ساڵانە هەزاران گەشتیاری عەرەب سەردانی ئیسرائیل دەكەن

جیهان

14/05/2019‌ 554 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەمساڵ ژمارەی ئەو گەشتیارە عەرەبانەی لەكۆمەڵێك وڵاتی عەرەبییەوە سەردانی ئیسرائیل دەكەن زیادی كردووە.

داتاكانی "فەرمانگەی دانیشتووان و كۆچ"ی ئیسرائیلی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات ژمارەی ئەو گەشتیارانەی لە وڵاتانی ئیسلامییەوە ئەمساڵ هاتوونەتە ئیسرائیل بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو ژمارەیەكی پێوانەیی تۆمار كردووە.

بەپێی داتاكان نزیكەی ٥٥ هەزار گەشتیار لەو وڵاتە ئیسلامیانەی هیچ پەیوەندییەكی دیبلۆماییان لەگەڵ ئیسرائیل نییە هاتوونەتە ئیسرائیل.

هەر بەپێی پێدراوەكان ساڵی رابردوو  ١٢٣٦٣ ئوردنی ، ٤٩٤٧ میسری سەردانی ئیسرائیلیان كردووە ، كە بەتێكڕایی ٧٢١٠٩ كەس لە وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبییەوە گەشتی ئیسرائیلیان كردووە.

فەرمانگەی دانیشتووان و كۆچی ئیسرائیلی ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە لەنێوان ئەو وڵاتانەدا تەنیا ئوردن و میسر پەیوەندی دیبلۆماسییان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە.

ئەو فەرمانگە ئیسرائیلییە راشیگەیاندووە، لەساڵی ٢٠١٨  ٣٧٥٥٥ ئیندۆنیزی سەردانی ئیسرائیلیان كردووە، كە لەچاو ٢٠١٧ بەرێژەی ٥% بەرزبۆتەوە.

هەرچی ئەو وڵاتانەن، كە هیچ پەیوەندییەكی دیبلۆماسییان لەگەڵ ئیسرائیل نییە ئەوە مەغریب لەپێشی ئەو وڵاتانەیە و لەساڵی ٢٠١٨ نزیكەی ٢١٠٨ گەشتیاریان هاتوونەتە ئیسرائیل ، دوای ئەو تونسییەكان ٩٤٩ گەشتیار ، بەپلەی سێیەم قەتەرییان ٨١ ، عوممانییەكان ٥٦ ، جەزائیرییەكان ٣٦ گەشتیار ، كوێتییەكان ٣٤ گەشتیار ، ئیماراتییەكان ٢٥ گەشتیار ، هەرچی سعوودییەكانە تەنیا ٦ گەشتیار  سەردانی ئیسرائیلیان كردووە.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵلا ئاڵی