شارپرێس:
شێخ ئەکرەم کەعبی ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی نوجەبا، پەیامێکی توندو ههڕهشه ئامێز ئاڕاستەی هێزە بیانییەکان لەعێراق دەکاتو ڕایدەگەیەنێت، "ئەو ڕێککەوتنانەی ڕێگە بەمانەوەی هێزەکانتان دەدەن، بێبایەخو شکستخواردون".
ئهكرهم کەعبی لهپهیامێكدا دهڵێت، "ئێمه پێشتریش لەساڵی 2010دا بەفشاری سەربازییو بەسەرشۆڕیهوه هێزە بیانییەکانمان لەعێراق وەدەرناوە، بەڵام ئێستا ئەو هێزانە لەژێر پەردەی ڕێککەوتنی سیاسیی بێ ئومێدکەر گەڕاونەتەوە، ئەوهشى كراوه، تەنها بۆ تێکدانی سەقامگیریی وڵاتە".
ئەمینداری گشتیی بزوتنهوهى نوجەبا پەردە لەسەر چەند پێشێلکارییەک لادەباتو جەختدەکاتەوە، هێزە بیانییەکان پابەندی ڕێککەوتنەکان نەبون، بەوتەی ئەو، "بنکە سەربازییەکان بۆ هێرشکردنەسەر وڵاتانی دراوسێ بەکارهێنراون، بەڵگەی تەواویش لەبەر دەستە لەسەر تێوەگلانی ئەو هێزانە لەپڕۆژە تێکدەرەکانو نانەوەی فیتنەی ناوخۆیی".
لەکۆتایی پەیامەکەیدا، کەعبی جەختی لە"بڕیاری پاراستنی عێراق" کردەوەو ڕایگەیاند، "پێویستە خاکەکە لەهەر هەژمونێکی بیانی پاکبکرێتەوە".
ئەم هۆشدارییە نوێیەی نوجەبا ئاماژەیە بۆ قۆناغێکی نوێ لەڕوبەڕوبونەوە، لەکاتێکدا کە دەنگەکان بۆ کشانەوەی تەواوەتی هێزە بیانییەکان لەعێراق لەهەڵکشاندایە.
ئەم پەیامە توندەی کەعبی لەکاتێکدایە، کە شەقامی عێراقی چاوەڕێی هەنگاوە کردەییەکانی حکومەت دەکات بۆ پاراستنی سەروەریی وڵاتو ڕێگریکردن لەهەر دەستوەردانێکی سەربازیی دەرەکی.
بزوتنەوەی نوجەبا گروپێکی چەکداری شیعەی عێراقییە کە لەساڵی 2013 دامەزراوەو لەلایەن ئەکرەم کەعبییەوە سەرکردایەتیدەکرێت، ئەو گروپە بەیەکێک لەنزیکترین هاوپەیمانەکانی ئێران لەناوچەکەدا دادەنرێتو شوێنکەوتوی ئایدۆلۆژیای "ویلایەتی فەقێ"یە.
نوجهبا لەساڵی 2013 لەلایەن ئەکرەم کەعبی دامەزرا، دوای ئەوەی لەگروپی عەسائیبی ئەهلی حەق جیابوەوە، بڕوای بەئایدۆلۆژیای شۆڕشی ئیسلامی ئێران هەیەو عەلی خامنەیی ڕێبەری كوژراوى ئێران، وەک سەرکردەی ڕوحیو سیاسیی خۆی دەبینێت، گروپەکە لەسێ لیوای سەرەکی پێکدێت ئهوانیش (لیوای عەممار کوڕی یاسر، لیوای ئەلحەمەدو لیوای ئیمام حەسەنی موجتەبا).
چالاکییە سەربازییەکانى نوجهبا، لەسوریا یەکێکبوو لەیەکەم گروپە عێراقییەکان کە چوو بۆ سوریا بۆ پشتگیریکردن لەڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، بەتایبەت لەشەڕەکانی حەلەبو دەوروبەری دیمەشق، لەعێراقیش ئەندامە لەدەستەی حەشدی شەعبی (لیوای 12)و بەشداریی لەشەڕەکانی دژی داعش کردوە، وهكو دروشمى سهرهكیشیان، بزوتنەوەکە ئامانجی سەرەکی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانانە لەعێراقو ناوچەکەو چەندین هێرشی کردوەتەسەر بنکە سەربازییەکانیان.
