شارپرێس: ناوی سابوونی رەقی، كە كۆنترین سابوونە لەجیهاندا ، بەناوی شاری حەلەبەوە بەستراوە، ئەو شارەی بەرهەمەكانی و پیشەسازییە كلاسیكییەكەی بۆ درووستكردنی ئەو سابوونە ناو و ناوبانگیكی ئەوتۆی پەیدا كردووە، كە هیچ كام لە شارە عەرەبی و جیهانییەكان پێی ناگەن . حەلەبییەكان لە پیشەسازی سابوونی رەقی پێشەنگن ، بەجۆریك چەند خیزانێكی ئەو شارە، كە بەو پیشەیەوە خەریكن ، ناوبانگیكی زۆریان پێپەیدا كردووە ، تەنانەت ناوی هەندێك لەو خێزانانە بەسەر چەندین جۆر و شێوەی جۆراوجۆری ئەو سابوونەوەیە، ئەو سابوونەی بەهۆی بوونی زەیتی زەیتوونەوە چەندین سوود و كەڵكی هەمەجۆری بۆ جەستە و قژ ی مرۆڤ هەیە، لەچەند ساڵی ڕابردوودا ، بەهۆی دەستگرتنی ڕێكخراوی بەرەی نووسرە بەسەر زۆربەی گەرەكەكانی رۆژهەڵاتی حەلەب ، بووە هۆی داخستنی بەشی زۆری ئەو كارگانەی سابوونی ڕەقییان بەرهەم دەهێنا ، ئەمەش وایكرد ئەو كەسانەی پسپۆڕیو شارەزاییان لەو پیشەسازیەدا هەبوو بەرەو وڵاتانی وەك توركیا و وڵاتانی تری باكووری ئەفریقیا كۆچ بكەنو مەترسییەكی راستەوخۆ لەسەر بەرهەمهێنانی ئەو سابوونە درووست ببێت، كە پیشتر بەرهەمەكانی بۆ زۆربەی وڵاتانی جیهان هەناردە دەكرا. "تەلاڵ ئەنیس" یەكێك لەدرووستكەرانی " سابوونی رەقی" بە ئاژانسی سپۆتنیكی وتووە: دوای ئەوەی ماوەیەكە شاری حەلەب بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، سەقامگیری بەخۆوە بینیوەو خەڵكەكەش تاراددەیەك ژیانیكی ئاساییان بۆ گەراوەتەوە، ئەمە وایكردووە پرۆسەی بەرهەمهینانی ئەو سابوونە لەچاو ساڵانی پێشووتر خێراتر و باشتر ببێت . ئەنیس قۆناغەكانی درووستكردنی ئەو سابوونەی بۆ ئاژانسی سپۆتنیكی رووسی باس كردووەو وتوویەتی "دوای لێكردنەوەی زەیتوونەكە و بەرهەمهێنانی زیتوون ، رۆنی زەیتوونەكە لەگەڵ ئاو و سۆدای كۆستیك دەكوڵێنرێت ، دوای دوو ڕۆژ چاوەروانی ، شلەكە لەسەر زەوییەكی فراوان ڕۆدەكرێت تانیمچە وشك دەببێتەوە ، دوای ئەوە دەست دەكرێت بە پرۆسەی بڕینی سابوونەكە بەهێڵی دریژ و هیڵی پان ، دوای درووستبوونی شێوەی سابوونەكە ، مۆری تایبەت بە درووستكەری سابوونەكەی لێدەدریت". ئەنیس لە دریژەی قسەكانیدا دەشڵێت "دوای ئەم قۆناغە سابوونەكان بەشیوەی هەرەمی قوچەكی دادەنرێت ، كە پێیدەوترێت ڕیگای بیبار، تاوەكو كەلێن و بۆشایی لەنێوان سابوونەكان هەبێت و ڕێگە بە هەواگۆڕكێ بدات ، لەدوا قۆناغیشدا بۆ ماوەی ٦ بۆ ٩ مانگ كار لەسەر وشككردنەوەی سابوونەكە دەكرێت ، لەكۆتایشدا سابوونەكە ئامادە دەبێت بۆ فرۆشتن و بەبازاركردن . ئەنیس باس لەوەش دەكات، كە پێش شەر ، سابوونی حەلەبی بازارەكانی جیهان بەتایبەت ئەوروپای داگیر كردبوو ، بە بڕیكی زۆر دەنیردرا بۆ بازارەكانی جیهان و پیشوازییەكی زۆری لیدەكرا ، تاوایلێهات ئەو سابوونەی حەلەبییەكان شانازییان پێوەدەكرد ، وەك ماركەیەكی نیشتیمانیی سوریایی بناسرێت. میژووی سابوونی حەلەبی 'رەقی ' لەو شارە بۆ ٢٠٠٠ ساڵ پیش زایین دەگەڕێتەوە ، لەوكاتەشەوە هیچ گۆرانكارییەكی ئەوتۆ لەشیوەی درووستكردنیدا رووینەداوە ، بەڵكو لەوكاتەوە بۆ درووستكردنی پاریزگاری لە شێوە كلاسیكییەكەی و نیمچە دەستییەكەی كردووە. وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی