شارپرێس:
كۆڕی كوردانی دانیشتووی فەڕەنسا لە راگەیەندراوێكدا شەرمەزاری هێرشی سوپای پاسداران و چەكدارە كوردەكان لە مەهاباد دەكات كە بووە هۆی شەهیدبوونی پێنج پێشمەرگە و چوار گەریلا و هاووڵاتییەكی سڤیل.
لەبەشێكی راگەیەندراوەكەدا كۆڕی كوردانی نیشتەجێی فەڕەنسا رایگەیاندووە "لە پاش بزووتنەوە دیموكراسیخوازییەكەی كوردستان لە دەسپێكی كۆماری ئیسلامی ئێران و بەرهەڵستكارییەكان بەرامبەر بە دامەزراوە سەرە ڕۆییەكانی حكومەتی كاتی لە تاران، جگە لە داسەپاندنی شەڕی سێ مانگە بە پانایی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و شەڕی ناو شاری سنە، ئەجیندایەكی سیاسی داڕێژراو بۆ پاكتاوكردن و تواندنەوەی نەتەوەی كورد لە كوردستان دەستی پێكرد. سیاسەتی دووبەرەكی نانەوە لە ناو شارەكانی سنە و مەهاباد بەڕێوە چوو".
هەروەها دەڵێت "لەم ڕۆژانەی دواییدا، گەنجێك لە بنەماڵەیەكی نیشتمانپەروەری شاری مەهاباد، هەر لەبەر ئەوە كە جل و بەرگی كوردیی بەدڵی خۆی هەڵبژاردووە دەكەوێتە بەر پەلاماری چەند كەس و گیانی پاكی بەخت كرد".
كۆڕی كوردانی نیشتەجێی فەڕەنسا بەئاماژەدان بەشەهیدبوونی پێنج پێشمەرگەی حیزبی دیموكرات و چوار گەریلای پەژاك رایدەگەیەنێت، "دەست درێژییەكانی گرووپە چەكدارەكانی كورد بۆ سەر ژیانی خەڵك لە شاری مەهاباد، هەروەها پەلامارەكانی سوپای پاسداران بە هاوكاری چەكدارانی كورد بۆ سەر پێشمەرگەو گریلاكان بە توندی شەرمەزار دەكات".
