شارپرێس:
گۆڤارێكى ئهمریكى لەڕاپۆرتێکدا ئاشكرایدهكات، توندکردنەوەی ڕێوشوێنەکانی ئەمریکا لەسەر دۆلار، نەک هەر جوڵەی دارایی لەعێراق ڕانەگرتوە، بەڵکو ئاڕاستەکەی بەرەو کەرتی خانوبەرەو پڕۆژەکانی بیناسازیی گۆڕیوە، ڕاپۆرتەکە کە ناوی بانکی ئیسلامیی ئیلافو کۆمپانیایەکی گەشەپێدانی خانوبەرەی هاوناونیشانی هێناوە، دەڵێت، "تێکەڵبونی چالاکییە بانکیو بازرگانییەکان لەژێر چەتری لایەنە سیاسییە خاوەن هەژمونەکاندا، ژینگەیەک دروستدەکات کە ڕەنگە خۆدزینەوە لەسزاکانی دۆلارو سپیكردنهوهى پارە ئاسان بکات".
ڕاپۆرتەکە کە لەژێر ناونیشانی (سپیكردنهوهى پارە لەڕێگەی کۆنکرێتەوە لەعێراق) بڵاوکراوەتەوە، تیشکدەخاتەسەر ئەوەی کە واشنتۆن هەمیشە بێبەشکردنی وڵاتان یان دامەزراوەکان لەسیستمی جیهانیی دۆلاری وەک ئامرازێکی سەرەکیی گوشار بەکارهێناوە، بەڵام بهگوێرهى ڕاپۆرتهكه، ئەم لۆژیکە لەعێراقدا ڕوبەڕوی سیستمێک بوەتەوە کە توانای خۆگونجاندنی هەیە؛ بەشێوەیەک کاتێک گواستنەوەی پارە لەڕێگەی بانکەکانەوە ئەستەم دەبێت، ئاڕاستەی پارەکان بەرەو زەوی، عەقاراتی بازرگانیو پڕۆژەکانی بیناسازیی دەگۆڕدرێت.
ڕاپۆرتەکە وەک نمونەیەکی بەڵگەنامەیی ئاماژە بەناونیشانێکی دیاریکراو دەکات لەناوچەی کەڕادەی بەغدا (ناوچەی 902، شەقامی 2، باڵەخانەی 4)، کە بهگوێرهى تۆمارە گشتییەکان، هاوکات هەم بارەگای "بانکی ئیسلامیی ئیلاف"ەو هەمیش بارەگای کۆمپانیای "نەبەل سەلمان"ە بۆ پەرەپێدانی خانوبەرە، جەختیشكراوهتهوه، هاوبەشیی ناونیشان لەدۆخی ئاساییدا بەڵگەی سەرپێچی نییە، بەڵام کاتێک چالاکیی بانکی، بەڵێندەرایەتیو گەشەپێدانی خانوبەرە لەگەڵ لایەنە خاوەن دەسەڵاتە سیاسییەکان لەناو یەک سیستمدا یەکدەگرن، پرسیار لەسەر سروشتی ئەو پەیوەندییە دروستدەکات.
ڕاپۆرتەکە پشتڕاستیدەکاتەوە، بەشێکی زۆری زانیارییەکانی لەڕێگەی چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنیی عێراق، سەرچاوەکانی حکومەتو چالاکوانانی کەرتی داراییەوە بەدەستهێناوە.
لەکۆتاییدا ڕاپۆرتەکە هاتوه، "ئەم دۆخە لەعێراقدا چیدی تەنها گریمانەیەکی تیۆری نییە؛ چونکە ئەم تۆڕانە لەناو ژینگەیەکدا کاردەکەن کە تێیدا پەیوەندییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی نزیک لەئێران، گروپە چەکدارەکان، وەزارەتەکان، بانکەکانو کۆمپانیاکانی بەڵێندەرایەتی تێکەڵبون، هەر ئەمەش وایکردوە توندکردنەوەی چاودێریی سەر حەواڵە بانکییەکان، تەنها ببێتە هۆی گۆڕینی ڕەفتاری داراییو ڕاکێشانی چالاکییەکان بەرەو بازرگانیکردن بەعەقاراتەوە".
