سامانی ترەمپ بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد ده‌كات

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1092 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕاپۆرتی ئاشکراکردنی دارایی ناچاریی دۆناڵد ترەمپ بۆ ساڵی 2025، بازدانێکی گەورە لەسەروەت‌و سامانەکەیدا نیشاندەدات، بەوپێیەی یه‌ك ملیار دۆلاری لەچالاکییە بازرگانییەکاندا بەدەستهێناوەو پشکی شێریش بۆ وەبەرهێنان لەدراوە دیجیتاڵییەکان دەگەڕێتەوە.


به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتێكى 927 لاپەڕەیی، ترەمپ 635 ملیۆن دۆلاری لەدراوی "تره‌مپ میم کۆین" بەدەستهێناوە، ئەمەش سەرەڕای دابەزینی بەهای دراوەکە بۆ نێوان 1.65و 1.74 دۆلار دوای ئەوەی لەسەرەتای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی گەیشتبوە 75 دۆلار.

هەروەها بڕی 500 ملیۆن دۆلاری لەکۆمپانیای "وۆرڵد لیبێرتی فاینانشڵ" بەدەستهێناوە، بەمەش داهاتی کرپتۆ کەرتی خانوبەرەی پێشخستوە.

لەکەرتی وەرزش‌و گەشتوگوزاردا، ئەو 77 ملیۆن دۆلاری لەیانەی مارالاگۆ، 122 ملیۆن دۆلاری لەیانەی گۆڵفی دۆراڵ‌و 30 ملیۆن دۆلاری لەیانەکانی دیكه‌ى گۆڵف بەدەستهێناوە. جگەلەوەش، 4.7 ملیۆن دۆلاری وەک مافی خاوەندارێتیی لەفرۆشتنی کاتژمێر، ئینجیل، پێڵاوی وەرزشی‌و عەتر کۆکردوه‌تەوە.

هاوژینەکەی، میلانیا ترەمپ، 10.7 ملیۆن دۆلاری لەڕێککەوتنی بەرهەمهێنانی فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری لەگەڵ ئەمازۆن بەدەستهێناوە.

ترەمپ 86.5 ملیۆن دۆلاریشی لەڕێککەوتنە یاساییەکان لەگەڵ تۆڕەکانی ABC، CBS، مێتا، یوتیوب‌و ئێکس وەرگرتوە.

به‌گوێره‌ى گۆڤاری فۆربس، سەروەتی ترەمپ بۆ شه‌ش ملیار دۆلار بەرزبوه‌تەوە (لەکاتێکدا لەساڵی 2024دا 2.3 ملیار دۆلار بوو)، بەڵام بلومبێرگ سامانەکەی بە7.6 ملیار دۆلار دەخەمڵێنێت.

ئەم ڕاپۆرتە زۆر لەڕاپۆرتەکانی سەرۆکەکانی پێشوو گەورەترە، چونکە دوا ڕاپۆرتی جۆ بایدن تەنها 11 لاپەڕە بوو.