وردەكاری ئامادەكارییەكانی ئەمریكاو شەرڤانان بۆ هێرشی سەر گروپەكانی ئێران

کوردستان

18/05/2019‌ 2517 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی سەرچاوەیەكی سوری هێزەكانی سوریای دیموكرات و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو شەرڤانان ، خەریكی ئامادەكارین بۆ هێرشكردنە سەر ئەو گرووپە چەكدارییانەی سەر بە ئێرانن لە رۆژهەڵاتی سوریا.

هەر بەپێی سەرچاوەكە یەكینەكانی پاراستنی گەل، كە پێكهینەری سەرەكی هێزەكانی سوریای دیموكراتن ، لەلایەن هاوپەیمانی نیودەوڵەتییەوە بۆ شەری دژی تیرۆر راهێنانیان پێكراوە ، لەئێستادا خەریكی ئامادەكارین بۆ هێرشكردنە سەر گرووپەكانی سەر بە ئێران لە رۆژئاوای پارێزگای دێرەزوور.

ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاندووە، یەكینەكانی پاراستنی گەل لە سەربازگەیەكی شارۆچكەی عەین عیسای سەر بەپاریزگای رەققە لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە راهێنانیان پێكراوە.

هەروەها سەرچاوەكە رایگەیاندووە، ڕاهێنانەكان خۆیان لە هاتوچۆكردن لە پردی گواستراوە و پەڕینەوە لە رووبارەكاندەبینێتەوە، كە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هەسەدە دەیانەوێت پشتگیری هۆزەكانی ناوچەكە بۆ پرۆسەیەكی لەو جۆرە بەدەست بهێنن .

هەر لەو چوارچێوەیەدا باس لەوە دەكرێت، كە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كۆمەڵێك كۆبوونەوەیان لەگەڵ كەسە دیارەكانی هۆزەكانی ناوچەی دێرەزووری رۆژهەڵات كردووە ، بەڵام سەرچاوەكە ناوی ئەو گرووپە ئیرانیانەی نەهێناوە كە واشنتۆن پلانی هێرشكردنە سەریانی داناوە.

لەدوای دەركردنی داعش و لەساڵی ٢٠١٨ وە ، رۆژهەڵاتی سوریا بەكرداری بۆ دوو ناوچە دابەش بووە ، بەجۆرێك هێزەكانی حكوومەتی سوریا دەستیان بەسەر بەشی رۆژئاوای رووباری فوراتدا گرتووە ، بەڵام ناوچەكانی رۆژهەڵاتی رووبارەكە لەژیر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری كورددایە كە واشنتۆن پشتیوانیان دەكات.

هەرچی ئێرانە ئەوە لەگەڵ روسیا  گەورەترین پشتیوان و هاوكاری حكوومەتی دیمەشق بوون لە هێرشەكانیان بۆسەر داعش و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەكانی تر ، بەڵام واشنتۆن و ئیسرائیل داوا لە حكوومەتی ئێران دەكەن كە هێزەكانی و گرووپە چەكدارییەكانی سەر بە خۆی لە سوریا بەرێتە دەرەوە وەك ئاماژەیەك بە "حزبوڵلای لوبنانی " و چەندین گرووپی چەكداری تر ، لەكاتێكدا تاران دەڵێت كە ئەو تەنیا ڕاوێژكاری سەربازی لە سوریا هەیە .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی