شارپرێس:
حکومەتی عێراق هێڵێکی سوری نوێ بۆ کۆتاییهێنان بەدیاردەی چەکداریی دەرەوەی یاسا دەکێشێت؛ دوای دیاریکردنی 30ى ئەیلولی داهاتوو وەک دواین مۆڵەت بۆ ڕادەستکردنی چەکە نایاساییەکان، بەغدا ڕوبەڕوی دابەشبونێکی قورسی هێزە نافەرمییەکان بوەتەوە، ئەم بڕیارە توندەی زەیدیی کە هاوکاتە لەگەڵ ههڵمهتێكى فراوان دژی گەندەڵکارانی باڵاو ئامادەکاریی بۆ سەردانی واشنتۆن، پێگەی دەوڵەت دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژویی بۆ سەپاندنی سەروەریی یاسا لەوڵاتەکەدا، وتهبێژى حكومهتیش دهڵێت، "سهرجهم گروپه چهكدارهكان لهدوا واده ئاگاداركراونهتهوه".
بهگوێرهى زانیارییهكان، حکومەتی عێراق ڕۆژى 30ی ئەیلولی 2026ى وهك دواین مۆڵەت بۆ ڕادەستکردنی سهرجهم ئەو چەکانەی کە لەدەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدان دیاریكردوه، حكومهتیش جهختدهكاتهوه، ئەم بڕیارە بەئامانجی کۆتاییهاتنه بەدیاردهى چهكداریىو سەروەریی یاسا، کە هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزە نێودەوڵەتییەکانی هاوپەیمانان بۆ شەڕی دژی داعش لەوڵاتەکەدا.
حەیدەر عەبودی وتەبێژی حکومەتى عێراق دهڵێت، "سەرجەم گروپه چەکدارەکان لەو وادەیە ئاگادارکراونەتەوەو پێشیانڕاگهیهنراوه، هەر چەکێک دوای ئەم وادهیه لەدەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت بمێنێتەوە، وەک چەکێکی نایاسایی تەماشا دەکرێتو ڕێکاری یاسایی لەدژ دەگیرێتەبەر، ئەم بڕیارەش لەکاتێکدادێت کە ئامادەکاریی بۆ سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی عەلی زەیدیی بۆ واشنتۆن لەمانگی تەمموزی داهاتوودا دەکرێت کە تێیدا دۆسیەی کۆمەڵە چەکدارەکان لەپێشەنگی گفتوگۆکان دەبێت".
هاوشانی دۆسیەی چەک، حکومەت پێداگریی لەسەر بەردەوامیی کەمپینو ههڵمهتى فراوانى دژە گەندەڵی دەکاتەوەو ڕایگەیاندوە، هیچ لێخۆشبونێک بۆ کەس نییەو کەمپینەکە لێسەندنەوەی پارێزبەندی لەبەرپرسانو ڕاوەدونانی تۆمەتباران لەناوخۆو دەرەوەی وڵات دەگرێتەوە.
زەیدیی لهوبارهیهوه وتویهتى، حکومەتەکەی بەرەو قۆناغێکی نوێ هەنگاو دەنێت کە لەسەر بنەمای قۆرخکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتو کۆتاییهێنان بەسیستەمی گەندەڵی بونیادنراوەو سازدانی کۆنگرەیەکی نیشتمانیی بۆ سەروەری لەکۆتایی ساڵدا ڕاگەیاند.
چاودێران پێیانوایه، ئەم ڕێڕەوە پاڵپشتیی لایەنە سیاسییەکانی بەدەستهێناوە؛ بەجۆرێک چوارچێوەی هەماهەنگی دەسەڵاتی تەواوی بەسەرۆک وەزیرانداوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانو جیاکردنەوەی دەستەی حەشدی شەعبی لەکایە سیاسییو حزبییەکان، هەروەها ڕەوتی نیشتمانى شیعه-ش بەسەرۆکایەتیی موقتەدا سەدر پێشتر بڕینی پهیوەندیی فەرمیی هێزەکانی سەرایای سەلامی لەڕەوتەکەو تێکەڵکردنیانی بەدامەزراوەکانی دەوڵەت ڕاگەیاندبوو.
سەرهڕای ئەم هەنگاوانە، جێبەجێکردنی بڕیارەکە ڕوبەڕوی دابەشبونی توند دەبێتەوە لەنێوان کۆمەڵە چەکدارەکاندا؛ هێزەکانی وەک سەرایای سەلام، عەسائیبی ئەهلی حەقو کەتائیبی ئیمام عەلی، نەرمی پێشاندەدەن بۆ ڕادەستکردنی بەڕێوەبردنی هەندێک لەهێزەکانیان بەحکومەت، لەبەرامبەردا، هێزە توندڕەوەکانی وەک کەتائیبی حزبوڵڵا، بزوتنەوەی نوجەباو کەتائیبی سەیدولشوهەدا، ڕادەستکردنی چەکەکانیان ڕەتدەکەنەوەو جەخت لەمانەوەی "چەکی بەرگریی" دەکەنەوە بەهۆی بەردەوامیی هەڕەشە دەرەکییەکان.
سەرکردایەتییەکانی دیكهى وەک ڕێکخراوی بەدر بەسەرۆکایەتیی هادی عامری، داهاتوی چەکی بەرگریی بەکشانەوەی تەواوو کرداریی هێزەکانی ئەمریکاو کۆتاییهێنانی هێرشە ئاسمانییەکانیانەوە دەبەستنەوە.
کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی ساڵی 2024 بەڕێوەدەچێت کە قۆناغی یەکەمی لەسەرەتای ساڵی 2026 کۆتاییهاتو قۆناغی دوەمیشی تا ئەیلولی 2026 بەردەوامدەبێت بۆ گۆڕینی پهیوەندییەکان بۆ هەماهەنگیی ئەمنیی سنوردار، شارەزایانیش هۆشداریدەدەن، سەرکەوتنی ئەم پلانە بەندە بەداڕشتنی میکانیزمی ڕون بۆ پێکهاتەی نوێی دەستەی حەشدی شەعبیو دیاریکردنی ئەو لایەنەی چەکەکان وەردەگرێتەوە.
