جاشایەتیی مۆدێرن: وەختێک ڕقی حزبی‌و شەخسی دەبێتە خەنجەرێک لەپشتی نیشتمان

توێژینەوە و شیکاریی

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 327 جار خوێندراوه‌ته‌وه

سیروان عوبەید

مێژوی سیاسی گەلان هەمیشە پڕ بووە لەهاوکێشەی ئاڵۆز، بەڵام هیچ دیاردەیەک هێندەی تێکچوونی چەمکی نیشتمانپەروەری لە کاتی قەیراندا مەترسیدار نییە. فەیلەسوفی ناودار، باروخ سپینۆزا، لە شیکردنەوەی دەروونناسی جەماوەردا ئاماژە بەوە دەکات کە "ترس و ڕق" مرۆڤەکان کوێر دەکەن، بە جۆرێک کە ئامادەن بۆ ڕزگاربوون لە بارودۆخێکی ناخۆش، خۆیان بخەنە ناو باوەشی کارەساتێکی گەورەترەوە.

لەچەند ساڵی ڕابردوودا ئەمڕۆش، لە گۆڕەپانی سیاسی کوردیدا، ڕووبەڕووی ئەم تاقیکردنەوە نیشتمانی، ئەخلاقی و فیکرییە قورسە دەبینەوە. بەداخەوە قەیرانە گەورەکە لەو خاڵەوە دەست پێناکات کە دەسەڵاتی سیاسی یان حزبی تووشی گەندەڵی، تاکڕەوی و خراپ بەکارهێنانی پێگە دەبێت؛ ئەمە نەخۆشییەکە کە مێژووی مرۆڤایەتی پڕیەتی لە نموونەی هاوشێوە. بەڵکو کارەساتە ڕاستەقینەکە لە دەستپێکی جاشایەتی سەردەم ەوە سەرهەڵدەدات؛ کاتێک هەندێک کارەکتەری سیاسی و بەناو نوێنەری کورد دەبینی، لەبەر ڕق و کینەی قووڵیان بەرامبەر بە هێزە باڵادەستەکانی وەک یەکێتی و پارتی، یان بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، سنووری نێوان ڕەخنە لە دەسەڵات و وێرانکردنی نیشتمانیان، ون کردوە، کە من ناوی دەنێم جاشایەتی سەردەم کە تێیدا پۆپۆلیزم بووەتە ماسکی خیانەت.

لە سەدەی ڕابردوودا، لەکوردەواری چەمکی "جاشایەتی" پێویستی بە ناسنامەیەکی دیار هەبوو؛ چەک هەڵگرتن بۆ داگیرکەر دژی شۆڕشی گەلەکەی خۆت. بەڵام لەسەردەمی مۆدێرندا، لە باشووری کوردستان و بەدیڵریکروی لە2003وه‌ ئەم دیاردەیە پەرەی سەندووە و بەرگێکی فیکری و پۆپۆلیستی پۆشیوە. لەئێستادا جاشی سەردەم ئیتر پێویستی بە فیشەک و چەک نییە، بەڵکو پێویستی بە شاشەیەک و مایکرۆفۆنێک هەیە بۆ ئەوەی گەندەڵی و کەمکوڕییەکانی ناوخۆ بکاتە پاساوێک بۆ ڕادەستکردنی قەوارەی نیشتمانی بە بەغدا و نەیارە دەرەکییەکانی کورد و کوردستان.

بە بۆچووی من لەژێر هەرپاساوێکدابێت، نوێنەر یان سیاسییەک کە لە پەرلەمان یان ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا، لەژێر ناوی بەرگریکردن لە مافی خەڵک"، داوای بڕینی بودجەی هاووڵاتیان یان دژایەتی و لاوازکردنی قەوارەی هەرێم دەکات، نموونەی زیندووی ئەم گەمژەیی و بێڕەوشتییە سیاسییەیە. کە بێگومان ئەمە وردە ڕەخنەیەک نییە لە پێکهاتەی حوکمرانی، بەڵکو بەکارهێنانی ئازاری خەڵکە بۆ یەکلاکردنەوەی ڕقی تایبەتی. تۆم بیلد، سیاسەتمەداری هۆڵەندی دەڵێت: "ئەگەر بۆ ڕوخاندنی خانووێک کە مشکی تێدایە، هەموو گەڕەکەکە بسووتێنیت، تۆ دژی مشکەکان نیت، تۆ دژی ژیانی خۆتی"، ڕێک بە وردی باسی ئەم جۆرە تێڕوانین و ئەدا و کاری هەندێک بەناو نوێنەری کورد لەبەغدا دەکات.

