شارپرێس:
لەگەرمەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە چڕەکانی ئەمریکا لەناوچەکە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتكۆم) هەواڵێکی ڕاگەیاند كه فڕۆکەیەکی زەبەلاحی تانکەری جۆری KC-135 Stratotanker لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکێکدا لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی (غەزەبی داستانەکان) لەڕۆژئاوای عێراق کەوتوەتە خوارەوە.
بهگوێرهى بەیاننامەى فهرمیى سێنتكۆم، ڕوداوەکە لەکاتژمێرەکانی ڕابردوداو لەکاتی گەشتێکی ئاسمانیی هاوبەشدا ڕویداوە، دوو فڕۆکە لەئاسماندا بون، بەڵام یەکێکیان بەهۆی تێکچونی هاوسەنگی یان کێشەیەکی تەکنیکییەوە کۆنترۆڵی لەدەستداوەو لەناوچەیەکی چۆڵی ڕۆژئاوای عێراق کەوتوەتە خوارەوە، فڕۆکەی دوەم توانیویەتی بەسەلامەتی لەیەکێک لەبنکە سەربازییەکان بنیشێتەوە.
پنتاگۆنو فەرماندەیی ناوەندیی ئهمریكا جەختدەکەنەوە، ئەو کەوتنەخوارەوەیە لهئەنجامی هیچ هێرشێکی دوژمنکارانە نەبوەو پەیوەندیی بەبەرگرییە ئاسمانییەکانی ناوچەکەوە نییە.
وهكو سێنتكۆم باسیكردوه، ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە ڕوداوەکە لەکاتی پڕۆسەی ئاڵۆزی تزویدکردنی سوتەمەنی لەئاسماندا ڕویدابێت، کە یەکێکە لەپڕمەترسیترین جۆرەکانی مانۆڕی ئاسمانیی.
ئەو فڕۆکەیەى كهوتوهته خوارهوه، بەشێکه لەو هێزە ئاسمانییە گەورەیەی کە دۆناڵد ترەمپ لەکۆتایی مانگی شوباتی ڕابردوەوە بۆ لێدانی بنکە موشەکیو ئەتۆمییەکانی ئێران دەستیپێکردوە، فڕۆکەی KC-135 وەک (دڵی لێدەری) ئەو ئۆپەراسیۆنە دادەنرێت، چونکە بەبێ ئەو، فڕۆکە جەنگییەکان ناتوانن بۆ ماوەیەکی درێژ لەئاسماندا بمێننەوە.
سهرچاوهكان باس لهوهدهكهن، تا ئەم ساتە، چارەنوسی دهستهى فڕۆكهوانیهكه کە سێ بۆ چوار کەسن بەنادیاری ماوەتەوە، تیمەکانی گەڕانو ڕزگارکردنی خێرا لەئێستادا لەشوێنی کەوتنەخوارەوەکەن، بیابانی ڕۆژئاوای عێراق بەهۆی فراوانیو سەختیی کەشوهەواوە، ئەرکی تیمەکان قورستركردوه، بەڵام سوپای ئەمریکا جهختدهكاتهوه، هەموو تواناکانی خستوەتەگەڕ بۆ دۆزینەوەی سەربازەکانی.
وهكو ڕاپۆرتهكان باسیانكردوه، کەوتنی فڕۆکەیەکی لەوجۆرە زیانێکی گەورەی لۆجستییە بۆ سوپای ئەمریکا لەگەرمەی شەڕدا، چاودێرانیش پێیانوایە، ئەو ڕوداوە دەبێتە هۆی پێداچونەوەیەکی خێرا بەسەلامەتیی گەشتە ئاسمانییەکان لەناوچەی ئۆپەراسیۆنەکەدا، بەتایبەت کە فشارێکی زۆر لەسەر فڕۆکەکان هەیە بۆ بەردەوامبون لەئەرکەکانیان.
