هەرێمی کوردستان تەنها
گیرۆدەی قەیرانەکانی موچە، پێکنەهێنانی حکومەت، پەککەوتنی پەرلەمان و ناکۆکیی
حیزبەکان نییە، بەڵکو قەیرانی قووڵتر ئەوەیە کە هێزە باڵادەستەکان و زۆرێک لە
بەرپرسان، هەست بە گەورەیی مەترسییەکە ناکەن، یان خۆیان لە هەستکردن پێی دەدزنەوە.
لە هەرێمێکدا دەژین کە
هێشتا دەستووری نییە، ئەمە هەڵە و تاوانی خۆمانە، نەک تاوانی کەسێکی دەرەوە. بە
ناو پەرلەمانمان هەیە، بەڵام بێدەنگ و کردار، حکومەتمان کاربەڕێکەرە و ناتوانێت بە
متمانەیەکی نوێ و بەرنامەیەکی نوێوە داهاتوو بەڕێوە ببات. دەسەڵاتی دادوەری بەبێ
نوێکردنەوەی ڕەوایی خۆی ماوەکەی درێژ کردۆتەوە، ژمارەیەک لە دامەزراوە
شەرعییەکانیش ماوەی یاساییان بەسەرچووە.
کەواتە لە ڕووی
دامەزراوەییەوە، لە دۆخێکداین کە زۆرێک لە بناغەکانی حوکمڕانی، یا پەککەوتوون، یان
ڕەواییان لاواز بووە، یان بە چاوەڕوانیی ڕێککەوتنی حیزبی ماونەتەوە. لە دەرەوەی
ژوورە سیاسییەکانیش، قەیرانی دارایی، زانستی، ئەمنی، تەندروستی و کۆمەڵایەتی
بەرۆکی خەڵکی گرتووە.
لە هەموویان خراپتر،
قەیرانی متمانەیە. خەڵک چیتر بە ئاسانی بەڵێن قبوڵ ناکەن، چونکە بەڵێنگەلێکی زۆر
بیستراوە و کرداری کەمی بەدوادا هاتووە. پەردەی نائومێدی بەسەر چاوی کۆمەڵگادا
کێشراوە، گەنجێکی زۆر داهاتووی خۆی لە دەرەوەی ئەم خاکە دەبینێت، نەک لە ناوخۆی.
رۆژ لەدوای ڕۆژ
بارودۆخی ژیانی خەڵک قورستر دەبێت. هەژارەکان هەژارتر دەبن و دەوڵەمەندەکان
دەسەڵات و سامانی زیاتر کۆدەکەنەوە. ئەوەی موچەی مانگانەی لەبەر دەستە، بۆ دەرمان،
کرێی ماڵ و پێداویستیی منداڵەکانی دەژمێرێت، بەڵام ئەوانەی سەرچاوەکانی دەسەڵات و
داراییان بەدەستە، قەیرانەکە وەک ژمارەیەک لە ڕاپۆرت دەبینن، نەک وەک ئازاری
خێزانێک.
موچە تەنها پارە نییە،
کەرامەتی مرۆڤە. لە پشت هەر موچەیەکی دواکەوتوو، دایکێک هەیە کە لەبەردەم
پێداویستیی منداڵەکانی سەری دادەخات، نەخۆشێک هەیە کە چارەسەرەکەی دوا دەخات و
خوێندکارێک هەیە کە خەونەکانی بەهۆی نەبوونی پارەوە بچووک دەکاتەوە.
بەڵام لە کاتی ئەم
هەموو قەیرانەدا، پەرلەمان خامۆشە. ئەو دامەزراوەی دەبوو دەنگی خەڵک، چاودێری
حکومەت و پارێزەری مافی گشتی بێت، بووەتە بارمتەی ڕێککەوتنی حیزبەکان. پەرلەمانتار
موچە و ئیمتیاز وەردەگرێت، بەڵام دەنگی دەنگدەرەکەی لە سایەی بەرژەوەندیی خۆی و
ململانێی حیزبەکەیدا ون بووە. سوێندی یاسایی نابێت لە فەرمانی حیزبی بچووکتر
بێت. پەرلەمانتار ئەگەر نەتوانێت لە بەرامبەر پەکخستنی دامەزراوەکەیدا هەڵوێست وەربگرێت،
نوێنەرایەتیەکی بەتاڵە.