تەواوکردن و دەوڵەمەندکردنی ئەو ڕێباز و ڕێچکە خراپەش بەداخەوە ساویلکەیی خەڵکە، کاتێک دڵپڕەکان دەبنە سووتەمەنی پۆپۆلیزم.

لەم هاوکێشەیەدا، تراژیدیاکە قووڵتر دەبێتەوە کە شەقامێکی دڵپڕ، ماندوو و سزادراو بەدەست گەندەڵی پێکهاتەی حزبییەوە، دەبێتە کڕیاری ئەم گوتارە پۆپۆلیستییە. مرۆڤی ساویلکە کاتێک لەژێر فشاری بژێویدا دەبێت، ئامادەیی هەیە باوەڕ بە هەر دەنگێک بکات کە هاواری تووڕەیی ئەو دووبارە دەکاتەوە، بێ ئەوەی درک بەوە بکات کە ئەم هاوارە بۆ ڕزگارکردنی ئەو نییە، بەڵکو بۆ فرۆشتنی دواین پەناگەی نیشتمانەکەیەتی.

مێژوو پڕە لەم جۆرە شکستە دەروونییانە. لە کاتی ڕوخانی ئیمپراتۆریەتی بیزەنتیندا، بەشێک لە هاووڵاتیانی قوستەنتینیە لەبەر کینەیان بەرامبەر بە بنەماڵەی پاشایەتی و گەندەڵی کەنیسەکانی ئەوسا، دەروازەکانی شاریان بۆ سوپای نەیار کردەوە؛ ئەوان پێیان وابوو بەم کارە تۆڵە لە پاشا دەکەنەوە، بەڵام کاتێک شارەکە کەوت، چەمکی نیشتمان و سەربەخۆیی خۆیان بۆ هەمیشە لەدەستدا و گەندەڵی و ستەمکارییەکەش بە جۆرێکی تر بەردەوام بوو.

ئەم دیاردەیە لەگەندەڵی دەسەڵات و حزب مەترسیدارترە؟
ڕەنگە بپرسن: بۆچی خیانەتی ئەم پۆپۆلیستانە لە گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی حیزبی مەترسیدارترە؟ من وەڵامەکە لە دوو خاڵی جەوهەریدا کورت دەکەمەوە:
 1. حکومەت و حزب دەگۆڕێن، بەڵام قەوارە ناگەرێتەوە. بەڵێ، گەندەڵی کارگێڕی، دزینی سامان و قۆرخکاریی حیزبی و بنەماڵەیی، نەخۆشیین، بەڵام دەکرێت لە ڕێگەی چاکسازی، فشاری مەدەنی یان گۆڕانکاریی سیاسییەوە چارەسەر بکرێن. بەڵام کاتێک قەوارە و ناسنامەی نیشتمانی لەناودەچێت، ئیتر هیچ زەمینەیەک نامێنێت بۆ ئەوەی چاکسازی تێدا بکرێت. وەک چۆن دەکرێت مرۆڤێکی نەخۆش چارەسەر بکرێت، بەڵام ئایا ئەگەر جەستەکەی لەناوچوو، ئیتر باسی تەندروستییەکەی بێمانا نابێت؟

 2. شەرعیەتدان بە داگیرکاری..
کاتێک گەندەڵی لە ناوخۆدا دەکرێت، هێشتا وەک تاوان دەبینرێت و کۆدەنگی لەسەر ناشرینبوونی هەیە. بەڵام جاشایەتی سەردەم هەوڵ دەدات تەسلیمبوون و ژێردەستەیی وەک ڕزگاری و دەستکەوت بە خەڵک بفرۆشێتەوە. ئەمەش هۆشیاریی نەتەوەیی بە تەواوی ژەهراوی دەکات.

لێرەدا مەبەستمە بڵێم.. نیشتمان، هەرێمی کوردستان، موڵکی هیچ بنەماڵە، حزب یان کارەکتەرێکی سیاسی نییە؛ بەڵکو بۆ هەرکوردێک قەوارەیەکی مێژوویی و ئەخلاقییە کە بە خوێنی نەوەکان دروستبووە. بەڵێ، خەبات دژی گەندەڵی و نادادپەروەری، ئەرکێکی نیشتمانی پیرۆزە، بە مەرجێک چەکەکەت بەرەو ناو دڵی نیشتمانی خۆی ئاراستە نەکرێت. ئەوانەی لە ڕقی باخەوانەکە، ئاگر لە تەواوی باخچەکە بەردەدەن، ناویان ڕەخنەگر نییە؛ دڵسۆزی گەل و نیشتمان نین، نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان نین، بەڵکو ئەوانە جاشەکانی سەردەمن کە مێژوو بە هەمان شوورەیی ڕابردووەوە ناویان تۆمار دەکات.

بەپەلە