شارپرێس:
دوای قۆناغێک لەچەقبەستوییو گرژیی سیاسیی بەهۆی
دۆسیەکانی گەندەڵییەوە، پەرلەمانی عێراق خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی خولی نوێی یاسادانان
ئامادە دەکات، بهگوێرهى زانیارییەکان، ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە سەرۆکایەتی پهرلهمان
کۆبونەوەیەکی گرنگو یەکلاکەرەوەی لەگەڵ سەرۆکو نوێنەری کوتلە سیاسییەکان ئەنجامداوه
بۆ تاووتوێکردنی نەخشەڕێگهی وەرزی نوێی یاسادانان.
سەرچاوەیەک لهپهرلهمانى عێراقهوه بهشارپرێسى
وت، "لەو کۆبونەوەیەدا باس لەچەندین یاسای "گرنگو هەستیار" کراوە
کە ماوەیەکی درێژە پەکخراونو ڕێککەوتن کراوە لەسەر چۆنیەتی خستنەدەنگدانیان لەدانیشتنەکانی
داهاتودا، بڕیاریشدراوە کات بدرێتە سەرۆک وەزیران بۆ ڕەوانەکردنی ناوی کاندیدەکان
بۆ ئەو وەزارەتانەی کە تائێستا بەبەتاڵی ماونەتەوە".
سهرچاوهكه جهختیكردهوه، "خاڵە سەرەکییەکانی
ڕێککەوتنی پەرلەمانو کوتلە سیاسییەکان بریتین لهدیاریکردنی کاتی دانیشتنی یەکەم،
بۆ ئهوهش لایەنەکان ڕێککەوتون کە یەکەم دانیشتنی وەرزی نوێی پەرلەمان لەڕۆژانی یەکشەممە
یان دوشەممەی هەفتەی داهاتوو بەڕێوەبچێت".
ئهوهشى وت، "یاسا هەڵپەسێردراوەکان یهكێكى
دیكهیه لهخاڵهكانى ناو كۆبونهوهكان، بۆ ئهوهش کۆبونەوەکە جەختیکردوەتەوە لەسەر
پێویستی خستنە ناو بەرنامەی کاری دانیشتنەکان بۆ ئەو یاسایانەی ڕەهەندی نیشتمانیو
ئابورییان هەیە، لهگهڵ تەواوکردنی کابینەی حکومەت، پەرلەمان مۆڵەتێکی دیاریکراو
دەداتە سەر سەرۆک وەزیران تاوەکو ناوی کاندیدی وەزارەتە بەتاڵەکان بنێرێت، بۆ ئەوەی
لەدانیشتنێکی تایبەتدا دەنگیان لەسەر بدرێتو کابینە وزارییەکە تەواوبکرێت".
چاودێران پێیانوایه، ئەم جوڵە پەرلەمانییە
لەکاتێکدایە، بەغدا لەژێر کاریگەریی شەپۆلی دەستگیرکردنی بەرپرسانی باڵادایە بەتۆمەتی
گەندەڵی (شەپۆلی 28ی حوزەیران)و گەڕانەوەی پەرلەمان بۆ سەر کارەکانی وەک هەوڵێک دەبینرێت
بۆ سەقامگیرکردنی دۆخی سیاسییو یاساییو پاڵپشتیکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت لەم قۆناغەدا.