هێزە باڵادەستەکان
بەردەوام باس لە پاراستنی قەوارە دەکەن، بەڵام قەوارە تەنها بە سروود و دروشم
ناپارێزرێت. بەڵکو بە پەرلەمانی کارا، دادگای سەربەخۆ، حکومەتی شەفاف، دەستووری
ڕوون و متمانەی خەڵک دەپارێزرێت.
قەوارەیەک کە دەستووری
نییە، پەرلەمانەکەی کار ناکات، دامەزراوە شەرعییەکانی ماوەیان بەسەرچووە، بە
دروشمی سیاسی بەهێز نابێت. ئەم قەوارەیە ئەگەر لە ناوەوە بێ بناغە بێت، هەرەشەی
دەرەوە زۆر بە ئاسانی دەیڕوخێنێت.
هەرێم ئەمڕۆ تەنها لە
ناوخۆدا لاواز نەبووە، پێگە و پەیوەندییەکانی لە دەرەوەش بەربەستدارتر بوون. دۆست
و هاوپەیمانەکانمان روو لە کەمی دەکەن و ئەوانەی بە لاوازیی هەرێم خۆشحاڵن، زیاتر
دەبن. کاتێک خۆمان دامەزراوەکانمان پەک دەخەین، چاوەڕێی چی لە جیهان بکەین تا بە
نیگەرانییەوە بێن و بۆمانی بیانپارێزن!
ئەگەر ئۆباڵی سەرەکیی
ئەم دۆخە لە ئەستۆی هێزەکانی دەسەڵات بێت، ئۆپۆزیسیۆنیش لە بەرپرسیارێتی بەدەر
نییە. ڕەخنەگرتن ئاسانە، بەڵام پێشکەشکردنی جێگرەوە قورسە. خەڵک چیتر وشەی توند و
تووڕەیی ڕۆژانەیان ناوێت، بەڵکو بەرنامە، کردار و نمونەیەکی پاکیان گەرەکە.
زانکۆکان کە بەرزترین
دامەزراوەی زانستین، لەم هەرێمەدا ئەوانیش لە قەیران بەدەر نین. بڕوانامە زیاد
بووە، بەڵام زانست و داهێنان پێش نەکەوتووە. کاتێک توێژینەوە دەفرۆشرێت، پلەی
زانستی بە پەیوەندی وەردەگیرێت و مامۆستا لەبەردەم ساختەکاریدا بێدەنگ دەبێت، کێشەکە
تەنها کەمبوونی بودجە نییە، داڕمانی ئەخلاقی پیشەییە.
سیستەمی پەروەردە، کە
بڕبڕەی پشتی مانەوە و پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەکە، لەم هەرێمەدا تووشی ئیفلیجێکی
قووڵ بووە. هەر ڕۆژێک دەرگای قوتابخانەیەک داخراو بێت، دەرگایەکیش لەبەردەم
داهاتووی منداڵێک دادەخرێت. منداڵان ناتوانن چاوەڕوانی کۆتایی ناکۆکیی حیزبەکان بن،
تەمەنی فێربوون ناوەستێت و ئەو ڕۆژانەی لە دەستی دەدات، هەرگیز بە تەواوی
ناگەڕێنەوە.
بەشێک لە دادگاکان
لەلایەن هاولاتیانەوە لە ژێر پرسیاردان، پێویستە خەڵک دڵنیا بن کە یاسا لە حیزب و
خاوەن دەسەڵات بەهێزترە. دادپەروەری تەنها ئەوە نییە بڕیارێکی دروست بدرێت، ئەوەشە
کە خەڵک باوەڕ بکەن بڕیارەکە بەبێ فشار و دەستێوەردان دراوە. یاسا ئەگەر بۆ لاواز
توند و بۆ بەهێز نەرم بێت، چیتر یاسا نییە.
بازرگانی سیستەمی
تەندروستیی رەتاندووە، لە نەخۆشخانەدا مرۆڤ نابێت تەنها بە چاوی کڕیار ببینرێت. پیشەی
پزیشکی پێش ئەوەی بازرگانی بێت، پەیمانێکی مرۆڤایەتییە. زۆرینەی میدیاکانمان لە
پیشەیی بوون دەرچوونە، ئەو کەناڵانەی تەنها لە بەرامبەر ڕکابەری خاوەنەکانیاندا
توندن و لەبەردەم هەڵەی خاوەنەکەیان بێدەنگن، چاودێر نین، بەشێکن لە شەڕی دەسەڵات.
