شارپرێس:
کۆبونەوەکان لەدەوحەی پایتەختی قەتەر بەردەوامن بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی یاداشتی لێکگەیشتنی نێوان ئەمریکاو ئێران، ستێف ویتکۆفو جارید کۆشنەر نێردراوانی ئەمریکا لەگەڵ ناوبژیوانانی قەتەری کۆبونەتەوە، بەڵام قەتەر دهڵێت، "هیچ دانیشتنێکی ڕاستەوخۆ یان ئاست بەرز لەنێوان وهفدهكانى ئەمریکاو ئێراندا نییە".
ئەو دانیشتنانە لەڕێگەی لایەنی تەکنیکیو ناوبژیوانی قەتەرەوە بەڕێوەدەچن، بابەتە سەرەکییەکان بریتین لەپارە بلۆككراوهكانى ئێران، ئازادی هاتوچۆی کەشتییەکان لەگەروی هورمزو چۆنیەتی جێبەجێکردنی بەندەکانی یاداشتەکە، ئەمەش لەدوای هێرشە هاوبەشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوی نێوانیان دێت کە بوەتە هۆی دروستبونی دۆخێکی ناسەقامگیر.
ماجد ئەنساری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لهوبارهیهوه دهڵێت، "نێردراوانی ئەمریکا گەیشتونەتە دەوحە بۆ وتووێژ لەسەر کێشەکانی ناوچەکەو گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران، ئێستاش تەنها دانیشتنی تەکنیکی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە، پرۆگرامی ناوهکیو لایەنی دارایی بەڕێوەدەچێت".
ههر لهوبارهیهوه ئیسماعیل بهقایى وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتویهتى، وهفدێكى تەکنیکی وڵاتەکەی لەگەڵ لایەنی قەتەری کۆدەبنەوە بۆ بەدواداچونی یاداشتی لێکگەیشتنی واژۆکراو لەگەڵ ئەمریکا، بهڵام هێشتا هیچ پلانێک بۆ دانیشتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکییەکان لەئارادانییە.
ئێران دەیەوێت پرسی ئازادکردنی پارە بلۆككراوهكانى لەگەڵ قەتەر یەکلابکاتەوە، لایەنی قەتەریش ئاماژەی بەوەکردوە، ئەو شهش ملیار دۆلارە هێشتا ڕەوانەی تاران نەکراوە، بەڵکو قەتەر تەنها وەک ناوبژیوانی دارایی بهگوێرهى ڕێککەوتنی ساڵی 2023 سەرپەرشتیدەکات تا تەنها بۆ کڕینی پێداویستی مرۆیی بەکاربێت.
بهبڕواى چاودێران، ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە دوای ئەوەدێن، تاران هێرشیکردەسەر کەشتییە بازرگانییەکان لەگەروی هورمزو واشنتۆنیش بەلێدانی بنکە سەربازییەکانی ناو ئێران وەڵامیدایەوە، هەروەها ئێران هێرشیکردوەتەسەر چەند شوێنێک لەکوهیتو بەحرەین، یاداشتی لێکگەیشتنی نێوانیان لە 17ی حوزەیرانی ڕابردوو بەناوبژیوانی پاکستانو قەتەر بۆ ماوەی 60 ڕۆژ واژۆکرا تا هێرشەکان ڕابگیرێنو وتووێژ دەستپێبکات.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا-ش لهوبارهیهوه وتویهتى، "ئەنجامی ئەو کۆبونەوانە بەستراوەتەوە بەوەی کە وتووێژەکان بەکوێدەگەن"، لهبهرامبهر ئهمهشدا ئێران پێداگریی دەکات کە پاراستنی گەروی هورمز لەئەستۆی خۆیەتیو پێشنیازی فەرەنسا بۆ بەشداریی نێودەوڵەتی لەلادانی بۆمبە دەریاییەکان ڕەتدەکاتەوە.
سەرەڕای گەڕانەوەی لهسهرخۆى کەشتییە نەوتییەکان بۆ ناوچەکە، ڕێکخراوی ئۆنکتادی سەر بەنەتەوەیەکگرتوەکان هۆشداریدەدات کە بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنیو گواستنەوە کاریگەری خراپی لەسەر نرخی خۆراکو وڵاتە هەژارەکان دەبێت، هەروەها کۆمپانیای شێڵ ڕایگەیاندوە، ئەم پشێوییانە گەشەی بازرگانی غازی سروشتی سست دەکات، چونکە لە20%ى دابینکردنی جیهانی کەوتوەتە ژێر کاریگەریى ئهو دۆخهوه.
بەدر عەبدولعاتی وەزیری دەرەوەی میسر لەگەڵ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی سەرۆک وەزیرانو وەزیری دەرەوەی قەتەر جەختیان لەگرنگی بونیادنان لەسەر ئەم یاداشتە کردوەتەوە بۆ چەسپاندنی ئاسایشی ناوچەکە، ههروهها وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین، لەگەڵ هاوتای سعودیی خۆی ڕایگەیاندوه، وتووێژ باشترە لەشەڕو وڵاتەکەشی ئامادەیە پشتگیریی سەقامگیریی بکات.
ههر لهوبارهیهوه وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاندوه، ڕاگرتنی هێرشە هاوبەشەکان دەرفەتێکی دیپلۆماسی باشە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک کە ئازادی کەشتیوانیو پرسی ئهتۆمى ئێران چارەسەربکات.
