موقته‌دا سه‌در: خۆشەویستی حوسێن-یش لەگەڵ گەندەڵکاراندا کۆمان ناکاتەوە

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1034 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، داوای هەڵمەتێک ده‌كات بۆ پشتگیریکردنی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران لەپێناو دژایەتیکردنی گەندەڵی، ده‌شڵێت، "هەڵمەتەکە زۆر کەسی ترساندوە، بۆیه‌ ئێمه‌ش جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه‌، "خۆشەویستی حوسێن-یش لەگەڵ گەندەڵکاراندا کۆمان ناکاتەوە".


سەدر لەپه‌یامێكدا ڕایگەیاند، "ئێمە هەمیشە داواکاری چاکسازیی بوین‌و ئێستاش بەردەوامین، تەنانەت خۆشەویستی حوسێن-یش لەگەڵ گەندەڵکاراندا کۆمان ناکاتەوە".

سەدر ئەوانەی بە"گەندەڵکاران" ناوی بردن، بەبەرپرسیاری تەواوی ژیانی چاکسازیخوازان‌و زەیدی‌و "هەموو ئەو چاکسازیخوازانە" دانا کە هەڵدەستن بۆ گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ نیشتمان.

ئاماژەی بەپێویستی پشتگیریکردنی هەڵمەتی نوێی چاکسازیی کرد کە "ڕوناکییەکەی لەعێراقدا دەستیپێکردوە".

موقتەدا سەدر داوا لەخەڵک‌و لایەنگرانی دەکات بڕژێنەسەر شەقامەکان بەشێوازێکی هێمن‌و دور لەتوندوتیژیی، بۆ ئەوەی پشتیوانیی لەزه‌یدیى بکەن، چونکە وه‌كو وتویه‌تى، "ئەو سەرۆک وەزیرانە هەڵمەتێکی گەورەی دەستپێکردوە بۆ دەستگیرکردنی گەندەڵکاران‌و ئێستاش گەندەڵکارەکان ترساون‌و دەیانەوێت فشار بخەنەسەری بۆ ئەوەی لێپێچینەوەکانی ڕابگرێت، ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێت بەم خۆپیشاندانە پشتگیرییە، هێزو ورە بده‌ین بەسەرۆک وەزیران، تاوه‌كو تەسلیمی فشارەکان نەبێت‌و بەردەوامبێت".