لە بەرامبەر ئەم هەموو
داڕمانانەدا، بێدەنگیی ڕۆشنبیران بێلایەنی نییە. دادوەر، مامۆستا، پزیشک،
ڕۆژنامەنووس و فەرمانبەری گشتی دەبێت ئەخلاقی پیشەیی لە فشاری حیزبی و بەرژەوەندیی
کەسی گەورەتر بزانن.
ئێمە پێویستمان بە
دروشمێکی نوێ نییە، پێویستمان بە دەوڵەتدارییەکی ڕاستەقینە هەیە. دەستوورێک کە
سنوور و دەسەڵاتەکان دیاری بکات، پەرلەمانێک کە یاسا دابنێت و لێپرسینەوە لەگەڵ حکومەت
بکات، حکومەتێک کە داهات و خەرجییەکانی ئاشکرا بێت، دادگایەک کە بۆ هەمووان یەکسان
بێت و دامەزراوەیەک کە تیایدا شایستەیی لە پەیوەندی بەهێزتر بێت.
بەرپرسان دەبێت دان
بەوەدا بنێن کە تێپەڕ بوونی هەر ڕۆژێکی زیاتر لەم دۆخەدا، زیانێکی نوێ بە قەوارە و
متمانەی خەڵک دەگەیەنێت، دانپێدانان بە هەڵە شکست نییە، بەڵکو سەرەتای ڕزگاربوونە.
پرسیاری سەرەکی
ئەوەیە: ئەگەر نەبوونی دەستوور، پەککەوتنی پەرلەمان، کاربەڕێکەربوونی حکومەت،
لاوازیی ڕەوایی دامەزراوەکان، قەیرانی موچە، زانست، تەندروستی، ئاسایش و متمانە
بەس نین بۆ هەستکردن بە مەترسی، ئیتر چاوەڕێی چیین؟ دەبێ لەوە ماڵوێرانکەر تر بێت،
تا بزانین لە لێواری هەرەسداین؟
هێشتا کاتی گەڕانەوەیە،
بەڵام گەڕانەوە پێویستی بە بوێری هەیە. بوێریی دانپێدانان بە هەڵە، بوێریی کاراکردنەوەی
پەرلەمان، بوێریی جێبەجێکردنی یاسا بەسەر خۆ و نەیاردا و بوێریی دانانی هەرێم لە
سەرووی حیزب و بەرژەوەندیی تاکەکەسی.
هێشتا درەنگ نییە،
دەسەڵاتداری بگۆڕدرێت بۆ دەوڵەتداری و حوکمڕانی بگەڕێتەوە بۆ یاسا، دادپەروەری و
خزمەتکردنی خەڵک. میللەت شتی زۆری ناوێت، نانێکی حەلال، ژیانێکی شایستە، دادگایەکی
سەربەخۆ، پەرلەمانێکی خاوەن شکۆ و بەرپرسێکی خاوەن ویژدان.
هەموو هێزە سیاسییەکان
بەبێ جیاوازی بەشێکن لە بێهیوابوون و پەرتەوازەبوونی کۆمەڵگا، بۆیە دانپێدانان بە
هەڵە و گەڕانەوە نەنگی نییە، بەڵکو بوێرییە. پێویستە دادگا سەروەر بێت، حیزب ببێتە
ئامرازی خزمەت، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان نیشتمانی بن و زانست، پەروەردە، تەندروستی
و فەرهەنگ لە بازرگانی و پەیوەندی پاک بکرێنەوە.
خەڵک چیتر دروشمی
ناوێت، کردار دەوێت. هەڵبژاردن لەنێوان دوو ڕێگادایە: بەردەوامبوون لە ڕێگای
ڕسوایی و هەرەس، یان گەڕانەوە بۆ سەربەرزی، متمانە و خزمەتکردنی نیشتمان. چونکە ئەگەر ئەمڕۆ نەوەستین، سبەی لەوانەیە تەنها لەسەر
وێرانەکانی متمانەیەکی مردوو، داوای گەڕانەوە بکەین. ئەو کاتەش درەنگە و داری خۆزگەش بەری نابێت!
د.سەروەر عەبدولڕەحمان