په‌یامێكى توند له‌ناتانیاهۆوه‌.. ده‌ڵێت: زەبرەکانمان تاران‌و حزبوڵڵاش هەڵدەتەکێنن

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1059 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپریس:

لەکاتژمێرەکانی کۆتایی ئه‌مشه‌ودا، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەیەکەم کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی خۆیدا دوای دەستپێکی شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران، پەیامێکی توندی ئاڕاستەی تاران‌و جیهان کرد، ئەم کۆنگرەیە لەکاتێکدابوو کە ئاسمانی شارە جیاوازەکانی ئێران بەهۆی هێرشە ئاسمانییە چڕەکانەوە دەلەرزێته‌وه‌.


ناتانیاهۆ بەزمانێکی بڕیاردەرانە ڕایگەیاند، "ستراتیژی ئیسرائیل گۆڕاوە بۆ تێکشاندنی سەرەکی مارەکە، ئێمە سەرقاڵی تێکشاندنی ڕژێمە تیرۆریستییەکەی ئێرانین، کۆماری ئیسلامی چیتر ئەو هێزەی جارانی نەماوەو لەبەردەم زەبرەکانماندا خەریکە دەپوکێتەوە".

ئەم وتانەی ناتانیاهۆ هاوکاتبون لەگەڵ دەستپێکی شەپۆلێکی نوێی هێرشی ئاسمانی بۆسەر بنکە سەربازیی‌و ئەتۆمییەکانی ئێران، کە ئیسرائیل وەک وەڵامێکی یەکلاکەرەوە وەسفیدەکات.

بەشێکی دیكه‌ى په‌یامه‌كه‌ى ناتانیاهۆ تایبەتبوو بەلوبنان، ئەو جەختیکردەوە، "قۆڵی بەهێزی ئیسرائیل گەیشتوەتە حزبوڵڵاو باجێکی وایان پێدەدەین کە هەرگیز بیریان لێنەکردبێتەوە، ئەرکی ئێمە دابینکردنی ئاسایشە بۆ دانیشتوانی باکورو باشور؛ حزبوڵڵا هێزی ئێمەی چەشتوە، بەڵام ئەوەی لەمەودوا دەیبینن زۆر گەورەتر دەبێت".

ئەم لێدوانە توندانە لەکاتێکدایە کە ناوچەکە لەسەر لێواری تەقینەوەیەکی گەورەدایە، چاودێرانیش پێیانوایە، ئیسرائیل بەم هێرشانە دەیەوێت پڕۆژە ئەتۆمی‌و موشەکییەکانی ئێران بۆ ساڵانێکی زۆر بگەڕێنێتەوە دواوە، لەلایەکی دیكه‌وه‌، بازاڕەکانی جیهان‌و نرخی وزە بەهۆی ئەم ئاڵۆزییە بێوێنەیەوە توشی شۆکێكى گه‌وره‌بون.

ناتانیاهۆ جه‌ختیكرده‌وه‌، "ئامانجمان چیتر تەنها بریکارەکان نییە، بەڵکو خودی ڕژێمی ئێرانە، هێرشە هاوکاتەکان بۆسەر شارەکانی ئێران نیشانەی گەیشتنی دەستی ئیسرائیلە بۆ قوڵایی تاران، بەڵێنیشمانداوه‌، تائاسایش بۆ هاوڵاتیانی ئیسرائیل نەگەڕێتەوە، ئۆپەراسیۆنەکان ناوەستێنین".

بەپەلە