عێراق لەتەنگژەی دەریاوە بۆ ڕێگەی وشکانی.. تانکەرەکان دەبنە فریادڕەسی نەوت

ڕاپۆرت

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1575 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا ئاڵۆزییە جیۆپۆلیتیکییەکان سێبەری ترس‌و دڵەڕاوکێیان خستوەتەسەر ڕێڕەوە ئاوییەکانی ناوچەکە، عێراق خۆی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختی ئابوریدا دەبینێتەوە، نەبیل مەرسومی، پسپۆڕی ناسراوی بواری ئابوریی، زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدەدات‌و ئاشکرایدەکات، وەزارەتی نەوتی عێراق پەنای بۆ پلانی فریاگوزاریی بردوە تاوه‌كو شاده‌مارى ئابوریى وڵات ڕزگاربكات.


کاتێک دەریاو بۆرییەکان دادەخرێن
بەهۆی مەترسییەکانی سەر تەنگەی هورمزو پەککەوتنى هەناردەی نەوتی باشور لەلایەک‌و بەردەوامی پەککەوتنی هەناردەی نەوتی هەرێمیش لەڕێگەی بۆری جیهانەوە لەلایەکی دیكه‌، عێراق بژاردە تەقلیدییەکانی لەدەستداوە، ئەم چەقبەستوییە حکومەتی ناچارکردوە بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆچی تانکەرەکان.

سێ وڵات‌و 200 هەزار بەرمیل
به‌گوێره‌ى زانیارییەکانی مەرسومی، وەزارەتی نەوت گرێبەستی لەگەڵ چەندین کۆمپانیای گواستنەوە واژۆکردوە بۆ هەناردەکردنی بڕی 100 بۆ 200 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، ئەم کاروانە گەورانەی تانکەرەکان بەرەو سێ ئاراستەی جیاواز دەچن ئه‌وانیش (ئوردن، سوریاو تورکیا).

وه‌كو باسكراوه‌، ئەم هەنگاوە تەنها پرۆسەیەکی بازرگانی نییە، بەڵکو گوزارشتە لەنیشاندانی توانای عێراق بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ قەیرانە کتوپڕەکان‌و هێشتنەوەی کڕیارە هەرێمییەکان لەژێر هەر فشارێکی دەرەکیداو دابینکردنی بڕە پارەیەکی کاش بۆ خەزێنەی دەوڵەت کە ئێستا زیاتر لەهەر كاتێكى دیكه‌ پێویستی پێیەتی.

به‌ربه‌سته‌كان بەردەوامن
هەرچەندە گواستنەوە بەتانکەر وەک دەرچەیەک دەبینرێت، بەڵام شارەزایان هۆشداریدەدەن، تێچوی ئەم ڕێگەیە زۆر زیاترەو بڕی هەناردەکەش هێشتا ناگاتە ئاستی پێویست بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەیەی داخرانی بۆرییەکان دروستیانکردوە.

عێراق ئێستا لەکێبڕکێدایە لەگەڵ کات؛ ئایا ئەم جەنگەی تانکەرەکان دەتوانێت ئابوری وڵات لەنوقمبون بپارێزێت تائەوکاتەی ئاوەکان هێوردەبنەوەو بۆرییەکان دەستبەکاردەکەنەوە؟