردنی‌ مەڕو ماڵاتیان نەما‌و بێ لەوەڕی‌ رووی‌ لەناوچەكە كرد، بەشێكی‌ زۆری‌ مەڕدارەكانی‌ ناوچەكە بۆ دابینكردنی‌ لەوەڕگا بۆ مەڕو ماڵاتەكانیان روویان لەقەزای‌ پێنجوێن‌و ناوچە سەوزەكانی‌ تر كرد.

مەڕدارەكان كە دەیان كیلۆمەتر لەناوچەكانی‌ خۆیان دوور دەكەونەوە، هەر وازوو ناگەڕێنەوە، بەڵكو چەند مانگێك رەشماڵ هەڵدەدەن تا ئەوكاتەی‌ وەرزی‌ تەڕوتووشی‌ روو لەناوچەكانی‌ خۆیان دەكاتەوە.

محەمەد عەبدوڵا (40) ساڵ، دانیشتووی‌ گوندی‌ (حەسیرە)یە لە قەزای‌ كفری‌ سەر بەپارێزگای‌ سلێمانی‌، هۆكاری‌ گەیشتنیانی‌ بەلەوەڕگاكانی‌ نزیك پێنجوێن بۆ نەبونی‌ لەوەڕی‌ پێویست دەگەڕێنێتەوە لەگوندەكەی‌ خۆیان، ئێستا هەست بەئاسودەی‌ دەكات كە مەڕەكانی‌ لەلەوەڕێكی‌ زۆرو زەوەن دان.

محەمەد كە خاوەنی‌ 450 سەر مەڕو بزنە بە"نیقاش"ی‌ وت "ئەمساڵ باران كەم باری‌ لەناوچەی‌ گەرمیان نە دانەوێلە سەوز بوو تاوەكو لەوەرزی‌ هاویندا مەڕ لەجاڕەكانیدا بلەوەڕێنین‌و نە گژوگیایش سەوز بوو، بۆیە ناوچەكە بەتەواوی‌ رووتاوەتەوە مەڕو ماڵات تیایدا بەخێو ناكرێت، بەڵام لەناوچە كوێستانیەكان لەوەڕو ئاوی‌ زۆر هەیە".

وتیشی‌ "ئێستا ئێمە بەماڵ‌و منداڵەوە دوای‌ مەڕو ماڵاتەكەمان كەوتووین لەبەرئەوەی‌ بژێوی‌ ژیانمان لەسەر بەرهەمەكەیەتی‌‌و ناتوانین دەستی‌ لێ هەڵبگرین، ئەم جۆرە لەگەرمیان‌و كوێستان كردنە سودی‌ زۆری‌ بۆ مەڕ هەیە لەبەرئەوەی‌ لەوەڕی‌ پاك دەخوات‌و لەكەش‌و هەوایەكی‌ فێنك دایە، بەڵام خۆمان زۆر ماندوو دەبین بەدەستیانەوە لەدەواردا دەژین".

هەروەها دەڵێت "بەمنداڵی‌ بەبیرم دێت باوكم‌و خزمەكانم گەرمیان‌و كوێستانین دەكرد، ئەوان هەموو ساڵێك ئەو كارەیان دووبارە دەكردەوە‌و پێی‌ راهاتبوون، وەرزی‌ زستان‌و هاوین نەبێت چەند مانگێگ لەشوێنێكدا بەجێگیری‌ دەمانەوە، ئەگەرنا وەرزەكانی‌ تر بەدەوام لەباركردن‌و رەوكردندا بوون".

گەرمیان‌و كوێستان كردنی‌ مەڕداران پیشەی‌ زۆربەی‌ مەڕدارانی‌ هەرێم بووە، لەناوەڕاستی‌ وەرزی‌ بەهاردا لەناوچە گەرمەكانەوە قۆناغ بەقۆناغ كۆچیان كردووە‌و لەسەرەتای‌ وەرزی‌ هاویندا لەناوچە كوێستانیەكان بارگەو بنەیان خستوەو رەشماڵیان هەڵداوەو دواتر بەپێچەوانەوە گەڕاونەتەوە، بەڵام لەسەرەتای‌ ساڵانی‌ حەفتاكانی‌ سەدەی‌ رابردووەوە ئەم گەرمیان‌و كوێستانە تەواو كەمبووەتەوەو لەكۆتایی‌ هەشتاكانیش كە گوندەكانی‌ كوردستان لەسەر دەستی‌ رژێمی‌ بەعس بەر پرۆسەی‌ "ئەنفال" كەوتن، ئیتر ئەم دیاردەیە بەنزیكەیی بوونی‌ نەماوە.

عادل محەمەد (45 ساڵ) مەڕدارێكی‌ گوندی‌ "دڕكە"ی‌ قەزای‌ كەلارە، لەئێستادا لەگوندی‌ "تازەدێ"ی‌ قەزای‌ پێنجوێن ڕەشماڵی‌ هەڵداوە، وەك خۆی‌ دەڵێت باو باپیرانی‌ سەردەمی‌ زوو سنوری‌ هەرێمی‌ كوردستانیان بڕیوەو چونەتە گوندەكانی‌ شاری‌ مەریوان لەكۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران.

عادل بە"نیقاش"ی‌ وت "گەرمیان‌و كوێستانكردن پیشەی‌ باوباپیرانمان بووە، ئێمەیش ئاشنایەتیمان لەگەڵیدا هەیە، بەڵام بەهۆی‌ بوونی‌ لەوەڕگاوە لەگوندەكانی‌ خۆمان وازمان لێهێنابوو، نەبونی‌ لەوەڕ ئەم ساڵ ناچاری‌ كردین نەریتی‌ كۆنی‌ باوباپیرانمان زیندوو بكەینەوە بەهەمان حەماسەتی‌ رابردوەوە دەستمانداوەتە كۆچكردن".

ئەوەی‌ گەرمیان‌و كوێستانی‌ ئێستا لەوەی‌ رابردوو جیا دەكاتەوە ئاسانی‌ پرۆسەكەیە، چونكە جاران كاكی‌ شوان ناچاربووە دەیان كیلۆمەتر بەپێی‌ یان لەسەر پشتی‌ وڵاخ لەگەڵ مەڕو ماڵاتەكەی‌ ببڕێت تا گەیشتووەتە شوێنی‌ مەبەست، بەڵام ئێستا هەندێ‌ لەشوانەكان مەڕوماڵاتەكەیان سواری‌ ئۆتۆمبێل دەكەن‌و بەچەند كاروانێك دەیانگەیەننە ئەو لەوەڕگایەی‌ دەیانەوێت.

ئەو مەڕدارە كە خاوەنی‌ 500 سەر مەڕو بزنە كۆچكردنیان لەگەرمیانەوە بۆ كوێستان بەزەحمەت ناودەبات، لەبەرئەوەی‌ منداڵەكانیان رانەهاتوون بەژیانی‌ ژێر رەشماڵ، لەگەڵ ئەوەشدا تێچووی‌ كۆچكردن‌و كڕینی‌ لەوەڕگاكان لەكوێستانەكان خەرجیەكانیانی‌ زیاد كردووە.

مەڕدار بەر لەوەی‌ بچێتە لەوەڕگا نوێیەكە، پێش لەگەڵ خەڵكی‌ ناوچەكەو خاوەنی‌ زەوییەكە رێكدەكەوێت بۆ ئەو چەند مانگەی‌ لەوێ‌ دەمێنێتەوەو تا مەڕەكانی‌ تێر لەوەڕ دەبن بڕێك پارە دەداتە خاوەنی‌ زەوییەكە.

ئەو دوو مەڕدارەی‌ گەرمیان سێ مانگە لەنزیك قەزای‌ پێنجوێن بارگەیان خستوە، لەگەڵ كۆتای‌ هاتنی‌ مانگی‌ ئەیلولدا ئەوانیش نزیك دەبنەوە لەكاتی‌ گەڕانەوەیان بۆ ناوچەی‌ گەرمیان‌و دەبێت هەمان رێگا ببڕنەوە كە پیای‌ رۆیشتوون.

بەپێی‌ ئامارەكانی‌ وەزارەتی‌ كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی‌ ئاوی‌ هەرێم نزیكەی‌ چوار ملیۆن‌و 500 هەزار سەر مەڕو 280 هەزار سەر رەشەوڵاخ لەهەرێمی‌ كوردستاندا هەیە‌و بەشێك لەمانەش ئەم ساڵ گەرمیان‌و كوێستانیان پێكراوە.

رەمەزان كەریم بەڕێوەبەری‌ سامانی‌ ئاژەڵ لەوەزارەتی‌ كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی‌ ئاو بە"نیقاش"ی‌ وت "خەڵكی‌ دەستی‌ كردۆتەوە بەبەخێوكردنی‌ ئاژەڵ، گەرمیان‌و كوێستانیان پێدەكرێت، بەڵام بەهۆی‌ ئەوەی‌ بەشێكی‌ زۆری‌ كوێستانەكان تەلبەند كراون، بۆیە بەخێو كردنیان زەحمەت بووە".

لەم چەند ساڵانەی‌ دوایی دانیشتوانی‌ ناو شارەكانی‌ هەرێم راهاتوون لەدەرەوەی‌ شارەكان بۆ كەیف‌و سەفا باخچەو هەواری‌ هاوینە دروست بكەن‌و هەر ماڵێكیش چەند دۆنمێكیان كڕیوەو بۆ جیاكردنەوەیان تەلبەندیان كردووە.

بەڕێوەبەرەكەی‌ سامانی‌ ئاژەڵ وتیشی‌ "ئەو شێوازە بەخێوكردنەی‌ ئێستا وەكو پێویست نییە، باشترە لەپرۆژە مام ناوەند‌و گەورەكاندا بەخێو بكرێن، ئەوەش روونە هەرێمی‌ كوردستان زۆر لەو رێژە ئاژەڵە زیاتر هەڵدەگرێت كە تێیدا بەخێو دەكرێت".